بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەندامی لیژنەی سەربازیی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق له چاوپێكهوتنێكدا باسی لهوهكردوه: "لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە، خەباتمان کردوە بۆ ئامانجێکی بنەڕەتی، ئەویش بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی لەسەر بنەمای بەشداریکردن و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەمو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەبێ جیاوازی و دورخستنەوە، بۆ ئەم ئامانجە هێزەکانمان دامەزران و بەردەوامن لە پابەندبون پێیەوە، ئەوان شەڕی توندمان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەمو دەستدرێژکاران کردوە و قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە".
ئاماژهی بهوهش كرد: هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکهاتەیەکی سەربازی نین، بەڵکو هێزێکە کە ئامانجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕونی هەیە، هەر لە سەرەتاوە خەباتی خۆیان لە دژی پەراوێزخستن و دیکتاتۆرییەت و نادادپەروەری ڕاگەیاند، "ئێمە بەدوای یەکگرتن لە سوپای داهاتوی سووریادا دەگەڕێین و پێمان وایە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بناغەی بنیاتنانی سوپای نیشتمانی نوێن، لە ڕاستیدا سوپایەکی نیشتمانی سووریا بەبێ بەشداری هێزەکانی هەسەدە دروست نابێت، لەم چوارچێوەیەدا ئامادەیی خۆمان بۆ پەیوەست بون بە سوپای نوێ ڕاگەیاندوە و ئەمەش ئامانجی ستراتیژی ئێمەیە".
سیپان حەمۆ باسی لهوهش كردوه: "لهكاتێكدا ئێمە دەمانەوێت بچینە ناو سوپای نوێ، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵدەدەن پرۆسەی یەکگرتن بەپێی دیدگا تەسکەکان لێکبدەنەوە کە بە دیل دەمێننەوە بۆ عەقڵیەتی دەسەڵاتی پێشو، ئەو لایەنانە هەوڵی نەهێشتنی هێزەکانمان دەدەن یان هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداریی خۆیان، کە ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین، چونکە ناکرێت ئەو جۆرە هەوڵانە بە نیشتمانپەروەرانە وەسف بکرێن و ناچنە چوارچێوەی ئامانجە ڕەواکانەوە".
ئهوهشی خستهڕوو، "ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو یەکگرتنەی ئێمە داوای دەکەین، دەبێت ناسنامەی هێزهكانی سووریای دیموكرات بپارێزێت و ڕێز لە خەباتەکەی بگرێت، ئێمە لێرەدا تەنها باسی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناکەین، بەڵکو باسی هەمو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین کە پێویستە بەشداربن لە بنیاتنانی سووریای نوێدا: سوننە، دروز، مەسیحی، کورد، عەلەوی".
پهیوهست بهكۆبونهوهكانی ئهم دواییهی نێوان شاندی دیمهشق و رۆژاڤا، ئهو ئهندامهی دانوستانكاری ههسهده وتی، "لە دیدارەکەی ئەم دواییەی دیمەشقدا کەشێکی ئەرێنی زاڵ بو بە بەشداریی ئێمە، هەروەها بەشداری وەزارەتی بەرگری و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی، بەڵام هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە بەدەست نەهات و دەرئەنجامەکانیش سنووردار بون بە بەڵێنی زارەکی و هیوای گشتی بەبێ ڕێککەوتنی ڕوون و نووسراو، ئێمە جەختمان لەسەر پێویستی وەرگێڕانی کەشوهەوای ئەرێنی کردەوە بۆ هەنگاوی پراکتیکی لەسەر زەوی".
ڕوونیشی كردهوه: "لە میانی دیدارەکەدا باسمان لە میکانیزمەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد بۆ چونە ناو سوپای سووریا، ئێمە بە وردی باسمان لە هۆکار و پاڵنەرەکانی پێکهێنان و خەباتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد و بە ڕونی ڕامانگەیاند کە ئەو هۆکارانەی بونە هۆی دروستبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات تا ئێستاش هەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی یەکگرتن سەرکەوتو بێت، پێویستە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەو مەترسیانەی کە مەترسی لەسەر گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بکەن، چارەسەر بکرێن".
ههروهها باس لهوهدهكات: "لە ڕوانگەی ئێمەوە حکوومەتی کاتی هێشتا ناتوانێت دڵنیایی و ئاسایش لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا بڵاوبکاتەوە، هەنگاوی جددیشی بۆ کەمکردنەوەی ترسەکان نەناوە، لەم دواییانەدا شاهیدی کردەوەی کارەساتبار بوین لەلایەن حکوومەت و هێزەکانییەوە، لەوانەش کوشتنی بەکۆمەڵ کە عەلەوییەکان و دروزەکان دەکەنە ئامانج، ئەمە جگە لە ئاژاوەی ئەمنی بەربڵاو لە سەرتاسەری وڵاتدا، ئێمە چەندین جار جەختمان لەوە کردوەتەوە کە دورخستنەوەی پێکهاتەکانی سووریا و بەتایبەتی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆنفرانسی دیالۆگ و داڕشتنی دەستور و دەرکردنی یاسا و پێکهێنانی حکوومەت، نوێنەرایەتی کێشەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئێمە دەکات".
Your Comment