سەردانێک لە شکۆمەندی خان حەسەن خان ئەردەڵان و چاوپێکەوتنی قەڵاکەی/ موعتەسەم حسەینی

ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەری ۱٤۰٤ی هەتاوی، هەوای نەرم و نەسیم نەواز و هەندێک جار فێنک و دڵتەنگی سەرەتای پاییز، هەستی پڕ حەسرەت و حەزی مێژوویی ئێمەی ورووژاند، بۆیە بڕیاری سەردانێکماندا کە سەردەمێک مەکۆی شانازی و سینگی خۆڕاگری گەلی کورد و خاکی کوردان لە بەرانبەر سوپای داگیرکەری عوسمانی و تەنانەت هێزی ملهوڕ و فەرەخوازی سەفەویشدا، نەخشی خۆی لە ناو مێژووی پڕ شانازی گەڵکەماندا بە جێی هێشتوە، واتە قەڵای خۆڕاگری و خاوەنداری پڕکەرم و گەلخوازی حەسەن ئاوا؛

ئاوا بوو کە لەگەڵ دوو هەڤاڵی دێرین و هاوکاری ئازیز کاک ناسیح مەحموودی (نۆریاوی) و کاک ئیدریس حسەینی تەبار (ئێناخی) بەرەو قەڵای حەسەن ئاوای (سنە) بەڕێکەوتین؛ قەڵاکە لە ۵ک.م ڕۆژئاوای شاری سنەدایە.

لەگەڵ گەیشتن بە سەرەتای ڕێگاکە و وەستانی ئوتومبیلەکەمان، یەکەم نیگای مرۆڤ، بە لەبەرچاوگرتنی جوغرافیای ڕێگاکە و شوێنی قەڵاکە، لە نزمییەوە بۆ بەرزایییەکی دوور ئاراستە دەکرێت، بەجۆرێک لە دیمەنی سەرەتاییەوە تا گەیشتن بە قەڵاکە، بەرزییەکەی ١٩٥٥ مەتر تێپەردەکات و درێژی ڕێگاکە بەردەوام دەبێت...

لەو ڕوانگەی نزمەوە، هەستێک لەگەڵ مرۆڤدا زمان بە قسە دەکاتەوە و دەڵێت، ئێستە چەند سوارێکی چالاک، ئەسپەکانیان غار دەدەن و  بەپەلە دێنە  پێشواز، لە کاتێکدا هێشتا هەناسەی ئەسپەکان ئارام نەبووەتەوە، سوارەکەی پێشەوە دەڵێت: تکایە میوان، خەڵکی کوێین و  چ پەیامێکتان پێیە؟

ئێمە خەڵکی ناوچەی جافین و بە ناوی وەکیڵی جوانڕۆوە هاتووین و  نێردروای سڵاو و پەیامی  وەکێڵی جوانڕۆین... و نامەیەکیشمان پێیە کە وەکیڵ بۆ حەسەن خانی ناردوە کە پێشکەشی بکەین...

بەڵام لەگەڵ یەکەم هەنگاو، ڕێگایەکی (جادە) خاکی نەرم و وشک کە هەر هەنگاوێک لەگەڵ خۆڵ و تۆزی خۆی تێکەڵ دەکات، ئەو هەستەی سەرەتا لە مێشک دەتۆرێنێو لە ناکاودا خۆت لە ڕێگایەکی هەوراز بەرەو بەرزایەکی وشک و تۆزاویدا دەبینیتەوە کە سەدان ساڵە نە سوارچاکێ نە خانێ ونە ئەسپێ  لەم ڕێگادا نەڕۆییوە و ساڵانێکە لەم کۆشکەدا مرۆڤەکان کۆچیان کردوە و ئیدی کەسی تێدا نییە...!

سەردانێک لە شکۆمەندی خان حەسەن خان ئەردەڵان و چاوپێکەوتنی قەڵاکەی/ موعتەسەم حسەینی

تا زیاتر دەڕۆشتین، ئەم هەستە زیاتر هاوڕێی ڕۆحی مرۆڤ دەبووەوە، بەڵێ ئەمە یەکەم دروستکراوی قەڵایەکە، وەک ئەوەی لە ناوەڕاستی ڕێگاکدا یەکەم مزگەوتێک گەورە بوو بێت، کە ڕێبوارانی ڤەڵا لێرا تاعەتێک بکەنو، دواتر بەرەو خواوەندگاری قەڵاکە ڕێگاکە بەرەو بەرزایی تێپەر کەن؛ لەم حاڵەدا  باخەوانێکمان تووش هات کە دەیگوت ئەم شوێنە واتە مزگەوتە خەیاڵیەکە، لەم کاتەدا کانگەی خۆڵ و خاکە و لێرەدا بەرەو شوێنێک ترخاکەکەی دەگوازنەوە....لە مزگەوتی خەیاڵییەوە کە دەچیتە سەرەوە، یەکەم بورجی پاسەوانیت بەر دەکەوێ،  هەنگاو بە هەنگاو وەک ئەوەی ڕێگاکە دەخەیتە پێش خۆتەوە، هەست دەکەی خان لە بەرزایی بورجی چاودێری شاهانەوە سەیری تۆ ئەکات و هەنگاو هەناسەکانت دەژمێرێ کە چۆن ماندوو بوانی میوان لە بەخشندەیی و کەرەمی خۆی تێر بکات...!

لە بەر ئەوەی لە لاپەڕەکانی مێژوودا هاتوە: ئەمیر حەسەن خان پیاوێکی پارێزگار، بەخشندە و دڵ ئاوەڵا بووە و لە سەر سفرە دڵگەورەیی و بەخششەکەیەوە سێ هەزار کەس نان دراون و ژیاون... لە بەر ئەوەی قەڵاکە تەنیا قەڵایەکی سەربازی نەبووە، بەڵکوو قەڵا شار بووە کە خان گوندێکی لە دامێنی قەڵاکە دروستکردووە، کە ئێستا حەسەن ئاوایە و بە ناوی ئەوەوە ناوی نراوە...

خان سێ دەروازەی چوونە ژوورەوەی قەڵاکە لە بەخششەکەی بە کراوەیی بەجێهێشتوە، کە سێ بورجی چاودێری شایەتحاڵی ئەوەن...!

هەندێک زانیاری لەبارەی مێژووی قەڵاکە:

ئەم قەڵایە دەتوانێت مێژوویەکی هەبێت لە سەردەمانی ئاشوورەوە تا سەردەمی سەفەوی، چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی قەڵا شارەوە، چونکە بەپێی ڕەوتی مێژوویی، نووسراوەی "تەنگیوەری ژاوەرۆ"، ئاماژەیە بۆ داگیرکردنی قەڵایەک بە ناوی "ئەلبێریا" کراوە کە شوێنەکەی هاوتایە لەگەڵ قەڵای ئێستای حەسەن ئاوا کە گوایە دەوڵەتی ئاشوور لە کاتی خۆیدا داگیری کردوە، ئەم قەڵایە لەسەردەمی پێش ئەردەڵاندا ڕێگای جادەی هەورێشم (هەمەدان، بەغدا)بوو.

سەردەمی دووهەمیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانی ئەمیر حەسەن خان کە قەڵاکە لە سەردەمی خۆیەوە تا سەردەمی سلێمان خان بۆ ماوەی ۳۰۰ ساڵ شوێنی حوکمڕانانی ئەردەڵانیەکان بووە... هەڵۆخانی ئەردەڵانیش لە سەردەمی خۆیدا سەر لە نوێ نۆژەنی کردوەتەوە. دوای ئەوە لە ناوەڕاستی سەردەمی سەفەوی و لە حوکمڕانی سلێمان خان، بە فەرمانی شای سەفەوی، ئەم قەڵایە لەگەڵ سێ قەڵای زەڵم (قەڵای زستانە) و مەریوان (قەڵای پاییزە) و پاڵنگان (قەڵای بەهارە) وێران کراو و لە جێگای حوکمڕانی بەتاڵکرایەوە و ناوەندی حکوومەت گواسترایەوە بۆ شاری ئێستای سنە، قەڵای حەسەن ئاوایش قەڵای هاوینانە بوو.... گرنگی ئەم قەڵایە تا ڕادەیەک بوو  کە ئیشمیت لە ساڵی ١٩٣٧دا سەردانی کردووە و لێکۆلێنەی لە سەر کردوە.

سەردانێک لە شکۆمەندی خان حەسەن خان ئەردەڵان و چاوپێکەوتنی قەڵاکەی/ موعتەسەم حسەینی

مەستوورەی ئەردەڵان لە مێژووەکەی خۆیدا لەسەری دەنووسێت: خودا قەڵایەکی هێندە جوان و بەرزی وەها دروست نەکردووە. من خۆم بینیم کە نێردراوانی ڕووسیا و ئینگلیزی سەرەڕای وێران بوونی سەردانیان کردووە و سەرسام بوون...!

[بە داخە ئەم قەڵایە زۆرکاولەو، لە لایەن بەر پرسانەوە لەنەڕێگاکەی و نە لە قەڵاکەیش ئاورێکی ئەوتۆی لێنەدراوەتەوە]

لە کۆتاییدا، دوای چەند کاتژمێرێک کە میوانی شانازی مێژووی خۆمان و شکۆ و بەخشندەیی خان بووین، پاشان بە حەسرەتێکی پڕ  ئازارتر لە حەسەرەتە سەرەتاییەکەوە، لە بەر هەڵدڕین و کەندنی تەماحکارانەی بەدوای خەزێنە و گۆڕدا لە دەوری قەڵاکەدا کە چەن جێگایان بە دوای تەماحدا تا قووڵایەکی زۆر کەندبوویان، لە قەڵا ماڵئاواییمان کرد و بەرەو شار بەڕێکەوتین...!

ڕەزبەری۱٤۰٤ی هەتاوی

News ID 226199

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha