پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب هات

سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی، پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت: ئەم پەیامە لە کاتی خۆیدا هات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و عەرەب.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن فەرحان، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو ئاماژەی بەوە کرد: ئەم پەیوەندییانە هەموو رەهەندە مرۆییەکان دەگرێتەوە، وەک خزمایەتی و دراوسێیەتی و هاوبەشیی نیشتمانی، جەختی لەوەش کردەوە کە پەیوەندی نێوان کورد و عەرەب پەیوەندی خاک و نیشتمانە و ناتوانرێت لێک جیابکرێنەوە.

فەرحان ڕوونیشی کردەوە کە ئۆجەلان، سەرەڕای ئەوەی کورد بوو، توانیویەتی پێکهاتە و مەزهەبە جیاوازەکانی ناوچەکە، لە کورد، عەرەب ، مەسیحی، موسڵمان، ئێزدی و زەردەشتی کۆبکاتەوە. گوتیشی، پرسی کورد، پرسی هەموو گەلانی ناوچەکەیە، نەک تەنیا تایبەت بێت بە کوردەوە، جەختی لەوەش کردەوە کە "پرسی کورد گرنگە بۆ عەرەب و مەسیحییەکانیش". ئاماژەی بەوەشدا کە باوکی پەیوەندییەکی عەشیرەتی و کەسیی لەگەڵ سەرکردەی کۆچکردووی کورد مستەفا بارزانی هەبووە، ئەمەش قووڵایی پەیوەندییە عەشیرەتییەکانی نێوان عەشیرەتی تەی و سەرکردە جیاوازەکانی ناوچەکە پیشان دەدات.

فەرحان لە درێژەی قسەکانی دا وتی، پەیامەکەی ئۆجەلان "بەهێز و روون" بوو، ئەنجوومەنی عەشیرەتی تەی هەوڵیداوە ئەم پەیامە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بگەیێنێت، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پەیامە رێزێکی زۆری لێگیراوە و پەیامەکە گەیشتووەتە هەموو عەشیرەتە عەرەبییەکان، لەوانەش عەشیرەتی تەی، کە پێگەیەکی بەرزی لە پەیوەندییە عەشیرەتییەکانی نێوان عێراق و سووریا بەدەستهێناوە.

فەرحان ئاماژەی بەوەشدا کە قۆناغی ئێستا قۆناغی "سەقامگیری و دیالۆگ"ـە و جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە، لەوانەش "دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی".

فەرحان پێی وایە رێککەوتنەکەی ۱۰ـی ئادار دەبێت رۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی لامەرکەزییەت لە ناوچەکەدا، جەختی لەوەش کردەوە کە "سووریا بۆ هەمووانە" و چارەسەرە سیاسییەکان دەبێت هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا، لەوانەش کورد و عەرەب و مەسیحییەکان، بگرێتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، فەرحان رەخنەی لە هەوڵی هەندێک لایەنی تووندڕۆ گرت بۆ بڵاوکردنەوەی فیتنە لە نێوان کورد و عەرەب، بە نموونە هێنانەوەی رووداوەکانی سوەیدا و هەوڵدان بۆ وروژاندنی گرژییە تایفییەکان.

News ID 226106

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha