بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «مەزڵووم عەبدی» فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، لە پەیامێکدا بۆ کونفرانسی نێونەتەوەیی گەنجانی کوردستانی سوریا لە ئەورووپا جەختی کردەوە کە دوای ۱۴ ساڵ شەڕ، سووریا جارێکی دیکە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پێشووی و بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد و پێکهێنانی سووریایێکی دیموکراتیک و لامەرکەزی، ئامادەی هەر ئەگەرێکین بەڵام هەوڵدەدەین کە شەڕ ڕوو نەدات.
ئێمە بۆ هەر شتێک ئامادەین بەڵام هەوڵدەدەین شەڕ ڕوو نەدات
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی چەند مانگێکە کوردستانی سووریا ئارامە، بەڵام هەڕەشەی هێرشە نوێیەکان هەر بەردەوامە.
فەرماندەی گشتیی (SDF) وتی: "پێویستە ئێمە و هەموو چالاکانی ئەم ڕەوتە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بین. لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەین لە ڕێگەی گفتوگۆوە ڕێگری لە شەڕ بکەین".
ناوبراو ڕایگەیاند کە لەم قۆناغە نوێیەدا لە ڕێگەی سیاسەت و گفتوگۆ هەوڵدەدەن بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی خۆیان، بەڵام بۆ هەر ئەگەرێکیش ئامادەن.
سووریا چیتر سووریای ڕابردوو نیە، پێویستە سیستەمی لامەرکەزی پێکبێهێنرێت
عەبدی ڕوونیشی کردەوە کە دوای ۱۴ ساڵ شەڕی ناوخۆ، سووریا چیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ناوەندی پێشووتر و وتی: "۱۴ ساڵ شەڕ بۆ سووریا بەسە، ئێستا پێویستە سووریایێکی نوێ، دیموکراتیک، لامەرکەزی و فرەنەتەوەیی پێکبێهێنرێت کە پێویستە هەموو چینەکان پێگەی خۆیان تێدا هەبێت. سووریای چیتر سووریای پێش ۲۰۱۱ نابێت".
هەروەها ئاماژەی بە پەیمانی ۱۰ ئازار کرد و وتی ئەم چوارچێوە نوێیە بۆ هەموو کەسێک گونجاوە و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی دەدەن.
بۆ گەنجانی دیاسپۆڕا: "بەرپرسیاریەتی نیشتمانیی خۆتان جێبەجێ بکەن"
مەزڵووم عەبدی لە کۆتایی پەیامەکەیدا گەنجانی کوردی لە دیاسپۆڕا دەکاتە بەدرەنگ و دەڵێت: "باوەڕ ناکەم هیچ گەنجێکی سووری یان کورد بۆ خۆشی خۆی چووبێتە ئەورووپا. ستەم و توندوتیژی و شەڕ هەبوو. گەنجی کورد لە هەر شوێنێک هەبێت پێویستە بەرپرسیاریەتی نیشتمانیی و کوردی خۆی جێبەجێ بکات. وەک چۆن لە وڵاتەکەیان بەرپرسیار بوون، پێویستە ئەمڕۆش هەموو بەرپرسیاریەتییە نیشتمانییەکانیان لە کۆمەڵگاکانیاندا بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی ئێستا جێبەجێ بکەن".
Your Comment