کوردپرێس: بە وتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، هێرشەکە بەم جۆرە بووە، "سەبارەت بە چۆنییەتی دەستگیر کردنەکەی دەگەڕێینەوە بۆ چەند خاڵێکی پێش ڕووداوەکان، ئێمە لە سەرەتاوە بە چەندین شێوازی مەدەنی داواکرابوو ئەو تۆمەتبارانە خۆیان ڕادەستی هێزەکان بکەن، بەڵام خۆیان رادەست نەکرد."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم ڕووداوە لە ئەنجامی باکگراوندێکی چەند ڕۆژە بووە و لەژێر چاودێری وردی دەزگای ئاسایشدا بوون. ئەم کەسانە پلانگێڕییەکیان هەبوو، پلانیان دانابوو کەسێکی گرنگ تیرۆر بکەن، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکێک بوو لەو کەسانە. بەم نزیکانەش ووردەکاری دانپێدانان و پلانەکە بڵاودەکەینەوە؛ چەند کەسێک پلانەکەیان دانابوو، هێزی میلیشیایان دروست کردبوو".
وتەبێژی دەزگای ئاسایش ڕاشیگەیاند: "لە ئێوارەوە، بە پەیوەندی تەلەفۆنی چەند جارێک داواکراوە خۆیان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکەن چوونکە فەرمانی گرتنمان پێبووە، بەڵام رێگەیان نەداوە تەنانەت فەرمانی گرتنەکە لە پرسگەکە بچێتە ژوورەوە. هەروەها بە بڵندگۆ داوا دەکرا کە خۆیان ڕادەست بکەن بۆ ئەوەی ڕێگربن لەو ڕووداوە نەخوازراوە کە بووە هۆی شەهیدبوونی سێ کارمەندمان".
سەلام عەبدولخالق ئاشکراشی کرد: "سێ شەهید هەیە و ژمارەکە زیاتر نییە لە هێزە ئەمنییەکان، لە لالەزاریش، بەگوێرەی داتای پزیشکی داد، تەنها دوو کەس کوژراون و بە کۆی گشتی لە هەردوولا پێنج کەس".
سەبارەت بە بەشداری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، عەقید سەلام باسی لەوەشکرد، کە ژمارەی هێز، بە "دیاریکراوی ۱۵۰ بۆ ۲۰۰ کەس بەشداربوون. چونکە زانیاری هەبوو چەندین جۆری چەک لەو ناوچەیە هەبووە. ئەوەش بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە".
جەختیشی کردەوە لەوەی کە "بە هیچ جۆرێک هێزە ئەمنییەکان درۆنی خۆکوژییان بەکارنەهێناوە و پێشیان نەبووە، بەڵام بە بەڵگە هەبووە چەندین درۆنی خۆکوژی لەنێو لالەزار هەبووە، هەر بەپێی دانپێدانانی یەکێک لەو تۆمەتبارانە، درۆنێکی خۆکوژی لەکاتی تاقیکردنەوەیدا لەنێو لالەزار کەوتبووە خوارەوە".
ناوبراو زیادی کرد: "چەندین جۆری چەک و تەقەمەنی لە لالەزار دەستی بەسەرداگیراوە لەوانمە M۴، نارنجۆک، دۆشکە، BKC، چەکی نیشانەشکێن و چەکی بێدەنگ و درۆنی خۆکوژی".
دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ئاڵتون و پارە لە لالەزار هەبوو، بەڵام ناوبراو ئەم هەواڵە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت شتی وا نییە، بەڵام چەند جۆرێک تابلۆی جیاوازی ئۆتۆمبێل دۆزراونەتەوە. دەبێت لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەین".
هەروەها "بە فەرمی رەتی دەکەینەوە هیچ کەسێک بێ سەروشوێن بێت و هەتا ئێستاش لە ۱۹ کەس زیاتر، هیچ بریندارێکی دیکە نییە".
ناوبراو وتیشی: "بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکەین کە، تۆمەتباران پلانیان هەبووە کە بە بەکارهێنانی درۆنی بۆمبرێژکراو، یەکێک لە گرتوخانەکان بتەقێننەوە و پلان بۆ چەند شوێنێکی دیکەش هەبووە. ئەمەش بە دانپێدانان هەیە و پلانی بۆ دانراوە بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی".
سەلام عەبدولخالق باسی لەوەش کرد: "لەو رۆژەدا سێ درۆنی خۆکوژی بۆ دەباشان بەکارهاتبوو، زانیاریش هەیە لە کوێوە درۆنەکان بەکارهاتوون و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە".
Your Comment