بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی کۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ یەشەممە نووسراوێکی بڵاو کردەوە و تێدا، دەستەكە بە فەرمی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی ڕاكان جبووری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
دەستەی کۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەش كردوە: دەستەی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنوسی لیژنەی شایستەیی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۲۵، کە بریتی بوو لە دەرکردنی کاندید "ڕاکان سەعید عەلی" لە لیستەکانی کاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ۲۰۲۵.
بەگوێرەی بڕیارەكە، دوورخستنەوەی ڕاكان جبووری بەهۆی پێشێل کردنی مادەی ۷/سێیەمی یاسای هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و ناحیە ژمارە ۱۲ی ساڵی ۲۰۱۸، بە هەموارکراوی. ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست ڕاسپێردراون.
Your Comment