کوردپرێس: به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه پێشوازیی له ئێدوارد ئالگرين ڕاوێژكاری باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری شانشینی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا و شاندێكی سه‌ربازی یاوه‌ریان كرد.
له‌و کۆبوونەوەکەدا وه‌زیری پێشمه‌رگه و گه‌وره ڕاوێژكاری بەریتانیا باسیان له دۆخی گشتیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه كرد، "به تایبه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ده‌رئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و ئه‌و سه‌قامگیریه‌ی له سایه‌ی پێشمه‌رگه‌وه به‌ده‌ستهاتووه".
وه‌زیری پێشمه‌رگه ستایشی ڕۆڵی بەریتانیای كرد به تایبه‌ت له هاوكاری و پاڵپشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ڕایگه‌یاند: "بەریتانیا له گشت قۆناغه جیاجیاكاندا پاڵپشتی گه‌لی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووه، به تایبه‌ت له تێكشكاندنی داعش، مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژدان به هێزی پێشمه‌رگه، پاڵپشتی كردنی له ڕووی لۆجیستیه‌وه"، بۆ ئه‌مه‌ش، وه‌زیری پێشمه‌رگه سوپاسی ڕۆڵی باڵای كونسوڵی گشتیی، ئه‌فسه‌رانی باڵا، راوێژكارانی به‌رگری، و سه‌ربازانی بەریتانیای كرد له هه‌رێمی كوردستان كه به‌رده‌وام هاوكاریانن.
له‌لای خۆیه‌وه، ئێدوارد ئاڵگرین جه‌ختی له به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌كان و پاڵپشتی و پشتیوانی بەریتانیا بۆ هێزی پێشمه‌رگه كرده‌وه، به تایبه‌ت له سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازی، ڕاشیگه‌یاند: "هێزی پێشمه‌رگه پارێزه‌ری ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌یه و ده‌ستكه‌وتی مه‌زنی به‌ده‌ستهێناوه، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه بەریتانیا له هه‌رێمی كوردستان ده‌مێنێته‌وه و پشتیوانتان ده‌بین".
Your Comment