کوردپرێس: بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ۱۷-۰۷-۲۰۲۵ بڵاو کراوەتەوە، لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی مارکێتەکەی شاری کوت ۶۱ کەس گیانیان لەدەست داوە و ۱۴ تەرمیان بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەوە نەناسراونەتەوە. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە زۆربەی قوربانییەکان "لەناو گەرماوەکانی باڵەخانەکەدا بەهۆی چڕیی دووکەڵەوە خنکاون".
تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە "زیاتر لە ۴۵ کەس ڕزگار بکەن کە لەناو باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو".
شەوی ڕابردوو ئاگرەکە لە باڵەخانەیێکی بازرگانیی پێنج نهۆمی لە ناوەڕاستی پارێزگای واست کەوتەوە. باڵەخانەکە چێشتخانە و هایپەر مارکێتێکی لەخۆ گرتبوو کە تەنیا حەوت ڕۆژ بوو کرابووەوە.
لەمبارەوە وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیێکی باڵای لێکۆڵینەوەی داوە بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری تەکنیکیی وەزیر و ئەندامێتیی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوان و ژمارەیەک لێکۆڵەری باڵا و پسپۆڕی تەکنیکی، بەمەبەستی: "گەیشتن بە هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئاگرکەوتنەوەکە و دەستنیشان کردنی کەموکوڕی و بەرپرسیارێتییەکان بە وردی و شەفافیەت".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە هیچ جۆرە چاوپۆشییەک لەو لایەنانە ناکات کە کەمتەرخەمییان لە ڕووداوەکەدا دەسەلمێت و ڕایگەیاندووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوای تەواوبوونیان، بە شێوەیێکی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاو دەکرێنەوە.
Your Comment