بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێوڕەسمەکە لە ناوەندی دەرچووانی کریستیانسن لە زانکۆی ویلایەتی مینیسۆتا لە مورهێد بەڕێوەچوو و تێیدا هەریەک لە گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شێلی کارلسن، سەرۆکشارەوانیی مورهێد، گوتاریان پێشکێش کرد و جەختیان لە گرنگیی ئەم رێککەوتنە کردەوە.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "خۆشحاڵییەکی گەورەیە ئەمڕۆ لەم بۆنە تایبەتەدا لەگەڵ ئێوەم. ئەم رێککەوتنە بەڵگەی پەیوەندیی پتەوی نێوان گەلەکانمانە و رەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکان و هاوکاریی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و کوردە لە بوارەکانی کولتوور، بازرگانی و سیاسەتدا".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سوپاسی خۆی بۆ پشتیوانییەکانی ئەمریکا دەربڕی و گوتی: "ئەو پشتیوانییە رۆڵێکی گرنگی لەو پێشکەوتنەدا گێڕاوە، کە لە هەرێمی کوردستان بەدەستمان هێناوە".
گوهدار شێخۆ هەروەها جەختی لەسەر کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان ماڵی چەندین پێکهاتەی جیاوازە، وەک موسڵمان، کرستیان، ئێزدی و ئەوانی دیکە، کە پێکەوە بە ئاشتی و رێزی دوولایەنە دەژین. ئەم یەکڕیزییە بەشێکی سەرەکیی ناسنامەی ئێمەیە و شتێکە کە ئێمە شانازییەکی زۆری پێوە دەکەین".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باسی لە قۆناخی شەڕی دژی داعش کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە کاتی شەڕی دژی داعشدا زیاتر بەهێز بوو، کاتێک هێزە ئازاکانی پێشمەرگە نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، بەڵکوو بۆ ئاسایشی جیهانیش وەستانەوە. ئەو پشتیوانییەی لەو ساڵە چارەنووسسازانەدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەرمانگرت، هەرگیز لەبیر ناکرێت و هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بەرگری و بووژانەوەمان".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، گوهدار شێخۆ ڕایگەیاند: "بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە لەنێوان زاخۆ و مورهێددا هەنگاوێکی دیکە دەنێین. ئەم هاوبەشییە تیشک دەخاتە سەر ئاڵوگۆڕی کولتووری، هاوکاریی پەروەردەیی، گەشەپێدانی ئابووری، گەشەی کۆمەڵایەتی و گەشتیاری".
لایخۆیەوە شێلی کارلسن، سەرۆکشارەوانیی مورهێد، بەخێرهاتنی شاندی زاخۆی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێککەوتنە ڕەنگدانەوەی فرەڕەنگی و دەوڵەمەندیی کولتووریی شارەکەیانە. ئەو گوتی: "زیاتر لە ۸%ی دانیشتووانی شارەکەمان کوردن و ژمارەکەش لە زیادبووندایە. ئێوە دراوسێ و هاوکار و خاوەنکارەکانمانن و بوونی ئێوە شارەکەمانی زیندووتر، کراوەتر و پڕ ژیانتر کردووە".
هەر لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان لەنێوان زانکۆی ویلایەتی مینیسۆتا مورهێد و زانکۆی زاخۆ ڕاگەیێندرا، کە وەک "پردێکی پەروەردەیی گرنگی جیهانی" وەسف کرا و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەنێوان هەردوو لادا.
Your Comment