کوردپرێس:
ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنى کاروباری پێکهاتەکان کە سەر بە نەتەوەى تورکمانە لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەى بەوەشکرد، دەبێت زمانى تورکمانى بە فەرمی لە دەستوردا هەبێت و دەستوری هەرێم هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە هەتا رێگری بکرێت زمانی تورکی نەناسرێنرێت.
لە بەشێکی دیکەى قسەکانیدا، ئەو وەزیرە پەکەکەى بە هەوڵدان بۆ تێکدانى پەیوەندییەکانى تورکیا و هەرێم تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "ئەوەى تورکیا لە هەرێم ئەنجامی دەدات هۆکارەکەى پەکەکەیە و تورکیا پشتیوانی لە خاکی هەرێم کردووە بێ جیاوازی."
ئایدن مەعروف لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا وەک وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لەسەر پشكی بەرەی تورکمانی دەستبەکاربووە، هاوکات، پەرلەمانی کوردستان ١١ کورسی کۆتای هەیە، کە پێنج کورسیان بۆ نەتەوەی تورکمان تەرخانکراوە.
بەھۆی نەبوونی سەرژمێرییەکی ورد لە عێراقدا ئامارێک لەبارەی تورکمانەکانەوە لەم وڵاتەدا نییە، هاوکات، لە رووی دابەشبوونی ئاینییەوە تورکمانەکانی عێراق، موسوڵمانی شیعە و سوننەن.
لە رووی دابەشبوونی سیاسیشەوە تورکمانەکانی عێراق بەسەر چەند حزب و بەرەیەکدا دابەشبوون لەوانە، بەرەی تورکمانەکانی عێراق، یەکێتی ئیسلامی تورکمانەکانی عێراق، حزبی خەلقی تورکمانی بزوتنەوەی دیموکراتی تورکمانی، حزبی ئەخەوانی تورکمانی عێراق و چەند حزب و پارتێکی دیکەش.
Your Comment