بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دواى ئەوەى پەرلەمانى عێراق بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی دا و سەرۆککۆمارى عێراق واژۆى کرد، پێنج پەرلەمانتار سکاڵایەکیان لە دادگەی فیدراڵى تۆمارکرد و داوایان کرد فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ رێگریکردن لە کارکردن بەو یاسایە، چونکە بە بڕوای ئەوان، دانیشتنەکە نایاسایی بووە و رێژەى یاسایى پەرلەمانتاران تێیدا ئامادە نەبوون.
دادگەى فیدراڵیى عێراق لە وەڵامى ئەو پەرلەمانتارانەدا رایگەیاندووە، بە گوێرەی یاسای دادگەکە، دەرکردنی فەرمانی وەلائی لەسەر بنەمای مەرج و بنەمای دیاریکراوە، لەم دۆسیەیەشدا بە پێویستی نازانێت فەرمانێکی وەلائی دەربکات.
دادگەکە ئاماژە بەوەش دەکات، دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە بە واتای داننان دێت بە سکاڵاکەدا بێ تاوتوێکردنی تەواوەتی.
۱۴ی نیسانی ۲۰۲۵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دا و ۲۹ی نیسانیش د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر فەرمانی بەپارێزگاکردنەکەی کرد.
رۆژی ۰۵-۰۵-۲۰۲۵ ، یاساکە بە ژمارە ۷ی ساڵی ۲۰۲۵ لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو کرایەوە.
Your Comment