بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'الشرق' ڕایگەیاند، عێراق بەتەواوی پشتگیریی لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکات، هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن و دەرئەنجامە ئەرێییەکان دەربڕی کە خزمەت بە سەقامگیری بکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریشی دا لەوەی کە شکستی ئەو بژاردە دیپلۆماتییە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها وتیشی: "ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بکرێت، ئەوە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێکی دیکەی ناوچەکە نابێت."
فوئاد حوسێن ڕاشیگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وای لە بەغدا کردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غاز، کە نزیکەی ۳۳%ی کارەبای عێراق لە غازی ئێران دابین دەکرێت.
ڕوونیشی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ چەند وڵاتێک لە ئارادایە، لەوانە تورکیا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو، بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی کارەبا.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، لە گفتوگۆکانی واشنتن باسیان لە دۆخی سووریا کردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا هەشت مەرجی بۆ ئیدارەی نوێی دیمەشق داناوە.
هەروەها جەختیشی لە گرنگیی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سووریا سەبارەت بە عێراق کردەوە و گوتی، ئێمە زۆر گرنگی بە دۆخی سووریا دەدەین، چونکە ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات هەم کاریگەری نەرێنی و هەم ئەرێنی لەسەر ئێمە هەیە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە ۲۴ـی نیسان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن دی سی و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمریکا کرد.
Your Comment