کوردپرێس: کاردینال کیڤن فارێل، سەرۆکی کارگێڕیی و دارایی فاتیکان ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۱ـی نیسانی ۲۰۲۵، پاپا فرانسیس، کۆچی دوایی کرد و کیڤن فارێل، ڕایگەیاند "کاتژمێر ۷:۳۵ بەیانی ئەمڕۆ، فرانسیس، ئەسقەفی ڕۆما، کۆچی دوایی کرد؛ ئەو هەموو ژیانی بۆ خزمەتی خوا و کەنیسەکەی تەرخان کردبوو.
کاردینال کیڤن فارێل ڕاشیگەیاند: "ئێمە لەوەوە فێربووین لە سایەی بنەماکانی ئینجلیدا، بە ئازایی و وەفا و خۆشەویستیی گشتییەوە بژین، بەتایبەت لە هەمبەر هەژاران و پشتگوێخراواندا."
ناوبراو گوتیشی: ئێمە لەگەڵ ڕێز و پێزانینماندا بۆ ئەو، وەک قوتابییەکی ڕاستەقینەی یەسوعی مەسیح، دوعاخوازیی لە ڕۆحی پاپا فرانسیس بۆ ئامێزی پڕ لە خۆشەویستی و بەخشندەیی خوای تاک و تەنیا، دەکەین.
ناوی پاپا فرانسیس، خورخێ ماريۆ بێرگۆلیۆیە لە ۱۷ی کانوونی یەکەمی ۱۹۳۶، لە ئەرجەنتین لەدایک بووە، لە ۱۳ـی ئاداری ۲۰۱۳ بە پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا.
Your Comment