بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک، لە دیمانەیێکدا لەگەڵ BBC ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆتایی مانگی (شوبات/۲) بانگەوازێکی بڵاو کردەوە و داوای ئاشتی و دروست کردنی کۆمەڵگەیێکی دیموکراتی کرد، لەسەر ئەم بنەمایە داوای ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە وەڵامی ئەرێنیی ئەم داواکارییەی دایەوە و فەرماندەیی هێزەکانی پەکەکە (هەپەگە) ئاگربەستی ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا تائێستا هێرشەکانی ڕانەگرتووە و ڕۆژانە بە درۆن و فڕۆکە و تانک و تۆبخانە بۆردوومان دەکات، لەم بارودۆخەدا توانای جێبەجێ کردنی بڕیاری کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە نییە، دەوڵەتی تورکیا دەبێت ئەم هێرشانە ڕابگرێت بۆ ئەوەی کۆنگرە ببەسترێت و لەبارەی داواکارییەکانی ڕێبەریان گفتوگۆ و بڕیاری پێویست بدرێت.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە دەشڵێت: "بۆ بەدیهێنانی ئەم بڕیارانە دەبێت دۆخی ژیانی ڕێبەری ئاپۆش باشتر بکرێت و زەمینەی گونجاو بۆ چالاکی ئەو بڕەخسێت، لەدۆخی ئێستادا لەژێر فشاردا لە زیندانی ئیمڕاڵی، ئەو ناتوانێت بەشداری کۆنگرە بکات، لەم دۆخەدا ناتوانرێت کۆنگرە بکرێت، کۆنگرە تەنیا کاتێک دەتوانرێت بکرێت کە دۆخی شەڕ نەمێنێت".
جەمیل بایک باسی لەوەش کرد، ئۆجەلان خوازیاری چارەسەری کێشەی کورد بووە دوور لە توندوتیژیی و لە رێگەی سیاسی و دیموکراتیک و یاساییەوە، ئەو لە ساڵی ۱۹۹۳ ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام ڕێگەیان نەدا ئەنجامێک بەدی بێت، لەوکاتەوە تائێستا ڕێبەر ئاپۆ لە هەوڵدا بووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتی، ئەو گۆڕانکاریی گەورەی لە جووڵانەوەی پەکەکەدا دروست کردوە، ئەم گۆڕانکارییانە کە لە ساڵی ۱۹۹۳وە دەستیانپێکرد، بووە هۆی دروست بوونی هەڵوێستێکی نوێ کە ئامانجی لێی ڕێبەرایەتی کردنی خەباتی چەکداریی بووە بەرەو خەباتی سیاسی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی کاریگەریی ڕێبەر ئاپۆ و (پەکەکە)یە، لەناوخۆی تورکیاش کێشەی زۆر دروست بووە، سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا گەیشتوەتە بنبەست و نەیتوانیوە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەی بکات. هاوکاتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بنەڕەتی و گەورە ڕوویداوە، ئەم گۆڕانکاری و قەیرانانە دەوڵەتی تورکیای ترساندووە، لەم بارودۆخەدا ڕۆڵ و کاریگەریی کورد دەرکەوتووە و چارەنووسی تورکیا کەوتووەتە دەستی کوردەوە.
جەمیل بایک ڕوونی کردەوە، دەوڵەتی تورکیا ناچار بووە ڕێبەر ئاپۆ وەکوو کەسایەتییێکی کاریگەر قبووڵ بکات تا لەو دۆخە مەترسیدارە دەربچێت، بەڵام بارودۆخێک کە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە تورکیای ناچار کردووە بەرەو لای کورد بڕوات، ئەگەر پشتیوانی کورد بەدەست نەهێنێت، ناتوانێت قەیرانەکان چارەسەر بکات و ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە.
ناوبراو دەشڵێت: "پێگەی کوردیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی کەوتوەتە بەر باس، ئێستا هەموان هەوڵ دەدەن کە کورد بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و هەرکەسێک لەم کارەدا سەرکەوتوو بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا براوە دەبێت، ئەمانە هۆکاری نزیکبوونەوەی تورکیان لە ڕێبەر ئاپۆ و کورد، نەک ئەوەی لەڕوی بیکردنەوەوە گۆڕانکارییەک ڕوویدابێت".
لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە بۆ چەکدانان، جەمیل بایک دەڵێت: "ئەو هەرگیز لەگەڵ کەس مامەڵە یان سازشێکی نەکردووە، ئەو باوەڕی بەخۆی هەیە و بەتەنیایی بڕیاری داوە کە ئەم بابەتە بەرەو پێش ببات، بۆچی؟ چوونکە دەیەوێت دۆزی کورد بەرەو ئاڕاستەی سیاسی و یاسایی ببات و بەمشێوەیە پرسی کورد چارەسەر بکات. ئەوە ئێمەین کە جددین، دەمانەوێت ڕێگەچارەی سەربازیی بۆ چارەسەری دۆزی کورد بخەینەلاوە، لەرێگەی سیاسی و یاسایی چارەسەری بکەین، بەڵام دانوستان یان گفتوگۆیێک لەنێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکیادا نەکراوە.
لەبارەی چەکدانانەوە جەمیل بایک دەڵێت: "لەم بارودۆخەدا ئێمە چۆن بتوانین بگەڕێینەوە بۆ تورکیا، لەئێستادا ڕۆیشتن بۆ تورکیا بەواتای ڕۆیشتنە بۆ زیندان، بێگومان هیچ کەسێک نایەوێت بەمجۆرە زیندانی بکرێت، هەرکاتێک تورکیا دۆزی کوردی قبووڵ کرد و بەدوای ڕێگاچارەوە بێت، بێگومان ئێمەش لەو کاتەدا دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ خاکی خۆمان، ئێمە خاکی میللەتی خۆمانمان خۆش دەوێت، ئەگەر ئەم عیشق و پەیوەندییە نەبوایە بۆچی ساڵەهایێک بۆ ئازادی خەبات و کۆششمان دەکرد، کاتێک بۆ خەبات چووینە شاخەکان عاشقی جەنگ و چەک نەبووین، ئێمە چووینە شاخەکان و خەباتی چەکداریمان دەستپێکرد، چوونکە هەموو ڕێگا دیموکراتییەکان بەڕووماندا داخرابوون".
ناوبراو دەشڵێت: "ئەگەر بەبێ مەرج چەک دابنێین واتا بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێن بێن ئێمە لەناوببەن و بمانکوژن، ئەمە خۆکوژییە، هیچ کەسێک ئەم جۆرە خۆکوژییە قبووڵ ناکات، ئامانج لە چەکداماڵین دیاریکراوە، ئەگەر مەرجەکان فەراهەم نەبن ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگری کردن لە خۆمان و بەردەوامی دەدەین بە تێکۆشینی خۆمان".
Your Comment