بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوێکی ئیلیزێدا هاتووە: رۆژی 14ـی نیسانی 2025، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی عێراق کۆ دەبێتەوە.
کۆشکی ئیلیزێ دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا: "سەرۆککۆمار و سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەقامگیریی ناوچەکە و پێکەوەکارکردن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەکەن."
ئیلیزێ هەروەها ئاماژە لەوە دەکات، "هەردوو سەرۆک دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوتوێ دەکەن و پابەندبوونی خۆیان بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دووپاتدەکەنەوە."
ئەمە یەکەمین سەردانی ئەمساڵی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پاریس دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار، بۆ بەشداری کردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی نۆتردام، سەردانی وڵاتە ئەورووپییەکەی کرد.
Your Comment