بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەت برۆمفیڵد، شرۆڤەکاری بەریتانیی پرسی کوردەکانی سووریا لەبارەی وتەکانی ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی لەبارەی کوردەکانی سووریاوە، دەڵێت ئایا شتێکی نوێ ڕوویداوە کە لەناکەوت ئیسرائیل باس لە پشتگیری کوردەکانی سووریا دەکات.
ئەم شرۆڤەکارەی پرسی کوردەکانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڤاری ئینتەرنەشناڵیست دەڵێت: هەڵویستی ژمارەیێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی لەبارەی پشتگیری کردنیان لە کوردەکانی سووریا، تەنها قۆستنەوەی دۆخی ئێستاکەیە. ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت بە وڵاتانی ڕۆژاوایی بڵێن کە ئێمە دیموکراتین و پشتگیری لە هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین لە سووریا. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت کورد وەکوو ئامێرێک بەکار بێنن. کوردەکانی سووریا دەیانەوێت پڕۆژەی سووریای نوێ تەنها لەسەر دەستی سوورییەکان بڕواتە پێش نەک دەستواردانی دەرکی.
مەت برۆمفیڵد کە ساڵانێک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا لە بارودۆخی ئەو ناوچەیە کۆڵیوتەوە، لەبارەی ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچەکانی کوردستانی سووریا، دەڵێت: ئەمریکا تەنها بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە و پشتگیری کردن لە کوردیش لەلایەن ئەمریکاوە تەنها ئەو کاتەیە کە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دەکات کە هێشتا هەڵویستی ترەمپ لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا ڕوون نییە و زیادی دەکات: ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکاندا بمێنێتەوە، بۆ پشتگیری کردن لە کورد نییە بەڵکوو دەیەوێت بە ئاوڕدانەوە لە گرینگ بوونی ناوچەکە درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و ئەگەر هەست بکات مانەوەی لەو ناوچانەدا لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی نییە کۆتایی بە ئامادەبوونی هێزەکانی دێنێت.
Your Comment