سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی دوو وەزارەتی هەرێمی کوردستان ڕەت کرایەوە

دادگەی فیدراڵی سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانی ڕەت کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە پێمان راگەیێنرا کە سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى ئەو دوو وەزارەتە ڕەت کراونەتەوە."

سکاڵاکان لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکرا بوون و پاساوەکانى بۆ ئەو دوو داوایە، پشتبەستن بوو بە هەردوو مادەى ۱۰۳ و ۱۰۴ ى دەستوور کە دەبێت ئەو جۆرە دامەزراوانە دەستەی سەربەخۆ بن نەک وەزارەت.

بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان گوتى: "دانیشتنى دادگە بۆ رەتکردنەوەى ئەو دوو سکاڵایە بەبێ دادبینى بووە، ئێمە لە وەڵامنامەکاندا ئاماژەمان بەوەدابوو کە ئەوە پرسێکى دەستوورى نییە تاوەکوو لەو دادگەیە تانەى لێ بدرێت و لە تایبەتمەندی دادگەى فیدڕاڵى نییە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هۆکارى رەتکردنەوەى سکاڵاکانمان پێ رانەگەیێنراوە".

وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسایەکى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى ۲۰۰۷  پێکهێنراوە، وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستانیش بە گوێرەى یاسای ژمارە ۸ى ساڵى ۲۰۰۶ پێکهێنراوە.

News Code 224868

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha