کوردپرێس دەقی دیمانەکەی کەناڵ ۸ لەگەڵ ئەدهەم بارزانی بەمشێوە:
کاتێک دایکی بەڕێزتان کۆچی دوایى کرد، هەوڵتدا بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لە پرسەکەدا بەشداربیت؟ بۆچی نەگەڕایتەوە بۆ بارزان؟
ئەدهەم بارزانی: بەداخەوە، من باوەڕموایە کە کێشەیەکی گرنگ لەم وڵاتەدا هەیە، ئەمە ۳۳ ساڵە بەم کێشەیەوە دەناڵێنێت، کێشەکەش بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی ناتەواو، ئەم بیرکردنەوەیەش گرفتی گەورەی بۆ خاک و نیشتیمان و میللەت و جەماوەر و بابەتە سیاسییەکانی هێناوەتە کایەوە، دەبێت هەموومان ئەم بابەتە زۆر باش بزانین، هەر سیاسییەک هەر بەرپرسێک کە بەرپرسیارێتی هەبێت یاخود پێبنێتە ناو کایەی سیاسییەوە دەبێت ئەمە باش بزانێت، هەموو مرۆڤەکان بۆ ئەو دەستەمۆ نین، هەموو مرۆڤەکان وەک ئەو بیرناکەنەوە، هەر شتێک لەسەر هەندێک کەس دەسەپێنرێت، ناتوانیت تەعمیم بکەیت لەسەر هەموو کەسانی تر وەک ئەوەی کە بڵێت دەبێت بەم شێوەیە بێت، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بۆ هەر سیاسی و بەرپرسێک، زوو خەتێک لەسەر کارەکانی خۆی بکێشێت و بڕوات بەدوای ئەوەدا ئیشێکی تر هەڵبژێرێت نەک سیاسەت و بەرپرسیارێتی، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بیرکردنەوەیەکی سەقەتە، لە بنەڕەتدا سەقەتە، وە ناتوانێت پێشکەوتن نە بۆ خۆیی و نە بۆ ئەو شوێنەی تیادا کاربکات بەدەستبهێنێت، من کەچووم بۆ ئەم بابەتە بەداخەوە، دوێنێ شەو من داوایەکی قورسم نەکرد، دایکی من دایکێکی تایبەتی نەبوو، هەموومان دایکمان هەیە، هەرکەس شانازی بە دایک و باوکی خۆی دەکات، بەڵام ئەم دایکە وەکو زۆربەی زۆری دایکەکانی ئەم وڵاتە دایکەکانی کوردستان، دایکە ئەنفالکراوەکان، وەکو هەموو یەکێک لەم دایکانە زەحمەتی زۆری بینی، ئێش و ئازارێکی زۆری لە ژیانی خۆیدا بینی، دایک و دوو کوڕی جوانی ئەنفالکراو، باوکیشم لەگەڵ ئەم دوو برایەم ئەنفال کرابوون، من تەمەنام دەکرد هەروەک چوار یاخود شەش رۆژ لەمەوپێش کە قسەم لەگەڵ کردم، گوتی بابێ وشەیی بابێی بەکاردەهێنا بۆ من، گوتی بابێ ئەزانم من تۆ نابینمەوە، ئەمە کەسەرێکە لە ناخی مندا، وە ئەگەر کەسێکیش هۆکار بێت بۆ ئەوەی من ئەم دایکە نەبینمەوە دەبێت بزانێت کە ئەمە لە دڵی مندا تا مردن دەرناچێت، بە چ قیمەتێک تەواو دەبێت، ئیتر ئینشاڵڵا خوای گەورە هێندە عەقڵ و تێگەیشتن بە من بدات کە نەبێتە قین و عینادێکی گەورە چونکە من دەزانم مرۆڤ بە لێبوردەیی خۆیەوە گەورەیە نە بە فەرزکردنی بۆچوونەکانی خۆی، چەند مرۆڤ لێبوردە بێت ئەوەندە گەورە دەبێت، لەو رۆژەی من لەو سنورە کە ئاوارە و دەربەدەر کرام ئیتر من نەمبینی بێجگە لە هەندێکجار بە ڤیدیۆ لە رێی وەتسئەپ یا بابەتێکی تری راگەیاندن کاتێک کە قسەمان دەکرد، من داواکاریم ئەمە بوو کاتێک دوێنێ شەو لە نێوان ۷:۳۳ بۆ ۰۸:۰۰ وەفاتی کرد، من دەمویست لە سلێمانییەوە بچم بۆ مەسیف بۆ ماڵی خۆم، لەوێ هەر هیچ نەبێت روومەت و دەموچاوی بڕێک کفنەکەی بکەمەوە و ببینم زیاتر نەبوو، واتە ویست و خواستی من ئەمە بوو شتێکی تر نەبوو، دیارە برای بەڕێزم، سوپاسی دەکەم، وە هیچ کاتێک چاکەکانی پێش ئێستا و چاکەکەی دوێنێ شەویشی لەبیر ناکەم، کاک بافڵی بەڕێز لە رێگای ئەو پەیوەندییەی کرا بە بەرپرسانی پارتی کە ئەدهەم بارزانی بگەڕێتەوە ماڵی خۆی تەنیا دایکی خۆی ببینێت.
بە مردوویش رێگەیان نەدایت دایکت ببینیت؟
ئەدهەم بارزانی: نەخێر، پاش ماوەیەک پەیام ئەدەنەوە بە نووسینگەی کاک بافڵ، گوتبوویان بۆ لە رێگەی ئێوەوە داوا دەکات؟، من میوانی کاک بافڵم لێرە، هەموو پاسەوانەکانم بە بڕیاری سەرۆکی پارتی مووچەیان بڕا، دوو بابەتیان خستە بەردەمیان کە ئەدهەم بارزانی هەڵدەبژێرن یاخود دەردەکرێن.
ئەمە بە تەلەفون پێیان وترا؟
ئەدهەم بارزانی: بەڵێ، ئەوانیش لە ترسی گیانی خۆیان لە ترسی ژیانی خۆیان کە ئەوانیش ۲۰ بۆ ۳۰ خەبات و زەحمەتیان کێشابوو ئیتر دەربکرێن و مووچەیان ببڕدرێت، لە نزیکەی ۸۰ پاسەوان نزیکەی ۱۸ کەسیان لەگەڵ من مانەوە و ئەوانەی تر رۆشتن، پاسەوانەکانی تریش کە لێرە بۆ من دانراون لە سلێمانی و لەلایەن کاک بافڵەوە، ئەوانەی تر مووچەکانیان لەسەر زێرەڤانی بوو، زێرەڤانی بە خۆی دەڵێت پێشمەرگە و هێزی کوردستان، ئەوانەشی کە کاک بافڵ بۆ منی داناوە لە یەکەکانی ۷۰ و یەکەکانی ترن، ئەمانەش هێزی کوردستانن، نە ئەمانە و نە ئەوانەی تر لە دیدی منەوە کەسانی نامۆ نین لە من، من کەسم نەویستووە کە بۆ خۆمی دروستبکەم، من ۴۹ ساڵ لە خەبات و تێکۆشاندا بووم، بە دیاریکراوی لە ساڵی ۱۹۷۶ تاوەکو ئێستا.
چییان پێگوتیت کاتێک لە رێگای بافڵ تاڵەبانییەوە بگەڕێیتەوە بۆ پرسەی دایکت، وەڵامییان چی بوو؟
ئەدهەم بارزانی: پێیان گوتبووم بۆچی لە رێگای کاک بافڵەوە، بۆچی لە رێگای خزمەکانییەوە ئەم داوایەی نەکردووە؟ خزمی چی؟ هەمووی خزمی منە، پاشان من هیچ داوایەکم نەکردووە، دەستپێشخەرییەکە هی کاک بافڵ بووە و خوا خێری بنوسێ، وە ئەگەر بشکرایە لەبەرخاتری دایکم کە بە پێیان بچوومایە و پێڕابگەیشتمایە بۆ من شانازی بوو.
مەرجەکەیان ئەوە بوو کە بە تەنیا بڕۆیت؟
ئەدهەم بارزانی: بەڵێ، لەبەر ئەوەش نەڕۆشتم کە هیچ متمانەیەک نەماوە کە من بەتەنیا بڕۆم.
متمانەت پێیان نەماوە کە بەتەنیا بڕۆیت؟
ئەدهەم بارزانی: بێگومان متمانە نەماوە، ئەمە نەک جارێک دەرکردنی من بگرە بۆ ماوەی چوار مانگ منداڵەکانی من ئابڵۆقەیان لەسەر بوو، لە بەیانییەوە تا نیوەی شەو دوو بۆ سێ سەیارە لەبەردەم ماڵمان دەوەستان، منداڵەکانم و خێزانم وکچم و کوڕم کە دەچوون کیلۆیەک گۆشت بکڕن دەبوو لە سەیارەکانیان بهاتنایە خوارەوە و پشکنین بکرێن، ناسنامەکانیان دووبارە لێ وەربگرن و بە مۆبایل وێنەی ناسنامەکانییان بگرن، پاشان پێیان دەوتن دەچنە کوێ، دەچینە مەسیف یاخود دەچینە مارکێت و شتێک دەکڕین و دەگەڕێینەوە، کاتێکیش کە دەگەڕانەوە هەرشتێکیان کە کڕیوە دیسان بە هەمان شێوە رەفتاریان لەگەڵ دەکردن، دایکی هێڤی لە ئێرانەوە کە لەگەڵ من بوو، رۆیشت بۆ مەسیف کە سەردانی کچ و کوڕەکانی خۆی بکات، لە بازگەی مەسیف دوو کاتژمێر و نیو گیرا، بردیانە ژورەوە، پشکنینیان بۆ کرد، هەموو کەلوپەلەکانی کە پێى بوو، دوو سێ لە مۆبایلەکانی بردیان، رۆژی دواتر هەموو کۆپی کران، دوای رۆژێکی تر مۆبایلەکان رادەستی کرانەوە، ئەو پاسەوانەکانی کە لەگەڵی بوون بە دوو سەیارە، نزیکەی ۱۵۰ کەس دابەزی بوون لە سەری رەش بۆ بازگەکەی کۆڕێ بۆ ئەم خانمە بەڕێزە.
لەبەر ئەوەی خێزانی تۆ بووە؟
ئەدهەم بارزانی: بەڵێ هیچی تر نا، دوو کاتژمێر و نیو لە ژووری پشکنین هێشتویانەتەوە، من ئەم شتانەم بینیوە و متمانەم نەماوە، بابەتی دووەم، حوکمی گرتنی منیان داوە، من ناڵێم دادگای کوردستان، لە دادگای دروستکراوی خۆیان داوە بە مادەی ۲۱ی یاسای تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەدهەمێک کە ۴۹ ساڵە بۆ ئاسایشی ئەم وڵاتە خەباتی کردبێ و تێکۆشا بێت، کێ لە من زیاتر لە شاخ بووە؟ ئەوانەی کە ئێستا خۆیان بە بەرپرس دەزانن، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم، سەرۆک حیزب، با بپرسم کێ زیاتر لە شاخ بووە؟ کێ زیاتر لە ماڵی خۆی هاتووەتە دەرەوە و لەگەڵ پێشمەرگەکان بووە، ئێستا دێن من بەم مادەیە تاوانبار دەکەن، من ئاسایشم تێکدابێت یا هەڵەیەکم کردبێت یا شتێکم گوتبێت کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئەم وڵاتە دروستکردبێت، گرتنی باشوری کوردستان لە سنووری رۆژهەڵاتی ئێمە تا سنووری رۆژئاوای ئێمە بە درێژایی ۲۰کم خاکی ئێمە رادەستی دەوڵەتێکی تر کراوە، داگیرکراوە، هاوکاری سوپا و لەشکری ئەم دەوڵەتە کراوە تا هاتووەتە ئەم چیا جوان و کوێستانانەی خۆمان، کە کوردستان بەم شوێنانە جوانە، ئەم شاخە جوانانە رادەستی ئەم دەوڵەتە کراون، ئایا ئەم تەسلیمکردنە تێکدانی ئاسایشی کوردستانە یا وتارێکی ئەدهەم بارزانی کە بە پێچەوانەی بۆچوونى هەندێک کەس بۆچوونم دەربڕیوە، ئەمە ئاسایش تێکدەدات؟.
تۆ تەنیا لەسەر نووسین فەرمانی گرتنت بۆ دەرکراوە؟
ئەدهەم بارزانی: من لەسەر نووسین فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرکراوە، ئێستاش بابەتەکە بابەتێکی ناخۆشە بۆ من، پرسەی لەدەستدانی ئەم دایکە عەزیزەیە ئەم دایکە خۆشەویستەیە، بڕیاریشم داوە کە پرسەکەی لە سلێمانی دابنێم، زۆرجار ئەم قسەیەم کردووە و ئێستاش بۆ بەڕێزتان دەیکەم، سلێمانی بۆ من بارزانە و بارزانیش بۆ من سلێمانییە، خەڵکی ئەم دەڤەرە بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازییان لەمن کرد، ئێستا لەبری ئەوەی خەڵک لە من سەرەخۆشی بکات ئەوا من سەرەخۆشی لە خەڵک دەکەم، ئەوان هێندە عەتف و تەعاتوفیان پیشانی من داوە لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ باوەڕ بکە من زۆر لە عاتیفەی ئەم میللەت و جەماوەرە زۆر بچووکترم، سوپاسیان دەکەم، وە ئەگەر من وەک کوڕێکی ئەم دایکە بڕێک ناڕەحەت ببم، بەڵام لە ئەنجامی ئەو کردەوەیەیی کە ئەوان کردوویانە کە بەڕاستی ئەم کردەوەیە کاری پیاوی گەورەکان نییە بە هیچ شێوەیەک، چونکە هیچ کاتێک پیاوی گەورە بڕیارێکی وەکو بڕیاری دوێنێ شەوی بچووک نادەن، ئەبەد.
خەڵک دەڵێن گەر کێشەیەک هەبێت لەناو حیزبەکاندا ئاساییە بەڵام خۆ ئێوە خزم و کەسی یەکترن، لێبوردەییان نەبوو بەوەی کە خزمی یەک و لە گۆشت و خوێنی یەکن؟
ئەدهەم بارزانی: من زەرەرم نەکردووە، ئەو زەرەرەی کردوومە ئەوە بووە و کەسەرێکە و داخێکە لە دڵیشمدا دەمێنێتەوە کە ئەمڕۆ و بەیانی دایکی منیان برد لە بارزان بەخاکیان سپارد و پێمنەکرا بیبینم، من زەرەرم نەکرد، من دەزانم زۆر شت بۆ ئەم میللەتە دەرکەوت کە چۆنە، زۆرشت بۆ ئەم میللەتە روون بوەوە کە چۆنە، جەنابت باسی کێشەکانی دوو حیزبت کرد وە ئێمە وەک خزم، ئەم خەڵکە هەموو دەڵێن ئەوەی کە لەگەڵ تۆ کرا وە بە حاڵی ئێمە سبەینێ چی لە ئێمە دەکرێت، ئەم پەیامەم ۱۰ بۆ ۲۰ جار بۆم هاتووە، چی لە ئێمە دەکرێت، دەبێ ئەم جەماوەرە بزانێت، ئەمە ۳۳ ساڵە چی لە تۆ ئەکرێت، هەر کات بڕەخسێت لەمە خراپتر لەگەڵ دەکرێت، ۳۳ ساڵە ئەم وڵاتە وڵاتی میللەتێک نییە، خاکی میللەتێک نییە، خاکی هەندێک کەسە کە دەسەڵاتیان لە دەستە، خاکی هەندێک کەسە کە قبوڵی نییە میللەت لێی بپرسێت، بڵێ بۆ وادەکەیت، بۆ ئەمەت برد، بەرپرسیاری مانای خۆی هەیە و ماناکەشی دیارە، بە عەرەبییەکەش هەر هەمان مانا دەدات کە پێی ئەڵێن مەسئول، المسؤل يساْل، پرسیارت لێئەکرێت بۆ ئەمەت کرد، بەرپرس پرسیاری لێئەکرێت بۆ ئەمە دەکەیت بۆ ئەمە ناکەیت، ئایا کێ لەم میللەتە جورئەتی هەیە بە بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە بڵێت بۆ ئەمەت کرد، هەرکات ئەمە بڵێت کونجی زیندان، تەعزیب، ئەشکەنجە، هەندێک لە زیندانە ترسناکەکانی ئەم وڵاتە چاوەڕێیانە، وە ئەوانەی لەم زیندانانەدا رزگار دەبن دیارە خوای گەورە بەهانایانەوە چووە، بەو شێوازە ئەم میللەتە خەبات و تێکۆشانی نەکرد، بۆ ئەمە نەیکرد، کە ئەدهەمە فەندییەک بێتە دەوڵەمەند و ملیۆنێر و ملیاردێر و هەمووشت بەدەستی ئەو بێت، کەبەسەر زەویدا بچم دەستەکانم بڵند بکەم و لە شوێنی بەرز سەیری ئەم خەڵکە بکەم و لە خوارەوەی منن و بچووکن، ئایا ئەم میللەتە لەم پێناوەدا قوربانیدا؟ هەزاران پێشمەرگەی قارەمان کە خوێنیان بەخشی بۆ ئەمە بوو؟ کە ئەدهەم وایلێبێت؟ کە کوڕی ئەدهەم و نەوەکانی ببنە شازادە و بەگزادە و فەرز بکرێن بەسەر ئەم میللەتەدا؟ نەخێر چاوەکەم نا، ئەم میللەتە بە عیشق و شەوقێکی زۆرەوە، بەخوا کاتێکیش کە شەهید دەبوون و ئەگەر بڕێک رۆحیان تێدا مابێت پێش شەهید بوونەکە یا پەنجەی شەهادەیان بەرز دەکردوە یا لێوەکانیان بە خەندەوە بەرەو ئەو ئامانجە دەچوون ئەویش کوردستان یا نەمانە.
ئێستا ئەمە نابینیت؟
ئەدهەم بارزانی: ئەم کوردستان و نەمانە پێرێ میوانێک لامبوو گوتم ئەمە یەکێک لە دروشمەکانی کە ئەڵێن بزاڤی رزگاریخوازی کوردی بوو، من ئەمە نە بە بزاڤ ئەزانم بە بەشۆڕشیشی ئەزانم، گوتی بەڵێ ئەم دروشمە بە دروستی جێبەجێ کرا، کوردستان بۆ بەرپرسان، نەمانیش بۆ ئێمەی ماڵوێران ئەمە وەڵامی بوو، میللەتێک بگاتە ئەم ئاستە، دایکە شەهیدێک بگاتە ئەم ئاستە و بڵێ خۆزگەم بە سەدام حوسێن کە خاوەنی چوار شەهید لە هەڵەبجەی شەهید بوو.
تۆ باسی سەدام حوسێنت کرد، تۆ دایکت کۆچی دوایى کرد نەتبینی، بەڵام پێموابێت هەمان مێژوو لەساڵی ۱۹۶۳دا لەگەڵ باوکیشت دووبارەبۆتەوە، باوکی رەحمەتیشت کاتێک ئەنفال دەکرێت هەر نەتبینی و سەدام حوسێن رێگەیی نەدا بییینێت، لە ساڵی ۲۰۲۵یش کەسەکانی خۆت ڕێگەت نادەن کە دایکت ببینیت؟
ئەدهەم بارزانی: بێگومان هەمان شتە کە جەنابت ئەفەرموویت، هەمان بابەت دووبارە دەبێتەوە، بەهۆی سیستەمێکی دیکتاتۆر و دڕندە لە عێراقدا، پێم نەکرا باوکم، براکانم، مامم، ئامۆزاکانم جەنازەکانیان ببینم و ئەنفال کران، ئەمڕۆ و دوێنێ شەویش کە نەیانهێشت بگەڕێمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە جەنازەی دایکمی لێبوو هەمان ئەنفالە بۆ من، ئەوان نەیانهێشت بیبینم، لێرەش بەدەستی نزیکەکانم نەیانهێشت دایکم ببینم.
کەسیان سەرەخۆشیان لێکردوویت
ئەدهەم بارزانی:نەخێر
رێگەیان داوە بە کەسە نزیکەکانی خۆت لەوێ پەیوەندیت پێوە بکەن یاخود ئەوانیش ئابڵۆقەیان لەسەرە؟
ئەدهەم بارزانی: رێگەیان گرتووە کە هیچ کەس سەردانی من نەکات.
تۆ هێڵی سووری لای ئەوان؟
ئەدهەم بارزانی: من باوەڕموایە کە دوو هەنگاو لەسەروو هێڵی سوورەوەم، من گەیشتوومەتە ئەو باوەڕە ئەوان ئەزانن ئەدهەم کێیە، من گەیشتوومەتە ئەو باوەڕە ئەوان دەزانن پێگەی ئەدهەم لەناو جەماوەری کوردستاندا چییە، نە لە بەشی باشووری کوردستان، بە شانازییەوە دەڵێم لە رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوای کوردستان، هەرئێستا و لەوانەیە پەیامەکانی قەندیلی سەربەرز شۆڕشگێرەکانی قەندیلی سەربەرز، لەگەڵ شەڕڤانە سەربەرزەکانی بەنداوی تشرین، لەو شوێنانە ئەمڕۆ پەیامەکان بەدەست من گەیشتووە.
تۆ بە قەندیل دەڵێیت سەربەرز و کەسەکانی خۆت پێیان دەڵێن، کوردستان دەشێوێنن؟
ئەدهەم بارزانی: من کوردم، من کوردم گەر سەریشم نەمێنێ، ئێستاش دەڵێم ئاڵای سەربەرزی کورد لە دەستی قەندیلدایە، هەرکات ئەو ئاڵایە لە قەندیل هاتە خوار ئەوا ئێمە دەبینە گۆشتێکی بێ ئێسک لەدەستی دوژمن، هەرکاتێک کە شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دەوری بەنداوی تشرین و کۆبانێ نەمان دەبینە گۆشتێکی بێ ئێسک لەدەستی دوژمن، سەرفرازییە بۆ من، من خاوەنی بیروباوەڕی فەلسەفەی قەندیل نیم، بەڵام من دەست ماچکەری گەریلاکانی قەندیلم، دەستیان ماچ ئەکەم، دەستی شەڕڤانانی رۆژئاوا ماچ دەکەم.
بەڵام هەر خۆت گووتت کە حیزبێک رێگایی داوە بە دەوڵەتێکی بێگانە کە بێتە ناوە و شەڕی گەریلا و قەندیل بکات
ئەدهەم بارزانی: بەداخەوە، من تاوانبار دەکرێم کە ئاسایشی کوردستانم تێکداوە، بەڵام ئەو هێزە بە هاوکاری هەمان شوێن چیا جوانەکانی ئێمە رادەست کراوە، من ئەزانم ئەو قسانەی ئێستا لەگەڵ تۆدا باسدەکەم من دەبێت باجی ئەم قسانە بدەم.
لە رابردووش هەروابوویت؟
ئەدهەم بارزانی: من باوەڕموایە کە هەمیشە باجی ئەم راستگۆییەم داوە، بەڵێنی گەورە بە من درا بەڵام نەهاتنە دی، بۆ؟ چونکە دەیزانی کە من ناتوانم لە خەت دەربچم، من ناتوانم لە کوردایەتی دەربچم، من ناتوانم وەک هەر کەسێکی دیکە دەست بۆ ماڵی ئەم میللەتە ببەم، المسؤلية امانة و جيهاد و مشقة، هیچ شتێک بۆ بەرپرسێک گەر راست ئەکات، هیچ شتێک بۆ ئەو بەرپرسە نییە دەستی بۆ ببات، ئەوەی دەبێتە موڵکی بەرپرسەکە تەنیا مەشەقەتەکەیە زەحمەتەکەیە نە شتی تر، بەداخەوە ئەم میللەتە بەرەو هەڵدێرێکی گەورە دەچێت.
لەسەر دەستی کێ؟
ئەدهەم بارزانی: لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتەی کە ۳۳ ساڵە بەم شێوەیە رەفتار لەگەڵ ئەم میللەتە دەکات، لە رێگای ئەم بەرنامەیەوە پێیان دەڵێم، وریابن، خوای گەورە دەفەرموێت ئەگەر ئێوە بگەڕێنەوە ئێمەش دەگەڕێینەوە، هەر لە ئێستاوە بگەڕێنەوە بۆ بەرەی میللەتەکە، ئەوانەی لەم بەشەی باشووری کوردستان لە دەسەڵاتدان، کامیان بە ئەندازەی سەدام حسێن ئیمکانیات و هێز و پارە و دۆلار و دەبابە و فرۆکەیان هەبوو، کێ بەئەندازەی بەشار ئەسەد، حوسنی موبارەک، زەین عابیدەین ئیمکانیاتیان هەبوو، هەرچی نەبێت ئەوان دەوڵەت بوون، ئەندامی un بوون، ئێمە خۆمان بە خۆمان دەڵێین حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەدەستوریشدا نیمچە ئیعتیرافێک هەیە بەڵام هیچ ئیعتیرافێکى پێ ناکرێت لە بەغداد کە ئێرە فیدڕاڵییە، سیستەمێکی سەقەتمان لێرە هەیە، راوەستن بەڕێزان راوەستن، ئەوەی لەدەستی دەسەڵاتدا هەیە ئەمانەتە، ئەمانەتە و ماڵی میللەتە، بەهەموو موقەدەسات بۆ من نییە دەست بۆ دۆلارێک ببەم گەر لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی دیاریکراودا نەبێت، هەموو ملیاردێرن و ملیۆنێرمان نەماوە لەم وڵاتەدا لە کوێ هات، سەیری شاری هەولێر بکە، رۆژانە شاری هەولێر دەڕوخێت لە دووکەڵدا، رێژەی شێرپەنجە چوار سەد بۆ پێنج سەد لە سەد زیادیکردووە، بۆ، سوود وەرگرتنێک لە مەسفاکاندا ئەکرێت، هی کێیە، گەر ئەم پاڵاوگەیە هی هەژارێکی هەولێری بوایە، ئایا دەیانهێشت یەک کاتژمێر کار بکات؟ نەبەخواى گەورە بەڵام پاڵاوگەکە هی ئەدهەم بارزانییە و کەس هەقی نییە کە نزیکی بکەوێت، خەڵک بمرێت یاخود تووشی شێرپەنجە ببێت یا لەناوبچێت، کێشەکە ئەمە، ئێمە جیابووینەوە لە میللەت، دەبێت هەموومان بزانین کە ئەو میللەتەی تا دوێنێ ئامادەبوو بە فەرمانەکانی ئێمە گەورەترین قوربانی بدات، ئەمڕۆ فاسیلە دروست بووە، هەر نزیکەکانی من بڕێک لە من دووربکەونەوە جنێو بە من دەدەن، بۆ کردەوەی من ئەبینێ چیم کردووە یا چی ئەکەم.
ئەمە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردسان مەترسی نییە کە بەو جۆرە داببڕێن لە میللەت و ئەوان لە بانێک بن و میللەت لە بانێکی تر بێت؟
ئەدهەم بارزانی: من باوەڕموایە نە مەترسیدارە بەداخەوە ماڵیان وێران بووە و ناحەسێنەوە، من نموونەی ئەوانەی ترم هێنا کە رۆیشتوون هەموویان، بۆ بێ هێز بوون، بێ پارە بوون، بێ ملیۆنان دۆلار بوون، بێ بیری نەوت بوون ئەوانە، پارەیان تەواو بوو لەبەر ئەوە حکومەتەکەیان لەناو چوو؟ نا لەبەرئەوە بوو میللەت لە پشتییان نەما، ئەمڕۆ کەسێک بە منی گوت، کەسێک چووە لای بەشار ئەسەد و پێی گوتووە کە سوپاکەى تۆ لە زۆر شوێن پاشەکشە دەکات، گوتی نەڵیی پاشەکشە دەکات ئەمانە یفرون من الجبهات، واتە رادەکەن، ویستی کەمێک رێزی بەشار ئەسەد بگرێت گوتی سوپاکەت لە هەموو شوێن پاشەکشە دەکات، گوتی مەڵێ پاشەکشە دەکات بڵێ رادەکەن، بۆ؟ چونکە زانییان ئەم مرۆڤە چییە، زانییان ئەم مرۆڤە لەگەڵ جەماوەرەکەی چی کردووە، چۆن مامەڵەی بە موڵک و ماڵی میللەتەوە کردووە، کەس ئامادە نەبوو پشتگیرى بکات.
بۆچی ئێمە گوێ لە یەکتر ناگرین، شتێک بیربهێنمەوە، کاتێک لە دهۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتی کە داوای لە کاک مەسعود کردووە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆببێتەوە بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی رۆژئاوا و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی پێبێنێت، بەڵام گوتی ئامادە نەبووە گوێی لێبگرێت و کۆببێتەوە لەگەڵیدا بەڵام کە فشاری نێودەوڵەتی بۆ دروست بوو لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزوڵم عەبدی کۆبووەوە.
ئەدهەم بارزانی: هەر مرۆڤێک کە لاواز بوو، هەر مرۆڤێک کاتێک بێ پێگە بوو لەناو جەماوەرەکەیدا ئەمانە چاویان لە هێزی دەرەکی دەبێت، ئەزانێ خۆی ناتوانێت لەناو میلەتەکەیدا خۆی بپارێزێت و بەهێزی جەماوەرەکەی خۆی بپارێزێت لە عەرەبیدا بەم حاڵە دەڵێن خۆی بە دەرەوە بەهێز دەکات، بەداخەوە ئێستاش من ئەبینم، من نازانم هەندێک جار لە کەناڵە بەڕێزەکانی ئێوەش ئاماژە بەمە دەکرێت بزانە چۆن مناڵانە ئێمە ئیش دەکەین، چۆن وەکو مناڵمان لێهاتووە، فڵان بانگهێشت کرا بۆ فڵان دەوڵەت، سەرۆکی فڵان دەوڵەت تەلەفونی بۆ فڵان کرد، کاکە راوەستن ئێوە سەرۆکی میللەتێکن، خۆتان مەهێننە ئاست سەرۆکی دەوڵەتەکانی تر، خۆتان بە گەورە بزانن، ئەبێتە هەڵا و بە گەورەترین تیکەر لە راگەیاندنەکان بڵاویدەکەنەوە، ئەمە باگهێشت کرا بچێتە بەرلین یا مۆسکۆ ئەوەی تر بانگهێشت نەکرا، ملیان بشکێت من بانگێشت بکەن یا نەمکەن، من نوێنەری گەلێکم، ئایا گەلی ئەوان بەهێندەى گەلی من قوربانی داوە تا شانازی بە بانگهێشتی ئەوان بکەم، ئایا لەبیرمان چووە تەنیا لە یەک شوێن ۱۸۲ هەزار ئەنفالمان داوە؟ ئایا لەبیرمان چووە لە شوێنێکی تر ۸ هەزار بارزانی بۆتە قوربانی، لە شوێنێکی تر ۵ هەزار فەیلی قوربانیمان داوە، خۆدەرخستنی سیاسییەکانی ئێمە ئێستا بەو خاریجیانەیە، کاکە راوەستن خۆتان بچووک مەکەن، ئەمە چ سیاسەتێکە، چ تێگەیشتنێکە، خۆتان تەسلیمی ئەم دیو و ئەو دیو دەکەن، یا ئەو گەر تۆی قبوڵکرد دەمێنیتەوە و قبوڵی نەبوو نامێنیتەوە، مرۆڤ گەر بە میللەتەکەی نەمێنێتەوە و سەربەرز نەبێت ئەوا بەهەرچی دەوڵەتی دنیایە سەربەرز نابێت، ئەتوانێت هاوکاری لە شوێنێک وەربگرێت بەڵام سەربەرز نابێت، ئەوەی لێرە دەکرێت پێویستی بە گۆڕانکارییە، لە ناخی میللەتی کوردا لە ناخی جەماوەردا لە ناخی سیاسییەکاندا، ئەچین بۆ هەڵبژاردنەکان، دوای ۳۳ ساڵ هەڵبژاردنەکانی ئێمە چی لێهاتووە.
هیچ پەیامێکت ماوە؟
ئەدهەم بارزانی: سوپاستان دەکەم، سوپاسی جەماوەری کوردستان دەکەم بە پەیامەکانیان، من ئەم پرسەیە بە پرسەی هەموویان دەزانم، ئومێدەوارم ئەوانەشی رێگرییان لێکرد کە دایکم ببینم هیدایەتیان بدات، گەر هەڵەش کرا دەبێت مرۆڤ ئەوەندە گەورە بێت کە دان بەهەڵەی خۆیدا بنێت.
Your Comment