دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ نەسرۆڵڵا ڕەشنوودی، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر:
ڕووداو: پەرەسەندنی جیدی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران چییە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی و عێراق و کۆماری ئیسلامی بەگشتی، پەیوەندییەکی دێرینە و پاشخانێکی مێژوویی هەیە. ئێمە دوو دراوسێی کۆنین و پەیوەندیی مێژوویی، مەزهەبی، کەلتووری، ئابووری، بازرگانیی هاوبەشمان هەیە و بە راستی رەنگە یەکێک لەو بابەتانەی کە هەردوو لایەن گرنگی پێ دەدەن و ویستی بۆی هەیە، بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە بێت.
ڕووداو: با بێینە سەر بابەتی بازرگانی. ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان چەندە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بە خۆشحاڵییەوە مامەڵەی بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرچاوە، لەنێوان ۴۰٪ تاوەکو ۴۵٪ـی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق، لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و ئەوەش ئامارێکی جێگەی سەرنجە. سوپاس بۆ خودا، لە چەند ساڵی رابردووشدا رەوتەکەی بەرەو گەشە و زیادکردن بووە. بەڵام ئەمە بە شێوەیەکی یەکلایەنەیە و پێویستە ئەم پەیوەندییە بازرگانییە دوولایەنە بێت و تەنیا هەناردەکردن نەبێت لە لایەن ئێمەوە. پێویستمان بەوە هەیە کە هەندێک لە پێداویستییەکانمان لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دابین بکرێن. پشتیوان بە خودا، پێویستە هاوردە و هەناردە ببێتە دوولایەنە و ببێت بە هۆکاری سەقامگیری و هاوسەنگی لەنێوان هەردوو لایەن، چ پێداویستییەکانی ئێمە دابین بکرێن و چ پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش، لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی کە هەمانە.
ڕووداو: لە ماوەی نزیکەی ئەو شەش ساڵەی کە بەڕێزتان لێرە بوون، رۆڵێکی گەورەتان لە نزیککردنەوەی پارێزگاکان هەبووە. کاریگەری ئەو پەیوەندییانە چی بووە، بە تایبەت لە بابەتی پەیوەندییە بازرگانییەکان؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: کاتێک هاتم بۆ ئێرە و بەرپرسیارێتیم وەرگرت، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەبوون و بەهۆی هێرشەکانی داعش و ڕووداوە تیرۆریستییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چەندین کێشەمان لە ناوچە سنوورییەکان و لە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان هەبوو.
یەکێک لەو کارانەی کرا، دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگی و کێشانە بوون کە لە سەر رێی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان هەبوون و بە خۆشحاڵییەوە ئەوانە دەستنیشانکران و سوپاس بۆ خودا لە چەندین کۆبوونەوەدا چ لە ناوچە سنوورییەکان و چ لە نێوان پارێزگارەکان، هەروەها لە سەمینارەکاندا بە بەشداری پارێزگارەکان، توانیمان ئەو کێشانە چارەسەر بکەین و سوپاس بۆ خودا ئەو ئاستەنگانە هەڵگیران.
ئەمڕۆ لە ناوچە سنوورییەکانمان، ئاستەنگی و کێشە هەر هەن، بەڵام کەمترن و دەکرێ چارەسەر بکرێن. زۆربەی ئەو کێشانە ئیدی پێویست ناکات بۆ چارەسەرکردنیان بگەڕێیتەوە بۆ ناوەند و دەکرێت لە دەروازە سنوورییەکان بە کۆبوونەوەی نێوان بەرێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکان ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.
ڕووداو: پرۆتۆکۆلێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەبارەی سنوورەکان هەیە کە ۱۴ خاڵە. هەندێک لە خاڵەکان جێبەجێ نەکراون. یەکێک لەو خاڵانەی گرفتی هەیە ئەوەیە کە بە گوێرەی پرۆتۆکوڵەکە، پێویستە دەروازە سنوورییەکان ۲۴ کاژێر کراوە بن، بەڵام بەو جۆرە نییە. چیتان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: سنوورەکان بە گشتی ئێستا ۲۴ کاژێرین. یەکێک لە بەندەکانی رێککەوتنەکەمان ئەوە بوو کە سنوور ۲۴ کاژێر کراوە بێت. هاتووچۆ لە ۲۴ کاژێردا هەیە، پەیوەندییە بازرگانییەکانیشمان رۆژانە لە ۲۴ کاژێردا هەن، بەڵام هەندێک جار یان ئۆتۆمبێل نییە، یان پێداویستییەک نامێنێت بۆ گواستنەوە لە سنوورەکان یانیش بەشێک لەو کەسانەی کە وەکوو دەستی کار هەژمار دەکرێن و بۆ گواستنەوە لەوێ کار دەکەن، ئامادەیی پێویستیان نییە، بۆیە هەندێک جار لەوانەیە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە پشوودان دا بن، هەڵبەت بە هاوئاهەنگی لایەنەکان لەگەڵ یەکدی.
هەر کاتێک و لە هەر کاژێرێکدا کەلوپەلێک ئامادە بێت بۆ گواستنەوە، دەروازە سنوورییەکان ئامادەییان هەیە و ئەو دەروازە سنووریانە داناخرێن، تەنیا لە کاتێکدا نەبێت کە بازرگانان خۆیان ئامادەییان نەبێت لە کاژێرێکی شەودا لەوێ ئامادە بن و بارەکەیان بگوازنەوە یان ژمارەیەک لە شۆفێران بەهۆی دۆخی نەگونجاوی رێگەکان کە هێشتا کێشەکانیان چارەسەرنەکراوە، شەوانە کەمتر هاتووچۆ دەکەن؛ بۆیەش شەوان لە چەند کاژێرێکدا هاتووچۆ کەمتر دەبێت.
ڕووداو: بە گوێرەی پرۆتۆکولەکە، لە دەروازە سنوورییەکان تەنیا سێ رۆژ پشووە؛ نەورۆز، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان، بەڵام ئەو رۆژانەی سنوورەکان دادەخرێن زۆر زیاترە و وەک دەگوتریت، زیاتر لە دیوی ئێرانەوەیە. هۆکار چییە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: نەخێر، هەندێک دۆخی نائاسایی هەن. بۆ نموونە، وەک مژاری سەرژمێری کە کارێکی چاوەڕواننەکراوە و روودەدات. بەم دواییانە سەرژمێریتان کرد و دەروازە سنوورییەکان داخران. ئەوە یەکێکە لە دۆخە نائاساییەکان کە روودەدات و بە ناچاری هەر لەو کاتەدا بریاری لەسەر دەدرێت. لەوانەیە هەڵبژاردنێک بکرێت؛ لەوانەیە سەرژمێرییەک بکرێت یان هەر کارێکی دیکە کە ببێتە هۆکارێک بۆ پێویستیی داخستنی سنوورەکە. بەڵام هەر وەک گوتتان، بە فەرمی هەمان ئەو سێ رۆژەمان هەیە لە نێوان هەردوو لایەن وەک پشووی فەرمی.
ڕووداو: دەبێت هەر سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەی نێوان پارێزگارەکان هەبێت، هەموو مانگ جارێک لەنێوان قایمقامەکان و هەموو هەفتەیەک جارێک لە نێوان بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان، ئەوە بە پێی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە، بەڵام وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت. نابینین کە سێ مانگ جارێک پارێزگارەکان کۆببنەوەو یان مانگانە قایمقامەکان. بۆچی؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: هۆکاری جیاواز هەن کە ئەمە روونادات. هەندێکجار ئاستەنگی و کێشەیەکی وا نییە کە پێویستیی بەوە هەبێت بەرپرسانی هەردوو لایەن پێکەوە کۆببنەوە لەسەری و تاوتوێ بکەن. بۆ نموونە، کێشەیەک روودەدات و بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و کێشەکە چارەسەر دەکەن، ئیدی پێویستی بەوە نامێنێت کە پارێزگارەکان کۆببنەوە یان قایمقامەکان کۆببنەوە، بۆیە ئەم لێکتێگەیشتنە هەیە. هەر کاتێک پێویستی کرد ئەو کۆبوونەوانە دەکرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێویستی بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان نامێنێت، کۆبوونەوەکان ناکرێن یان دوادەکەون؛ هەندێک جاریش بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە، بۆ نموونە پارێزگار دەگۆڕدرێت یان بەرپرسانی پارێزگا دەگۆردرێن و ئەمانە دەبنە هۆکار کە دواکەوتنەکان زیاتر بن. بەڵام بە گشتی یەکێک لەو شتانەی لە سیاسەتی دراوسێتیدا، بە تایبەت لە کاتی سەرۆککۆماریی شەهید رەئیسیدا بناخەکەی دانرا، پەیوەندی پارێزگاکانی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەمانە و بە خۆشحاڵییەوە توانیومانە دوو سێ سەمینار لەنێوان هەردوو لایەن بەڕێوەببەین کە ئەنجامێکی باشیان لەسەر هاوکارییەکان و چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان دوو لایەن هەبووە.
ڕووداو: پرسێکی دیکە بابەتی ترانزێتە لە سنوورەکان. هەرێمی کوردستان رێگە بە ترانزێتی هەموو ئەو بارهەڵگرانە دەدات کە لە ئێرانەوە دێن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هەندێکجار کۆسپ دروست دەکات و رێگە نادات بەو بارهەڵگرانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچن، لە ئێرانەوە یان لە ئازەربایجانەوە یان هەر وڵاتێکی دیکە ترانزێت بکەن. ئەمە بۆچی؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: هەلومەرجی گواستنەوە لە رێگەی وشکانییەوە هەلومەرجێکی تایبەتە بۆ هەر وڵاتێک. یەکێک لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە هەندێک کاتدا رێگری لە هاتووچۆی بارهەڵگرە عێراقییەکان بکات، نەگونجانیان لەگەڵ ستانداردی رێگەوبانەکانمانە. ئەوانە باری زیاتر هەڵدەگرن، بۆیە ناتوانن لە رێگەکانی ئێمەدا هاتووچۆ بکەن. ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و رێگەیان پێ نادرێت. تەنانەت بارهەڵگرە ئێرانییەکانیش ئەگەر هەمان دۆخیان هەبێت، رێگەیان پێنادرێت. یان ئەو ترانزێتەی کە دەکرێت، وڵاتی مەبەست وەریناگرێت. بۆ نموونە، ژمارەیەک لە بازرگانانی ئێوە هەندێک شت دەنێرن بۆ دراوسێیەکمان لە رۆژهەڵاتی ئێران، بەڵام ئەوان رێگری دەکەن. رێگریکردنی ئەوان و قبووڵنەکردنیان دەبێتە هۆی ئەوەی لە سەر سنوورەکانمان کۆببنەوە. بۆیە رێگری دەکرێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەو گڕێیانە دەکرێنەوە. بە گشتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە شوێنی ترانزێتە، رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاسیا بە یەکەوە دەبەستێتەوە و لەم بوارەدا ئەوپەڕی هاوکاریی هەیە. مەگەر کێشە و ئاستەنگیی لەم شێوەیە دروست ببێت یان ناهاوئاهەنگی هەبێت لەنێوان شوێنی مەبەست و شوێنی نێردەر، هەروەها ترانزێتی لە لایەن ئێمەشەوە بۆ هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە دەکرێت تووشی هەمان هەلومەرج ببێت.
ڕووداو: خاڵێکی دیکە هاتووچۆی خەڵکە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان. ئۆتۆمبێلی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ هیچ پارەیەک دێتە نێو هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵک ئەگەر لە هەرێمی کوردستانەوە بچن بۆ نێو کۆماری ئیسلامی ئێران، ۲۵۰ دۆلار بیمە دەدەن و ئەگەر تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ ببن، لە راستیدا چاک ناکرێتەوە. لێرەدا بۆچی مامەڵەکردن هاوشێوە نییە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: لەنێو کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ئۆتۆمبێلێک بێ بیمە ناتوانێت هاتووچۆی پێ بکرێت. ئەو ئۆتۆمبێلانەی بیمەیان نییە، رایاندەگرن و سزا دەدرێن. بیمە لە پێداویستییەکانی گواستنەوەیە، بە تایبەت لە بواری گواستنەوەی گەشتیارییدا و ئەمە بەشێکە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی و پێویستە ئۆتۆمبێلەکان بیمەیان هەبێت، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر یاسایەکی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و پسپۆڕان و بەرپرسانی گەشتیاریی ئێمە هاتن بۆ ئێرە و چەندین کۆبوونەوە سازکران لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار، تەنانەت لەگەڵ بەڕیز رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆش کۆبوونەوەیەکیان کرد و بریاردرا کۆمپانیایەک بناسێنن کە بتوانێت ئەمە جێبەجێ بکات، بەڵام لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی نەناوە. ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی دەچێتە ئێران، دەتوانێت بە کەمترین تێچوو بەڵگەی هاتووچۆ وەربگرێت، کە وەک وڵاتینامە یان پاسپۆرتە بۆ ئۆتۆمبێل و کەسەکە دەتوانێت بەوە هاتووچۆی هەموو شوێنێکی ئێران بکات و لە ساڵێکدا دەتوانێت ۱۰ جار بە هەمان مۆڵەت هاتووچۆ بکات. کەرتی گەشتیاریی ئێمە ئەو ئامادەییە پێویستییەی تێدایە. چەندین کۆبوونەوەش کراون، سەردانیان کردووە و زۆریش بەدواداچوونیان کردووە، بەڵام لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە کۆمپانیایەک کە بتوانێت ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، تاوەکو ئێستا پێمان رانەگەیێندراوە، سەڕەرای ئەوەی چەندینجار نامەمان ناردووە و داوامان کردووە.
ڕووداو: ئاستی هاتووچۆ ئێستا چەندە؟ ساڵانە چەند کەس لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و چەند کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ئێران؟
نەسرۆڵڵا ڕەشنوودی: ئەو کاتەی ڤیزەمان هەبوو هاتووچۆ کەمتر بوو. لە هەندێک رۆژدا تاوەکو شەش هەزار و ۵۰۰ ڤیزەمان دەدایە خەڵک. لەو کاتەوەی ڤیزە هەڵگیراوە، ئاساییە کە هاتووچۆکردن زۆر لەو ژمارەیە بەرزتر بێت. لەبەر ئەوەی لەسەر سنوور روودەدات، هەروەها لە نێو ئامار و تۆماری کۆنسووڵی گشتیدا باسی ناکرێت، بەڵام ئامارێکی بەرچاوە.
ڕووداو: شەش هەزار و ۵۰۰ ڤیزە تەنیا لە هەولێر؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: شەش هەزار و ۵۰۰ ڤیزە تەنیا لە هەولێر لە رۆژێکدا، جگە لە سلێمانی. بە گشتی لە سلێمانیش هەر ئەوەندە و هەندێکجار زیاتریش.
ڕووداو: ژمارەیەک گەشتیاری هەرێمی کوردستان گلەییان هەیە لە مامەڵەی ئەمنی لەنێو ئێران و دەڵێن لە خاڵە سەربازییەکان و لە خاڵەکانی پشکنین سەیری مۆبایلەکانیان دەکەن، سەیری وێنەکانی نێو مۆبایلەکانیان دەکەن و ئەگەر کەسێک وێنەیەکی هەبێت کە بە دڵی لایەنی ئەمنیی ئێران نەبێت، رووبەڕووی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە دەبێتەوە. خەڵکیش هەیە دەستگیرکراوە لەسەر ئەو بابەتە. بۆچی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: لە رێگەی نووسینگەی پەیوەندییەکانەوە زانیاریمان پێدرا لە سەر چەند نموونەیەکی لەو شێوەیە و بەدواداچوونمان کرد. بەشێک لەو زانیارییانە دروست نین، هەندێک جاریش بابەتەکە گەورە دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی. خاڵەکانی پشکنین کە دادەنرێن، کۆمەڵە ئەرکێکیان هەیە، ئەوانە لە پێناو ئاسایش و لە بەرامبەر ئەو هاتووچۆیەی دەکرێت، هەندێکجار پشکنین دەکەن و پرسیار دەکەن و ئەو پرسیارکردنەش واتای بێرێزیکردن ناگەیێنێت. هەموو ئەوانەی لەوێ بەرپرسیارن، کەسانێکن کە پەروەردە کراون و شارەزای کارەکەیانن، بۆیە هەندێکجار هەندێک قسە دەکرێت، کاتێک بەداواچوونی بۆ دەکەیت، دەبینیت راست نییە یان لەو ئاستەدا نییە. کاتێک هاووڵاتیانی ئێرانی دێنە نێو عێراق و هەرێمی کوردستان، چەندین خاڵی پشکنین هەن کە هەر یەکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان پرسیار دەکەن و لێپێچینەوە دەکەن.
ڕووداو: پرسیارکردن ئاساییە، بەڵام ئایا سەیرکردنی مۆبایل ئاساییە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: سەردەمێک ئەو شتە هەبوو، دواتر لەگەڵ هاوڕێیانمان لە پارێزگای ئازەربایجان قسەمان کرد و ئەو کەسانەی کە ببوونە هۆی دروستبوونی دۆخەکە، جێگۆرکێ بە شوێنەکانیان کرا و لەوێ نەمان؛ بۆیە دەمێکە شتێکی لەو شێوەیە رووینەداوە و لەم بارەیەوە هیچ راپۆرتێکیش نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە. ئەوە لە ماوەی دوو سێ مانگیدا بوو، یەک دوو کەسی نەشارەزا لەوێ هەبوون کە سوپاس بۆ خودا چارەسەرکران، لەو کاتەوە هیچ شتێکی وا رووینەداوە.
ڕووداو: لە کۆبوونەوەی ۱۵-۰۳-۲۰۰۸ کە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرانە فەرمی، کۆمەڵە خاڵێک هەبوون، یەکێک لەوانە نەوەک تەنیا ئاڵۆگۆڕی بازرگانی بەڵکوو پەیوەندی کولتووری و وەرزشی بەشێک بوو لە پرۆتۆکۆلەکە. لە ئاستی کەلتووری و وەرزشیدا چیتان کردووە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بە خۆشحاڵییەوە ئێمە وابەستەیەکی کەلتووریمان هەیە لە هەولێر و وابەستەیەکی کەلتووری لە سلێمانی. ئەم دوو ناوەندە چالاکیی باشیان هەیە. ئەمڕۆ دەتوانم مژاری کردنەوە و دەستپێکردنی ناوەندی زمان وەکو یەکێک لە کارە کەلتوورییە باشەکان کە پێویست بوو و داواکاریی توێژە جیاوازەکان، حیزب، گرووپ و ژمارەیەک لە رێکخستنەکان بوو، رابگەیێنم. مۆڵەتە پێویستەکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوون و لە هەفتەی داهاتوودا تۆمارکردن دەستپێدەکات و ئامادەیی پێویست بۆ تۆمارکردن هەیە. هاتووچۆی گەشتیاری نێوانمان، ئێستا دوو گەشتی ئاسمانیمان لە هەفتەیەکدا هەیە؛ گەشتێکی ئاسمانیش پشتیوان بە خودا لە ۱۹-۱۲-۲۰۲۴ بۆ دوورگەی کیش دەستپێدەکات بە مەبەستی گەشتیاری و هیوادارین خەڵک بتوانن بە باشی سوود لەو گەشتە ئاسمانییە وەربگرن. بە پشتیوانی خودا، یەکەمین گەشتی ئاسمانی لە ۱۹-۱۲ دەستپێدەکات. سەرەتا لەوانەیە گەشتێک بێت لە هەفتەیەکدا و دواتر لە کاتی پێویست زیاتر دەکرێت.
ئێمە پەیوەندییەکی زانستیی باشمان هەیە. ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئێران لە بوارە جیاوازەکاندا خەریکی خوێندنن؛ هاتووچۆشیان ئاسانە و دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
هەوڵ دەدەین ناوەندێکی کولتووری لێرە بکەینەوە، داواکاریشمان پێشکێش کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتەکە رازی نەبووە. هەر کاتێک رازی ببێت، ئێمە دەتوانین بە زووترین کات ناوەندەکە دابمەزرێنن. بەڵام هاتووچۆی زۆر باش لە نێوان گەشتیاریی ئێمە و گەشتیاریی لێرە هەیە و دەکرێت گەشە بدرێت و بگەیێنرێتە ئاستێکی باش.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان ناوەندێکی زانستی و پەروەردەمان هەیە. کۆمەڵگەی پەروەردەیی ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ئێرانییانەی لێرەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن بخوێنن؛ ۵۵۰ قوتابی هەیە و ۱۲ قۆناخی خوێندن. بۆ ئاسانکاریی ئامادەبوونی ئەو قوتابیانە لە زانکۆکانیش، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تاقیکردنەوەی تایبەت بە زانکۆمان لە هەولێر کرد. ئەو تاقیکردنەوەیە بۆ هەموو عێراق لقەکەی لە هەولێرە، کە ئەمە خاڵیکی زۆر ئەڕێنییە و دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت. بۆیە ئەو کەسانەی لەو کۆمەڵگە پەروەردەییەدا خوێندنیان تەواو کردووە یانیش ئەوانەی پێشتر خوێندوویانە، سوودی لێ وەربگرن و لە زانکۆکانی ئێران بەردەوامی بە خوێندنیان بدەن. پەیوەندیی کەلتووریی باشمان هەیە. هەندێک لە دامەزراوە وەرزشییەکانی ئێمە لەگەڵ دامەزراوە وەرزشییەکانی ئێرە پەیوەندییان هەیە، بە تایبەت لەو پارێزگایانەی سنووریین. لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا ئەم پەیوەندییە لەنێوان هەر دوو لایەندا دروست بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانین بڵێین لە ئاستێكی باشدایە. توانایەکی زۆرمان هەیە کە دەکرێ بە شێوەیەکی باشتر سوودی لێوەربگیرێت و پێویستیمان بە پەیوەندی لە بواری کەلتووری هەیە و بە پشتیوانی خودا هەردوو لایەنمان بتوانین لەو بوارەدا زیاترین سوود بکەین.
ڕووداو : لە ۱۹-۱۲ـەوە خەڵک دەتوانن راستەوخۆ لە هەرێمی کوردستانەوە بڕۆن بۆ دوورگەی کیش و بگەڕێنەوە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بەڵێ، دەتوانن بچن بۆ کیش و بگەرێنەوە. لە بابەتی پەیوەندی کەلتووریدا کە پرسیارتان کرد و من لەبیرم چوو باسی بکەم، بابەتی ئەربەعینە. ئەوە سێ ساڵە رێگەی هەرێمی کوردستان بەڕووی زیارەتکارانی ئیمام حوسێندا کراوەتەوە کاریگەرییەکی زۆر باشی لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کردووە. ژمارەیەکی بەرچاوی زیارەتکارانی ئێمە لەم رێگەیەوە هاتووچۆیان کرد و سوودیان لێ وەرگرت. لێرەدا بە راستی بە پێویستی دەزانم سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت دەزگەی خێرخوازی بارزانی بکەم کە لەم دوو سێ ساڵەدا ئەوپەری هاوکارییان کردووە؛ هیوادارین لە داهاتوودا گرنگیی زیاتر بدرێت بەو بابەتە و زیارەتکاران بتوانن بە درێژایی ساڵ هاتووچۆ بکەن. هەڵبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی پێویستی بۆ ئەم کارە هەیە کە بە درێژایی ساڵ ئەوە بکرێت. بەڵام لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دا پێویستی بە هاوئاهەنگییەک هەیە، بۆ ئەوەی رێگە بدەن بەو کەسانەی لە رێگەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێن، بتوانن بەرەو مەزارگەکان بڕۆن. ئەوە پێویستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا هەیە و ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین و داوامان کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەوبارەیەوە هەوڵ بدات بۆ ئەوەی ئەمە جێبەجێ بکرێت.
ڕووداو: ژمارەی ئەو ئێرانییانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەژین چەندە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بەپێی ژمارەیەک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، زیاتر لە ۱۰ هەزار کەسن، بەڵام ژمارەیەکیش هەن کە بۆ کار هاتوون یان کەسانێکن کە مانگانە هاتووچۆ دەکەن. ئەگەر ئەوانەش زیاد بکەین، لەوانەیە چوار یان پێنج هەزار کەسێک بن.
ڕووداو: لە ساڵی ۲۰۰۶دا ئێران گەورەترین ناوەندی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام دواتر داخرا. هۆکاری داخستن و نەکردنەوەی ناوەندەکە چی بوو؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بەهۆی ئەو بابەتانەی کە ئەوکات هاتنەپێشەوە، ئێوە دەزانن ئەو قەیرانانەی کە ئەوکات لە ناوچەکە روویاندا، وەکو بابەتی چالاکیی تیرۆریستیی ئەلقائیدە و دواتر داعش، کاریگەریی راستەوخۆیان بەگشتی لەسەر کەرتی بازرگانیی ناوچەکە هەبوو، هەروەها بازرگانانیش زۆر خوازیار نەبوون ئەو میکانیزمە بەردەوام بێت، بەڵکو بە شێوەی دیکە لە چالاکییەکانیان بەردەوام بوون یان نوێنەرایەتییان کردەوە یان خۆیان لایەنی تایبەتیان بۆ خۆیان پێکهێنا یانیش بازرگانانی عێراقی خۆیان دەچوون و کاڵاکانیان راستەوخۆ دەکڕی، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خودا لە دۆخێکی باشداین، هەوڵ دەدرێت پەنا بەخودا ئەو ناوەندە یان شوێنێک بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی کاڵای ئێرانی بۆ شوێنی دیکە کەڵکی لێ وەربگیرێت، ئەم بابەتە هەوڵی بۆ دەدرێت و پەنا بە خودا شتێکیش روودەدات.
ڕووداو: پێشتر نزیکەی ۸۰٪ـی بەرهەمی نێو مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان کاڵای ئێرانی بوون، بەڵام بۆچی ئێستا کەمبوونەتەوە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بازرگانی جۆرێک رکابەرییە، بەڵام پێمان وایە ئێستا بوونی کاڵای ئێرانی نەوەک تەنیا کەم نەبووەتەوە، بەڵکو روو لە زیادبوونە. لێکدانەوەی ئەم بابەتەش بەپێی ئامارێکە کە دەروازە سنوورییەکان بە ئێمەی دەدەن. ئێستا بەراورد بە رابردوو، جگە لەو ماوەیەی کە گەیشتبووە لووتکە و لە ناکاو کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی لە سەرانسەری ناوچەکە بەخۆیەوە بینی، رووی لە زیادبوون بووە و ئەمڕۆ سوپاس بۆ خودا، کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و تەنانەت لە پارێزگاکانی دیکەی دراوسێی هەرێمی کوردستانیش وەک نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەدین لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە گواستنەوەی کاڵامان بۆیان هەیە و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایانە هەروەها بازرگانانی ئێرانیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پارێزگایانە بەردەوامن و تا رادەیەک پەرەسەندنێکی بەرچاو لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
ڕووداو: پێم وایە بەڕێزت ئەرکەکەت لە هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و کۆنسووڵێکی نوێ دەنێردرێت. ئەوەی کە دەیبینم کارێکی زۆرت کردووە لەم شەش ساڵەدا. بۆچی ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: من بۆ سێ ساڵ ئەرکم پێ سپێردرا بوو و سێ ساڵ لێرە لە ئەرکدار بووین، دوو ساڵیش زیاتر ماوینەتەوە و ئەوە بەشێکیش لە ساڵی سێیەم. ئەوە پڕۆسەیەکی کارگێڕییە و دەبێت بکرێت. هەر دەستپێکێک کۆتاییەکی هەیە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەم پڕۆسەیە وەکو ئێوە دەڵێن، ئەو بابەتانەی لە درێژەی ئەم چەند ساڵەدا هاتنە پێشەوە، هەر کامەیان دەکرا ببنە هۆی کێشەی جۆراوجۆر، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە شایەتی پەیوەندییەکی زۆر باش، کاریگەر و ئەرێنین. ویستێکیش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.
دەزانن کە عێراق بەگشتی وەکو وڵاتێکی دراوسێ و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بۆ ئێمە گرنگن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەگەڵ ئەم ناوچەیە کاری لەپێشینەی بازرگانیی ئێمە دەبێت. سەقامگیری و ئاسایشی عێراقیش بۆ ئێمە گرنگ و جێگەی بایەخە؛ بۆیە سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ لە پێگەیەکداین کە دەکرێت بڵێین لە لووتکەی پەیوەندییەکانین. سەردانی بەڕێز سەرۆککۆمار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرخەری پێداگری و ویستی هەردوولایە بۆ ئەوەی بتوانن ئەم پڕۆسەیە بگەیێننە قۆناخێکی باشتر کە بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ زەوینەکە رەخساوە و خەریکە پەرەی پێدەدرێت.
ڕووداو: کۆنسووڵی نوێ کێ دەبێت لە هەولێر؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: پشتیوان بە خودا سەرکۆنسووڵی نوێ لە هەولێر بەڕێز ئەسەدییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دێت و دەیبینن. بەڕێز فەرامەرزی ئەسەدی ئێستا لە سلێمانییە و بەڕێزیان دێنە ئێرە و جێگیر دەبن.
ڕووداو: یەکێک لە ئاڵنگارییەکان بابەتی ئەمنی بوو لە ساڵانی رابردوودا. ئێستا رێککەوتنێکی ئەمنی هەیە لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنەکەوە پابەندە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی، پێشینەی هەیە و نوێ نییە، بەرلەوەی کە ئەم رێککەوتنە ئەمنییە لەنێوان ئێمە و عێراق بە ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان واژۆ بکرێت. ئێمە نزیکەی ۲۰ کۆبوونەوەی ئەمنیمان کردبوو کە دەرئەنجامی ئەو ۲۰ کۆبوونەوە ئەمنییە بووەتە ئەو رێککەوتننامە ئەمنییەی کە لەنێوان هەردوولا واژۆ کرا. ئەم رێککەوتننامەیە چەندین خاڵی تێدایە کە بەشێک لە خاڵەکان تاڕادەیەک جێبەجێ کراون. گرنگ ئەوەیە کە ئیرادەی هەردوو لایەن ئەوەیە کە رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت. کاری باش کراوە، بەڵام بەس نییە، بەڵکو پێویستە رێککەوتننامەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئێمە بە بەردەوامیی بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکە دەکەین و بە خۆشحاڵییەوە دوایین دانیشتن کە هەفتەی رابردوو لە تاران بەڕێوەچوو و هاوڕێیان چوونە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوێ کۆبوونەوەیەک بۆ بەدواداچوون بە بابەتەکاندا هەبوو. بەگشتی کاری باش کراوە، بەڵام پێویستە کە پەنا بەخودا ئەو هەنگاوانە بە ئەنجامی کۆتایی بگەن کە لە راستیدا پەنا بە خودا هۆکاری تێکدانی پەیوەندییەکانی دوو لایەن خەریکە بۆ هەمیشە چارەسەر دەکرێت.
ڕووداو: کەواتە بە بۆچوونی ئێوە هێشتا رێککەوتنەکە هەمووی جێبەجێ نەکراوە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: نەخێر، نەوەک تەنیا بە بۆچوونی ئێمە، بەڵکو بە بۆچوونی هەرێمی کوردستانیش هەر بەوشێوەیە.
ڕووداو: ئەو نیگەرانییانە چین کە لە رووی ئەمنییەوە هەتانن؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: ئێمە دوو دراوسێین کە دەبێ ئەوپەڕی متمانەمان بە یەکدی هەبێت. ئەگەر لەلایەن دراوسێیەک بەردێک هاوێژرا و شووشەی ماڵی دراوسێکەی شکا، ئەوە دراوسێیەتی نییە. ئێمە هیچ نیگەرانییەکمان لەلایەن خودی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەو هۆکارانەی لێرە هەن هۆکاری کاریگەرن لەم پەیوەندییەدا و هۆکاری تێکدانی پەیوەندییەکانی ئێمەن. ئێمە لە رابردوودا ئەم بابەتەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقیش هەبووە، کاتێک گرووپی "مونافقین" لە پارێزگای دیالە بوون، ئەو گرفتانە هەبوون. حکومەتی عێراق بڕیاری دا، کۆی کردنەوە و لە عێراق کردنیە دەرەوە، دواتر چوون بۆ ئەلبانیا و وڵاتانی دیکە. عێراق گرفتی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران چارەسەر کرد، واتە ئێمە ئێستا لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق، ئەو هۆکارە کاریگەرە تێکدەرەی پەیوەندییەکانمانی چارەسەر کرد، ئێستا هۆکاری کاریگەر و تێکدەری پەیوەندییەکانمان لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئەو رێککەوتننامە ئەمنییەی کە لە نێوانمان واژۆ کراوە، پەنا بە خودا بۆ چاککردنەوەی بابەتەکانە کە بتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە. ئێمە ئومێدەوارین حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەکە بە تەواوی جێبەجێ بکات و دڵنیاین کە ئەگەر ئەم بابەتە جێبەجێ بکرێت، ئەو هۆکارە تێکدەرانە لەنێودەچن و ئەو پەڵە رەشە پشتیوان بە خودا ناتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانمان هەبێت.
ڕووداو: داواتان کردووە ئەوانیش ببرێنە وڵاتێکی دیکە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: ئەو رێککەوتننامەیە چەندین خاڵ لەخۆدەگرێت و ئەو خاڵانەی کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە، دەبێت جێبەجێ بکرێن.
ڕووداو: باسی دراوسێی باشت کرد، لەوانەیە ئەوانیش بڵێن ئێران دراوسێیەکی باش نییە ئەگەر بە مووشەکی بالیستی لە هەرێمی کوردستان بدات؟
نەسڕوڵڵا ڕەشنوودی: من پێموایە ئەم پرسیارە ئەگەر وەڵام نەدەمەوە باشترە.
ڕووداو: ئێستا لە ئاستی سیاسیدا پەیوەندیتان لەگەڵ حیزبەکانی هەرێمی کوردستان چۆنە؟ ئێوە هیچ رۆڵێکتان لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان هەیە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: سەرەتا ئێمە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن زۆر خۆشحاڵ بووین، هەڵبژاردنێک کە دەکرێت بڵێین بەراورد بە رابردوو، هەڵبژاردنێکی نوێ بوو و ئەنجامەکەی بە شێوەیەک بوو کە بەشێک لە حیزبەکان لەوانەیە ناڕەزاییەکیان هەبووبێت، بەڵام لە رووی یاساییەوە ئەوانە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بەپێی یاسا هەرچی روویدا، بەڵام پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە مامەڵەی ئەو حیزب و لایەنانە هەیە کە کورسییان بەدەستهێناوە، پشتیوان بە خودا دەبێ و ئێمەش ئومێدەوارین کە بە زووترین کات ئەم بابەتە بێتە ئاراوە و مامەڵەیەکی باش لە نێوان حیزب و لایەنەکان ببینین.
من پێشتریش گوتبووم سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە، هەروەها عێراق؛ ئەمە بە مامەڵەکردن پێکدەهێنرێت. سەرجەم حیزب و لایەنەکان، کەسایەتییەکان بە جۆرێک کاتی خۆی میوانی ئێمە بوون لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ هەمووان هەیە، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، حیزبەکان و کەسایەتییەکان پەیوەندیی دۆستانەمان هەیە و حەز دەکەین کە ئەو لایەن و حیزبانە لە تەنیشت یەکدی بتوانن بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بگەن و بتوانن پێکەوە هاوبەشییان هەبێت. لە راستیدا لە هەر شوێنێکیش کە پێویست بووبێت، ئێمە هەمووکات زمانی خێرمان لەو بارەوە بەکارهێناوە و پێشنیازمان کردووە کە ئەو هاوڕی و حیزبانە بتوانن پەنا بە خودا پێکەوە بە رێککەوتنێک بگەن کە بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت، بۆیە لە خزمەت ئێوەداین.
ڕووداو: ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە ئێوە لەگەڵ حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی هەتانە، بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی کە هەوڵ بدەن لانیکەم ئەو رێککەوتنە خێراتر بکرێت؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: من پێم وانییە ئەمە پێویست بێت، بەڵکو پێم وایە پشتیوان بە خودا خۆیان بە رێککەوتن دەگەن. لە هەر شوێنێکیش پێویستییان بەوە هەبێت کە ئێمە رۆڵێکمان هەبێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی پێویستی هەیە، بەڵام پێم وایە بەرپرسان و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی دەتوانن پێکەوە بە لێکتێگەیشتنێک بگەن.
ڕووداو: نزیکەی شەش ساڵە لێرەی. سەختترین ئاڵنگاری بۆ تۆ چی بووە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: هیچ ئاڵنگارییەک نەبوو، بە خۆشحاڵییەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان دۆخی جیاوازمان لە کاتی جیاجیادا تێپەڕاندووە، بەڵام ناکرێت بڵێین کە ئاڵنگارییەک روویداوە. سوپاس بۆ خودا ئێمە لێرە جگە لە باشی، هیچ شتێکی دیکەمان لە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبینیوە و ئەمە زۆر جێگەی دەستخۆشییە بۆ هەموو هاوكارییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانیان. کاری دیپلۆماتێک ئاسان نییە و پێویستە کە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات یان دوو ناوچە ئامادە بکات و ئامادەکردنی ئەم پەیوەندییە پێویستی بە خوێندنەوە و هەوڵدان هەیە کە لە شوێنی جیاجیا لەوانەیە من کەموکوڕیشم هەبووبێت، لاواز بووبێت، یان لە هەندێک شوێن باش کاری لەسەر کرابێت، ئەوە لەوانەیە لەلایەن منەوە بووبێت. جێگەی خۆیەتی سوپاسی سەرجەم دۆستانی خۆشەویست، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هەروەها کەسایەتییەکان، حیزب و لایەنەکان و سەرجەم میدیاکان بکەم، ئومێدەوارم کە پەنا بە خودا لە شوێنی دیکە بتوانین لە خزمەت دۆستانی خۆشەویستدا بین.
ڕووداو: زۆر سوپاس بەڕێز نەسروڵڵا ڕەشنوودی.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: زۆر سوپاس. لەوانەیە ئەمڕۆ دوایین دانیشتنێک بێت کە لەم پۆستەدا لە خزمەت ئێوەی بەڕێزدام. پەنا بە خودا تاوەکو کۆتایی هەفتە هەرێمی کوردستان جێدەهێڵم و بە ئومێدی خودا زەوینە بۆ ئامادەبوونی سەرکۆنسووڵەکەی دیکە دەڕەخسێت. جێگەی خۆیەتی لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم میدیاکان، بەتایبەتی کەناڵی ڕووداو دەستخۆشی بکەم، چونکە لە کاتی جیاوازدا لە بەرنامە و رێوەڕەسمەکانی کۆنسووڵخانە رووماڵی باشیان هەبووە چی لە رۆژی نیشتمانیی ئێمەدا و چی لە رێوەڕەسمەکانی شەهیدبوونی سەرۆککۆماری ئێمە، شەهیدبوونی شەهید سولەیمانی و رێوڕەسمەکانی دیکە. ئومێدەوارین پەنا بە خودا، خودای گەورە پاداشتتان بداتەوە و هێزی خزمەت بە منیش ببەخشێت و بتوانین لە خزمەت خەڵکی خۆشەویستماندا بین. ئەو ئێرانیانەی کە لێرەن، چینێکی بەرچاون، بەگشتیش زیاتر لە کوردی ئێمەن کە پێویستییان بە مامەڵەی زیاترە لە بواری جیاجیادا. ئێمە چاوەڕوانیمان هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ نشینگە و کاروباری کارگێڕی، ئاسانکاریی زیاتریان بۆ بکات بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی و ئاسوودەیی لێرە بمێننەوە و پەنا بە خودا هەرێمی کوردستانیش سوودی پێویست لە کارامەیی و شارەزایی ئەوان وەربگرێت کە زیاتر بۆ کاروباری تایبەت و تەکنیکی لێرەن. دووبارە دەستخۆشیتان لێدەکەم و سوپاس بۆ ئێوە.
Your Comment