پێنج ساڵە مامۆستایانی وانه‌بێژ بۆ دامه‌زراندیان ته‌نها پێویستیان به‌ واژۆیه‌کی سه‌رۆکی حکوومه‌تە

سه‌رۆکی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان له ‌په‌یامێکدا سه‌باره‌ت به ‌بڕیاری به‌گرێبه‌ست کردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و ڕاستیه‌ ڕوونبۆوه‌ که‌ مامۆستایانی وانه‌بێژ بۆ دامه‌زراندیان ته‌نها پێویستیان به‌ واژۆیه‌کی سه‌رۆکی حکوومه‌ت هه‌بوو که‌ له‌ پێنج ساڵی ڕابردوو ئاماده‌ نه‌بوو بیکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆکی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له ‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک نووسیویه‌تی، "ڕاستی ئه‌گه‌ر دره‌نگیش بێت هه‌ر ده‌ره‌که‌وێت، پیرۆزبایی دامه‌زراندن له‌ هه‌موو مامۆستایانی وانه‌بێژی کوردستان ئه‌که‌م، پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی مه‌ده‌نی چه‌ند ساڵه‌یان لێئه‌که‌م، ئێستا، هیوادارم ئه‌و ڕاستیه‌ ڕوون بووبێته‌وه‌ که‌ مامۆستایانی وانه‌بێژ بۆ دامه‌زراندیان ته‌نها پێویستیان به‌ واژۆیه‌کی سه‌رۆکی حکوومه‌ت هه‌بوو که‌ له‌ پێنج ساڵی ڕابردوو ئاماده‌ نه‌بوو بیکات، ئێستاش ئه‌گه‌رچی بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیش بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کراوه‌ و مامۆستایان له‌ دڵه‌ڕاوکێ و نادیاری چاره‌نووسیان ڕزگاریان ده‌بێت".

ناوبراو ڕاشیگه‌یاندووه‌: "ئه‌وکات که‌ بۆ به‌لاڕێدابردنی دۆسیه‌که‌یان و پاراستنی حکومه‌ت و چه‌واشه‌کردنی نوێنه‌رانی مامۆستایان و ڕایگشتی، به‌ره‌و په‌رله‌مان ئاراسته‌ ئه‌کران، ئێمه‌ له‌ دانیشتنی فه‌رمی په‌رله‌مان ڕامانگه‌یاند، دامه‌زراندن له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ته‌ و ده‌بێت ئه‌وان بڕیاری له‌باره‌وه‌ بده‌ن و له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی نه‌هاتوه‌ته‌ په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر هه‌ر ۱۱۱ په‌رله‌مانتاره‌که‌ش ده‌نگ بدات به‌ دامه‌زراندنیان ته‌نانه‌ت یه‌ک که‌سیش دانامه‌زرێت".

ده‌شڵێت، "ئه‌وه‌ ڕاستیه‌که‌ بوو، ڕاسته‌ زۆر تاڵ بوو بۆ ئه‌وکات به‌ڵام له‌ درۆیه‌کی کاتی چێژبه‌خش زۆر باشتر بوو، ئه‌وه‌ ڕێگه‌ دروسته‌که‌ بوو، به‌ڵام هه‌زاران هه‌زار جنێو و قسه‌ی ناشیرینمان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستی وتنه‌ پێوترا، چه‌ندین وتار و هه‌واڵ له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستگۆییه‌مان ئاماده‌کرا، په‌شیمان نه‌بوم ، ته‌نانه‌ت ئه‌وکاتیش به‌ نزیکه‌کانمم وت، خوایه‌ک هه‌یه‌، له‌هه‌موان گه‌وره‌تر و به‌ده‌سه‌ڵاتتر و باڵاتره‌، ئه‌و ده‌بینێت که‌ به‌نده‌ ته‌نها ڕاستیه‌که‌م وتوه‌، بۆیه‌ یه‌ک ڕونکردنه‌وه‌ ناده‌م، سه‌بر ئه‌گرم و چاوه‌ڕێ ئه‌که‌م خوای گه‌وره‌ که‌ ئاگای له‌ هه‌مو شته‌، ڕۆژێک ئه‌م ڕاستیه‌ ئاشکرا بکات ،حسبی الله و نعم الوکیل".

ڕێواز فایەق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "له‌ کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی مامۆستایان، که‌ زیاتر له‌ سێ جار له‌گه‌ڵیان کۆبوینه‌وه‌، پێمان وتن، تکایه‌ ئاراسته‌ی فشاره‌کانتان بگۆڕن بۆسه‌ر حکوومه‌ت، نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ته‌نها چه‌ند مه‌ترێکه‌، گردبونه‌وه‌کانتان ببه‌نه‌ ئه‌وێ و ده‌رفه‌ت مه‌ده‌ن موزایه‌ده‌چییه‌کان داوا ڕه‌واکانتان به‌لاڕێدا ببه‌ن، دۆسیه‌ی ئێوه‌ واژۆیه‌کی سه‌رۆکی حکومه‌تی ئه‌وێت و  بڕۆن له‌وێ فشار بکه‌ن، هاندانتان و هاتنتان بۆ په‌رله‌مان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی فشاره‌ له‌سه‌ر حکومه‌ت و ئاراسته‌کردنی هه‌ڵمه‌تی میدیاییه‌ به‌ره‌و په‌رله‌مان که‌ شوێنه‌ ڕاسته‌که‌ی چاره‌سه‌رکردنی دۆسیه‌که‌تان نیه‌".

رێواز فایه‌ق ئه‌وه‌شی ڕوون کردۆته‌وه‌، "سوپاس بۆ خوا ده‌رکه‌وت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆمان ڕاستگۆ بوین، کات که‌فیله‌ و خوای گه‌وره‌ زۆر ڕاستی دیکه‌ش له‌ زۆر دۆسیه‌ی دیکه‌ ده‌ره‌خات، دڵنیاشم یه‌ک یه‌ک بته‌کان، پۆپۆلیسته‌کان، نوسه‌ره‌کانی ده‌ربار، به‌ناو ڕۆژنامه‌وانه‌ ئاراسته‌کراوه‌کان و ئه‌وانه‌شی پاره‌داریان ده‌که‌ن، ده‌که‌ون".

News Code 223992

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha