بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دڵشاد میرانی ئهندامى دهستهى مامۆستایانى ناڕازی و یەکێک لەو مامۆستایانەی سەردانی پەروەردەی سلێمانی کردووە دهڵێت: "بەشێک لە پەروەردەکان لە ۱۳ی ئەیلولی ۲۰۲۳وە سزای مامۆستایان بەغیابات، گواستنەوە و بەخشینیشەوە داوە، بەشێکی دیکەیان دوای ڕاگەیاندنی ساڵنامەی نوێی خوێندن لە ۹ی مانگی ڕابردوەوە سزاکانیان تۆمار کردوە".
میرانى ئهوهشى وت: "چوار هەزارو ۶۴۰ مامۆستا لەسنوری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیانو ڕاپەڕین سزادراون".
ناوبراو ئاشكرایكرد، داوایان لەپەروەردەی سلێمانی کردوە دوای گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن سزاکانیان بسڕنەوە، چوونكه وەزیری پەروەردە دەسەڵاتی بەپەروەردەی سلێمانی داوە کە سزای مامۆستایان بسرێتەوە، واتا بڕیاری کۆتایی دەگەڕێتەوە پەروەردەكان خۆیان.
لهلایهكى دیكهوه نەژاد عەبدوڵڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕهتیكردۆتهوه هیچ مامۆستایهكیان سزادابێت، دهڵێت:"هیچ مامۆستایەک سزانەدراوە، ئەوەی هەیە غیاباتە، بەکۆی گشتی لەسنوری پەروەردەی سلێمانی سێ ههزار ۱۸۲ مامۆستاو فەرمانبەر غیاب دراون، هەڵەبجە ۳۰۰، ئیدارەی ڕاپەڕین ۱۸۰، گەرمیان ۳۸۴".
سهبارهت بهسڕینەوەی غیاباتی مامۆستایانیش نەژاد عەبدوڵڵا وتویهتى:"مامۆستایان سەردانی پەروەردەیان کردو داوایانکرد سزاکانیان بسڕینەوە، ئێمهش داواکارییەکەیان دەگەیهنینە سەروی خۆمانو هەر بڕیارێک بدرێت مەرکەزی دەبێت و بەدڵنیاییەوە سنووری هەموو ئەو شارو شارۆچکانە دەگرێتەوە کە بایکۆتی تێیدا هەبووە".
لەکۆبونەوەی مامۆستایانی ناڕازیى لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بۆ شکاندنی بایکۆت، مەرجی هەڵگرتنی سزاکانی سەر مامۆستایان باس نەکراوە و هیچ بەڵێنێکیان بۆ چارەسەرکردنی پێنەدراوە.
لاى خۆیشیهوه ئالان حهمهسهعید وەزیری پەروەردە حكومهتى ههرێم دواى سوپاسكردنى مامۆستایان بۆ شكاندنى بایكۆت، جهختیكردۆتهوه، سزاکان پەیوەندی بەئێمەوە نییە.
Your Comment