هەرێمی کوردستان چاوەڕێی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانان

ڕاوێژكاریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چاوەڕێ دەكرێت هاوپەیمانان ھاوکاری گەورەتر هەرێمی کوردستان بکەن، وەکوو دابین کردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە زووترین كاتدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وت: "ھاوپەیمانان لە ھاوکاری کردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامن و پێداویستی و چەک بە ھێزی پێشمەرگە دەدەن و مەشق و ڕاھێنانیان پێدەکەن، لە ھەموو ڕوویەکەوە ھاوکاری پێشمەرگە دەکەن، پێدانی چەکی قورسیش بە ھێزی پێشمەرگە ھەنگاوێکی زۆر باش و گرنگە، چوونکە ھێزی پێشمەرگە لای ھاوپەیمانان جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە: "ھێزی پێشمەرگە زیاتر پێویستی بەو چەک و پێداویستییە سەربازییانە ھەیە بۆ ئەوەی خۆی پێ بپارێزێت نەک بۆ ھێرشکردن، چونکە ئێمە زیاتر پێویستمان بە خۆپاراستن ھەیە، ھەر بۆیە ئەو چەکانەی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگەیان دابین کردوە بۆ خۆپاراستنە کە چەکی باشن و ھێزی پێشمەرگە سودیان لێ وەردەگرێت."

بابەكر زێباری دەشڵێت: "ھاوپەیمانان گرنگیی زۆر بە ھێزی پێشمەرگە دەدەن و متمانەیان پێی ھەیە، چوونکە ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش کردویەتی ھیچ ھێزێک ناتوانێ بیکات، بۆیە توانای ھێزی پێشمەرگە بە کردار تاقیکراوەتەوە، ئەوان خۆیان لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و داعش و ھەروەھا توانای ھێزی پێشمەرگەیان بۆ دەرکەوتوە، تا ئێستا ھیچ کەسێکی ئەوان لە ھەرێمی کوردستان زیانی بەر نەکەوتوەو ھێزی پێشمەرگەش جێگای متمانەی تەواوی ھاوپەیمانانە."

ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێم وتووشیەتی: "هاوپەیمانان لە ھاوکاری کردنی ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو ڕوویەکەوە بەردەوام دەبن و چاوەڕێ دەکرێت ھاوکاری گەورەتر و زیاتری ھێزی پێشمەرگە بکەن، بۆیە ئێمەش تموحی زیاترمان ھەیە، وەکوو دابین کردنی سیستەمی بەرگری بۆ ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە، ھەروەھا ئومێد دەکەین بە زووترین کات ئەو ھەنگاوەش بنرێت."

News Code 223920

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha