کوردپرێس:
هۆشەنگ دەروێش نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە نائارامییەکانی ئەم دوایییەی شاری منبەج کردووە و لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی گوت: یاسای خزمەتی سەربازی چەند ساڵکە کە لە ئیدارەی خسۆەری باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکرێت و بۆتە بەشێک لە یاسا گشتییەکانی ئەو ناوچەیە. لە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەشدا چەند گەنجێک بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە شوێنێک ۆبوونەوە و چەند لایەنێکی نێوخۆ و دەرەکییش هانی ئەو جەماعەتەی دا.
ناوبراو زیادی کرد: لە خۆپیشاندانەکاندا ئوتومبێلێک بە شوێنی خۆپیشاندا تێپەڕیوە کە نە ئوتومبێلی ئیدارەی خۆسەر بووە و نە هی ئەنجومەنی سەربازیی منبەجیش بووە. خۆپیشاندەران بەردیان بۆ ئوتومبێلەکە هاویشتووە و لە ئەنجامدا دانیشتووانینێو ئەو ئوتومبێلەش تەقە لە ناڕازییان دەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی کوژرانی یەک کەس.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمڕۆکە عەشیرەتەکان و ئەنجومەنی سەربازیی منبەج لە بەیاننامەیێکدا ئیدانەی هەموو هەوڵێکی ناوخۆ و دەرەکییان کرد کە بە مەبەستی تێکدانی ئارامیی شارەکە ئەنجام بدرێت.
هۆشەنگ دەروێش جەختی کردەوە: ئیدارەی شاری منبەج بە دەستی ئەنجومەنی مەدەنیی شارەکەیەو بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشیش لە ئەستۆی ئەنجومەنی مەدەنیی منبەجە کە بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات.
نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد: هیچ هێزێکی دەوڵەتی سووریا و ڕووسیا لە منبەج نین و ئەوان تەنها لە هێڵی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە جیهادییەکانی پاڵپشتکراوی تورکیا بوونیان هەیە.
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتیشی: داواکاریی گەنجەکانی منبەج جێی ڕێزە و ئەنجومەنی مەدەنیی منبەج ڕێز لەو داواکارییانە دەگرێت و لە لایێکی دیکەشەوە ئامانجی ناڕازییان تێکدانی باری ئەمنی نەبووە بەڵام لایەنی پیلانگێڕی نێوخۆیی و دەرەکی هەوڵی نائەمن کردنیان داوە و سەرنەکەوتن. بۆیە بە هاوکاریی عەشیرەتەکانی منبەج بابەتەکە کۆتاییی پێهات.
Your Comment