سەرۆکی یەکێتیی دژی وتەکانی سیناتۆرە ئەمریکییەکە هاتەدەنگ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سیناتۆرێکی ئەمریکی وتویەتی فایەق زەیدانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کار بۆ بەرژەوەندیی ئێران دەکات، ئەمە بەشێک لە لایەنەکانی توڕە کردووە، بۆیە سەرۆکی یەکێتیی ناڕەزایەتیی دژی قسەی سیناتۆرەکە دەربڕی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مایک واڵتز ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) نووسی: فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراقدا پێشدەخات و یارمەتی میلیشیاکانی سەربە ئێران دەدات.

سیناتۆرە ئەمریکییەکە ڕەخنەی لە بڕیاری شوباتی ۲۰۲۲ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق گرتووە، کە نیسابی سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە (دوو لەسەر سێ) دیاریکردووە، بەوتەی ئەو ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ئەوەی لایەنە نەیارەکانی ئێران لە نمونەی کورد نەتوانن حکوومەتێکی دۆست لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق پێکبهێنن.

مەبەستی سیناتۆرەکە لە دروست کردنی حکوومەتی نەیاری ئێران لە عێراقدا ئەوکاتە بوو کە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱دا، موقتەدا سەدر و مەسعوود بارزانی و محەمەد حەلبووسی وەکوو نوێنەری براوەی یەکەمی هەرسێ پێکهاتەی شیعە و کورد و سوننە هاوپەیمانێتییان بەست و بڕیاریاندا "حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی" دروست بکەن وەکوو ئەوەی سەدر ناوی لێ ناوبوو، بەڵام بەرەی بەرامبەر کە چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیکی+ عامری+ خەزعەلی+ عەبادی+ حەکیم+ فالح فەیاز) بوو، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە رێگرییان کرد لەوەی سەدر و بارزانی و حەلبووسی حکوومەتەکەیان دروست بکەن، ئەم بەرەیە کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیشی لەگەڵ بوو، وەکوو بەرە ئێرانییەکەی عێراق ناودەبرێن، بە پشتبەستن بە بڕیاری شوباتی ۲۰۲۲ی دادگای فیدراڵی کە نیسابی سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی بە دوو لەسەر سێ دیاری کرد، سەدریان ناچارکرد (کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بوو) لە پەرلەمانی بکشێتەوە، بەم کشانەوەیە، بارزانی و حەلبووسیش بە تەنیا مانەوە و کەوتنە ژێر فشار بەرە ئێرانییەکە، بەهۆی ئەم هاوپەیمانێتییەی بارزانی لەگەڵ سەدردا، لە شوباتی ۲۰۲۲وە دادگای فیدراڵی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری قورسی لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد، دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەمدواییە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی کردەوە و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی هەردووکیان سەردانی تارانیان کرد.

لێدوانی سیناتۆرە ئەمریکییەکە چەند رۆژێکە عێراقی سەرقاڵ کردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە وەزیرەکەی کوردە و سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانە (فوئاد حسێن)، ڕاگەیەندراوی دژی قسەکانی ئەو کۆنگرێسمانە بڵاو کردەوە و بە "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق" ناوی برد.

دواین کەس کە بەبێ ناوهێنانی کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە، پشتیوانی خۆی بۆ فایەق زەیدانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق دەربڕیوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.

سەرۆکی یەکێتیی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە، دەڵێت: "دامەزراوەی دادوەری عێراق دامەزراوەیەکی نیشتمانی، سەربەخۆ و رێزلێگیراوە لەلایەن عیراقییەکانەوە. دەستبردن بۆ ئەو دامەزراوەیە و سەرۆکەکەی دادوەر "فایەق زێدان"، کارێکی رەتکراوە و ئیدانەکراوە لەهەر لایەن و گرووپ و کەسێکەوە بێت کە بوێری هەنگاوێکی لەوجۆرە بکات. جەخت لە پاڵپشتی و پابەندبوون و رێزمان بۆ ئەو دامەزراوەیە و سەرۆکە بەڕێزەکەی دەکەینەوە".

بافڵ تاڵەبانی دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەیە، هەندێک باوەڕیانوایە ئەم پەیوەندییە کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەوەی دادگای فیدراڵی کە دادگایەکی سەربە دەسەڵاتی دادوەرییە، یاسای هەڵبژاردنی کوردستان بەوشێوەیە بگۆڕێت کە یەکێتیی دەیەوێت.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەریەکەو لای خۆیەوە راگەیەندراوی هەبووە بۆ پشتیوانی لە فایەق زەیدان.

News Code 223730

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha