کورتەیەک لەژیانی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا «هێمن»

بەشی فەرەهەنگ و هونەر- ئەمڕۆ ٢٨ی خاکەلێوە، ساڵوەگەڕی کۆچی دواییی شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد، مامۆستا «هێمن»ه.

کوردپرێس:

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ (۲٨ی خاکەلێوەی ۲۶٨۶، ١٧ی نیسانی ۱۹٨۶ی ز) محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری، ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد کۆچی دوایی كرد.

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بوو. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ۲۶٢١ (١٣٠٠ی ھـ) بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا.

ئەلف‌وبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پاشان لە قوتابخانەی سەعادەتی مەھاباد دەست بە خوێندن دەکا.

پاش ساڵێ خوێندن، باوکی دەینێرێت دەرسی مەلایەتی بخوێنێ. چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ؛ پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و رێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

شێعر کوتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای ھێمن حیساب دەکرێ.

ساڵی ١٣١٧ی ھەتاوی دەگەڕێتەوە بۆ گوندی شیلاناوێ کە ماڵیان چبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی ھەڵدەکێشێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵی دەبێ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شێعردانان، باوکی پێی دەزانێ و دەفتەری شێعرەکانی دەسووتێنێ.

ھێمن شاعێر و زانای فەرھەنگ دۆست و تێکۆشەری رێگای بووژاندنەوەی کورد و فەرھەنگەکەی بوو، خاوەن بیر و تێفکرین و بیر کردنەوە بوو. ھێمن دەنگی بەرزی ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یەکیەتی گەلان بوو. کوردایەتی ھێمن، مرۆڤایەتی بوو. شاعێری جوان پەرەست، شاعێری بابردەڵە، کە بێبەش لە ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، پەڕیوەی سنوور و موبتەلای دەستی ڕۆژگار، پیری ھەناسە سوار، دەرکراوی بە زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبەش لە گوڵزار و چەمەن، بێ ئەنیس و ھاودەم، عاشقی دڵ پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی وڵاتەکەی، ھەنگاو بە ھەنگاو خەم بە دوای مامۆستای ئازیزەوە بوو، وەکوو سێبەری خۆی رۆژێک لێی جیا نەبۆتەوە و رۆژی شادی ڕووی لە دڵە خەمبارەکەی نەکرد.

ھێمن لە سەرەتاوە شاعیری گەلە و ھەر بە شاعیری گەلیش ماوەتەوە. ھێمن لە شێعری خۆیدا زۆر جار باسی زۆرلێکراوی نەتەوەی دەکا، لە مافی خوراوی گەل دیفاع دەکا، ئارەزووی ئەوەیە کورد ھەرچی زووتر لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگار ببێ، بوونی ئەو ستەمە بە سەرچاوەی زۆر بەدبەختی و کوێرەوەری و بێبەشی دەزانێ. ھێمن نەتەوەکەی خۆی خۆش دەوێ، بەڵام ڕقیشی لە ھیچ نەتەوەیەکی‌تر نیە.

ھێمن دەبێتە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و دوایەش گۆڤاری ئاوات. لە گۆڤارەکانی ھاواری کورد، ھاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و ھەڵاڵەدا شێعر و وتاری بڵاو کردۆتەوە.

لە ٢۵ی خەزەڵوەری ١٣٢۵ی ھـ، دایکی داوای برازایەکی خۆی بۆ دەکا و بەم جۆرە بووکی بۆ دادەبەزێنن و بەرھەمی ئەم ژن ھێنانەش کوڕێک بە ناوی سەلاح دەبێ.

لە ٢۵ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی ھـ کۆبوونەوەیەک لە مەیدانی شاری مەھاباد پێک دێ و ھێمن شێعری «دەبڕۆ ئەی شاھی خائین، بەغدا نیوەی رێت بێ» دەخوێنێتەوە. لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ئەو ساڵە ھێمن بە تەواوی قاچاغ دەبێ و ماوەیەکی زۆر بە کێوانەوە دەبێ.

دوای شۆڕشی ئێران بۆ جاریکی دیکە ھەوای نووسینی گۆڤار بە مێشکی دادێ و بەھاری ١٣۶۴ی ھـ بەردی بناغەی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێ.

بەرھەمەکانی مامۆستا هێمن بریتین لە:

١-دیوانی ھێمن

٢-بارگەی یاران

٣-تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان) ١٩٧۴

۴-پاشەرۆک (شیعر و پەخشان)

۵-توحفەی موزەففەرییە (فۆلکلۆری کوردی، کاری ئۆسکارمان، ھێمن كردوویه به کوردی)

۶-شازادە و گەدا

٧-قەڵای دمدم

٨-ھەواری خاڵی

٩-چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز

١٠-ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ، ھێمن كردوویه به فارسی)

١١-ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩

١٢-پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

ھێمن تەمەنی خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر‌دا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و ڕێگای پاشەڕۆژی بۆ ڕووناک کردین و لە ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ٢۶٨۶ (١٧ی نیسانی ١٩٨۶) بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ‌کردین و لە گۆڕستانی بوداق‌سوڵتانی مەھاباد بە خاکیان سپارد.

News Code 223353

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha