پێویستە هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی کوردستان له ‌په‌یامێکدا رایده‌گه‌یه‌نێت: "به‌پێویستی ده‌زانین، کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم خه‌م له‌ ئاینده‌ی هه‌رێمه‌که‌ بخۆن و نه‌یکه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبی و که‌سییه‌کان".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی کوردستان له ‌په‌یامێکدا له‌ یادی 36 ساڵه‌ی کاره‌ساتی ئه‌نفال ڕایگه‌یاندووه‌: "پڕۆسه‌ی به‌ ناو ئه‌نفال، ئه‌و جینۆسایده‌ گه‌وره‌یه‌ بوو، که‌ ڕژێمی فاشیستی به‌عس، به‌سه‌ر گه‌لی کوردیدا هێناو له‌ میانه‌یدا ده‌یان هه‌زار مرۆڤی سڤیلی کورد بونه‌ قوربانیی و به‌ هه‌زاران گوندو شارۆچکه‌ی کوردستان وێران کران، ئه‌وی ڕۆژێ ئه‌م کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌، له‌ غیابی بێده‌نگییه‌کی گه‌وره‌ و ترسناکی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجامدرا، زیاتر له‌وه‌ش چه‌ندان کۆمپانیای وڵاتانی ڕۆژئاوا چه‌کی کیمیایی قه‌ده‌غه‌ کراویان به‌ ڕژێمی به‌عس فرۆشتبوو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردووه‌، "حزبی به‌عس ده‌یویست له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م جینۆسایده‌ گه‌وره‌وه‌، گه‌لی کورد قڕ کات و خه‌ون و ئامانجه‌ ڕه‌واکانی ئه‌م گه‌له‌ بۆ ئه‌به‌د زینده‌به‌چاڵ بکات، ده‌یویست له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه‌ ناوی ئیسلام و ئاینداریی لای گه‌لی کورد بشێوێنێت، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی خواستی به‌عسییه‌کان، پڕۆسه‌ی به‌ناو ئه‌نفال بوه‌ ئه‌و گۆڕه‌ی که‌ به‌عسییه‌کان به‌ده‌ستی خۆیان بۆ خۆیان هه‌ڵکه‌ند و دواجار خۆیان بونه‌ په‌ندی زه‌مانه‌، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش به‌ گه‌شاوه‌یی خۆی، له‌ دڵی گه‌لی کورددا مایه‌وه‌".

ده‌شڵێت، "جێگای داخه‌ پاش تێپه‌ڕبونی زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌م کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌، هێشتا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ند، وه‌ک پێویست خزمه‌تیان به‌ قوربانیانی ئه‌م کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌کردوه‌ و به‌ هه‌زاران ته‌رمی ئه‌و کاره‌ساته‌ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ و نه‌گێڕدراونه‌ته‌وه‌ بۆ کوردستان و ناوچه‌کانی ئه‌نفالکراو وه‌ک پێویست ئاوه‌دان نه‌کراونه‌ته‌وه‌ و هێشتا خزمه‌تی پێویست به‌ وه‌ره‌سه‌کانی ئه‌نفال نه‌کراون، نه‌توانراوه‌ ئه‌م کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ بکرێته‌ وێستگه‌یه‌ک بۆ ناساندنی سته‌مدیده‌یی گه‌لی کورد به‌ دنیا".

ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، "ئێمه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی له‌ ساڵیادی ئه‌م پرۆسه‌ له‌بیر نه‌کراوه‌دا، وێڕای سه‌رکۆنه‌کردنی، به‌پێویستی ده‌زانین، کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم خه‌م له‌ ئاینده‌ی هه‌رێمه‌که‌ بخۆن و نه‌یکه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبی و که‌سییه‌کان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و ڕێ و شوێنه‌ دروسته‌کانی حوکمڕانی ڕه‌شید بگیرێته‌ به‌ر، له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ هه‌ر ئاینده‌یه‌کی نه‌خوازراو".

News Code 223349

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha