نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی چاره‌نووسی هه‌ڵبژاردن ده‌بنه‌ به‌غداد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوکات له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانیدا، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆکی یه‌کێتیی ده‌گاته‌ به‌غداد، دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی گفتوگۆکان ده‌بێت، پارتی هه‌وڵی دواخستن ده‌دات، یه‌کێتیی دژه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیاره‌ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆکی یه‌کێتیی بگاته‌ به‌غداد، سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆکی یه‌کێتیی هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆکی پارتی. به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌کانی دره‌و، پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان یه‌کێک له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی ده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان.

سه‌رۆکی هه‌رێم ڕۆژی ۱۰ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵی وه‌کو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان دیاریکردووه‌، به‌ڵام حزبه‌که‌ی (پارتی دیموکراتی کوردستان) له‌ پرۆسه‌که‌ کشاوه‌ته‌وه‌و تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کورسی "کۆتا"ی پێکهاته‌کان و چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی کورسییه‌کانی په‌رله‌مان به‌سه‌ر بازنه‌کانی هه‌ڵبژاردن و هه‌ندێک تێبینی تر له‌باره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌که‌ی عێراقه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ته‌ماشاکردنی تانه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراقه‌وه‌.

یه‌کێتیی که‌ له‌دوای بردنه‌وه‌ی سکاڵاکه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه (۲۱ی شوباتی ۲۰۲۴)‌، یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌و جۆره‌ لێکردووه‌ که‌ دڵخوازی خۆیه‌تی، دژی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌، سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌که‌ی نێچیرڤان بارزانیدا په‌یوه‌ندی به‌م پرسه‌وه‌ هه‌یه‌.

واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی کاندیده‌کان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقه‌وه‌ کۆتایی هاتووه‌، پارتی کاندیدی پێشکه‌ش نه‌کردووه‌، به‌ڵام کۆمسیۆن هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر رێوشوێنه‌کانی خۆی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن.

باڵیۆزی ئه‌مریکاو نوێنه‌ری سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق نێوه‌ندگیری ده‌که‌ن بۆ قایلکردنی پارتی بۆ به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ رۆژی ۷ی ته‌موزی ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی درێژکراوه‌ی کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق کۆتایی دێت و لایه‌نه‌ شیعه‌کان ده‌یانه‌وێت یاسای کۆمسیۆنی هه‌موار بکه‌نه‌وه‌و کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ره‌کان به‌سه‌ر کۆمسیۆنه‌وه‌ بهێنن و کۆمسیۆن له‌سه‌ر شێوازه‌که‌ی جاران (پشکێنه‌ی حزبی) دروست بکه‌نه‌وه‌.

دڵشاد شەهاب وته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم دەڵێ: بەپێی یاسا سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە رێکخستنەوەکانی پەیوەندی هەرێم و بەغداد. به‌پێی قسه‌ی وته‌بێژ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا کۆ دەبێتەوە و دۆسیەکانی بوودجە و مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت گفتوگۆ دەکات.

News Code 223313

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha