وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و چاوی بە محەممەد شیاع سوودانی دەکەوێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر مەلەفی بوودجە و مووچە، نەوت و هەناردەکردنەوەی، هاوکات پەیوەندییەکی تەندروست و باش لەنێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات.

دڵشاد شەهاب وتیشی، "بەپێی یاسا و وەکوو کارەکتەرێکی کاریگەر و بەهێزی کوردستان و عێراق، نێچیرڤان بارزانی بەرپرسە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەرکردنی کێشە و تەنگژەکان، نەهێشتنی گرفتە ئابوورییەکان لەنێویاندا مەلەفی بودجە و مووچە و نەوت".

بەپێی زانیارییەکان، هۆکارێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەتی عێراق.

لەو بارەیەوە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە حکوومەتی لەسەر دامەزراوە و بەڵێنی جێبەجێکردنیان دراوە، بەڵام لە راستیدا جێبەجێ نەکران".

دڵشاد شەهاب دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی مەبەستیەتی نێوانی هەولێر و بەغدا تۆکمە و باش و دۆستانە بێت، بە قسە و لێدوانی میدیایی تێکنەچێت و لە داهاتوودا خەڵک باجەکەی بدات و ببێتە هۆکاری دواخستن و خەرجنەکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان.

News Code 223308

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha