کوردپرێس:
کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پارتی و یەکێتی مانگانە ٧٠٪ی داهاتی خاڵە سنووریەکان بۆ خۆیان دەبەن و نایگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی"، دەشڵێت، "دزی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵات بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی ئەو دوو هێزە حکومڕانە، کە ئەنجامەکەی کارەسات و برسی بوون و بێ موچەیی و ماڵوێرانی بووە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان."
کاوە عەبدولقادر لە فەیسبووک بابەتێکی بە ناوی "دەبێت لە دونیادا هەبێت لەمانە خراپتر؟" بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە، "پارتی و یەکێتی مانگانە ٧٠٪ی داهاتی خاڵە سنوریەکان بۆ خۆیان دەبەن و نایگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی"، دەشڵێت، "پارتی تەنها ٢٠٪ی داهاتی نەوت دەگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم مانگە یەکێتی داهاتی سلێمانی دەست بەسەردا گرتووە و نەیگەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم، لەبەرامبەریشدا پارتی دەستی بەسەر ئەو ٢٠٪ی داهاتی نەوتەدا گرتووە و کێشایەوە بۆ بانکەکانی خۆی."
کاوە عەبدولقادر باسی دەشڵێت: "لەم مانگەدا لە کۆی زیاتر لە تریلیۆنێک و ٥٠٠ ملیار دیناری داهاتی نەوتی و نانەوتی تەنها ٢٠٠ ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی."
ناوبراو راشیگەیاندووە، "دزی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵات بووەتە بەشێک لە فەرهەنگی ئەو دوو هێزە حکومڕانە، کە ئەنجامەکەی کارەسات و برسی بوون و بێ موچەیی و ماڵوێرانی بووە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان"، وتووشیەتی، "ئێستا ئێوە بڕیار بدەن دەبێت لە دونیادا هەبێت لەمانە خراپتر؟"
ئەوەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا تەنها موچەی وەزارەتی تەندروستی و دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە دابەشکراوە و لێبڕینی ٢١٪ی موچەش بەردەوامە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام لەم مانگەدا دابەشکردنی موچە دواکەوت، لەسەر ئەوەش پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی بە نەگەڕاندنەوەی داھات و درەنگ دابەشکردنی موچە یەکتریان تۆمەتبارکرد.
Your Comment