پێویست سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ مۆسكۆ له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ڕایگه‌یاند، "پێویسته‌ سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پارێزراوبێت و وڵاته‌كه‌مان نه‌بێته‌ جێگه‌یه‌ک بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان".

کوردپرێس:

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی یه‌كێتی، بافڵ  تاڵه‌بانی له‌ مۆسكۆ له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤ كۆ بووه‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان ئاماده‌بوو، دوایین گۆڕانكارییه‌ سیاسی، ئابووری و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ تاوتوێكران و جه‌خت له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان، عێراق و ڕووسیا كرایه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكاندا.

سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی مۆسكۆ كه‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی كرده‌ قوربانی، بافڵ تاڵه‌بانی پرسه‌ و هاوخه‌میی یه‌كێتیی گه‌یانده‌ گه‌ل و وڵاتی ڕووسیا و جه‌ختی له‌ پته‌وكردنی هه‌وڵه‌ جیهانییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی، هه‌ماهه‌نگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌ ئه‌منییه‌كان و له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی تیرۆر كه‌ تاوه‌كوو ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كات.

له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاڵه‌بانی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كان كرد و ستراتیژیی یه‌كێتی خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری و وتی، "پێویسته‌ سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پارێزراوبێت و وڵاته‌كه‌مان نه‌بێته‌ جێگه‌یه‌ک بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان".

له‌به‌رامبه‌ردا سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا پابه‌ندبوونی وڵاتەکەی به‌ ئاشتیی درێژخایه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی سیاسه‌تی ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروبار و سه‌روه‌رییه‌كانی عێراق، هاوكات هه‌ردوولا پێویستیی پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسی و ئاشتییان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌.

 په‌یوه‌ندییه‌ مێژوییه‌كانی نێوان گه‌لی كورد و ڕووسیا ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو و هه‌ردوولا به‌په‌رۆشییه‌وه‌ جه‌ختییان له‌ په‌ره‌پێدان و فراوانتركردنی كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی مام جه‌لال له‌ دانانی نه‌خشه‌ڕێگای په‌یوه‌ندییه‌كه‌، به‌رزنرخێنرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون، پابه‌ندبوون به‌و نه‌خشه‌ڕێیه‌وه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی فراوانكردنی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كان و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولا ده‌بێت.

News Code 223277

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha