عێراق ڕێژه‌ی ته‌نها  ٥٩٪ له‌ کۆی گشتی مووچه‌ی هه‌رێمی ناردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ تا ئێستا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ بڕیاری ته‌مویلکردنی دراوه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابووری‌ هه‌رێمی‌ کوردستان له‌ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کدا که‌ ئاراسته‌ی‌ ڕای گشتی‌ کردووه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا که:‌ "وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌ نووسراوی ژماره‌ (٢١٤٧/٤/٧) له ‌به‌رواری (٢٠٢٤/٣/٥) داوای له‌ وه‌زاره‌تی دارایی حکوومه‌تی فیدڕاڵ کردبوو به‌ ته‌مویلکردنی ته‌واوی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان به‌ بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤  به‌ بڕی ٩٤٩،٨١٣،١٤٦،١٧٠ دینار. به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ ته‌نها بڕی ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری ته‌مویل کردووه‌ که‌ ده‌کاته‌ ڕێژه‌ی ته‌نها  ٥٩٪ له‌ کۆی گشتی مووچه‌ی هه‌رێم و بێ به‌شکردنی ڕێژه‌ی ٤١٪ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ شایسته‌ی مووچه‌کانیان، و تا ئێستا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش که‌ بڕیاری ته‌مویلکردنی دراوه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ستی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم".

وه‌زاره‌تی‌ دارایی ده‌ڵێت: "ئه‌م ڕێکاره‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵی وایکردووه‌ که‌ کورتهێنان له‌ پێدانی مووچه‌ی هه‌رێم بۆ مانگی شوبات به‌ نزیکه‌ی (۳۹۰) ملیار دینار دروست بێت  وگرفتی گه‌وره‌ی دارایی دروستده‌کات و ده‌بێته‌ هۆی بێ به‌شکردنی به‌شێکی زۆری مووچه‌خۆران ودروستکردنی فه‌رق و جیاوازی له‌ نێوان مووچه‌خۆران".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو که‌ "جگه‌ له‌ که‌می ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ نێردراوه‌ بۆ مانگی شوبات، به‌پێی ئه‌و نووسراوانه‌ی که‌ وه‌زاره‌تی دارایی حکوومەتی فیدرال ده‌ریچواندوون، بۆ مووچه‌ی مانگی ئاداری ۲۰۲۴ ، هیچ ته‌مویلێکی حکوومەتی هه‌رێم ناکرێت ئه‌گه‌ر مووچه‌ی هه‌رێم (توطین) نه‌کرێت".

ڕوونیشیکردووه‌ته‌وه‌ که‌ "ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من له‌ مێژه‌ ده‌ستی کردووه‌ به‌ پرۆسه‌ی "توطین" له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی بانکی ناوه‌ندی عێراق و گفتوگۆکان له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وامن، و نابێت هیچ له‌م ڕێکارانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ  ببنه‌ مایه‌ی بێبه‌شکردنی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ له‌مووچه‌کانیان که‌ شایسته‌ی دارایی خۆیانه‌ و ده‌بێت هاوشێوه‌ی مووچه‌خۆرانی عێراق له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق مامه‌ڵه‌ بکرێن".

له‌ ڕوونکردنه‌وه‌که‌دا هاتووه‌ که‌ "لێره‌وه‌ وه‌کوو وه‌زاره‌تی دارایی وئابووری  جه‌ختده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ نووسراوی سه‌ره‌وه‌مان بۆ خه‌رج کردنی ته‌واوی مووچه‌ی هه‌رێم، و نابێت مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان بێبه‌ش بکرێن له‌ ماف و شایسته‌ی دارایی خۆیان و داوا ده‌که‌ین وه‌زاره‌تی دارایی حکوومەتی عێراق به‌مه‌رجی ته‌عجیزی ئه‌و مافه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان زه‌ووت نه‌کات و بۆ مووچه‌ی مانگی ئازار هیچ کۆت و به‌ندێک بۆ ته‌مویلکردنی مووچه‌خۆران دانه‌ڕێژن چوونکه‌ ئه‌مه‌ مافی ده‌ستووری و یاسایی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمه‌ ونابێت تێکه‌ڵی هیچ ناکۆکیه‌کی نێوان هه‌ردوو حکوومه‌ت بکرێن".

News Code 223204

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha