پارتی سۆسیال دیموکرات کۆنگرەی هەشتەم دەبەستێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە کۆبوونەوەی حیزبەکەدا پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیاری بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی دا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستاندا هاتووە: "دەرباری دروستکردنی گێرەشێوێنی و دەستەگەری لەنێو ڕیزەکانی حزبدا: محەمەد حاجی مەحموود ڕاشکاوانە بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند کە چارەنووسی هەموان بەندە بە مانەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە و پێویستە هەموان بەیەک ئاڕاستە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سەرخستنی کارنامە و گەشەسەندنی حزب بۆیە لەنێو ڕیزەکانی حزبدا ڕێگە بە هیچ دەستە و تاقم و گێرەشێوێنێک نادرێت کە ببێتە لەمپەر لەبەردەم کاروبارەکان و هەوڵ بۆ دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی بدات، حزب ئەمانەتێکی مێژووییە و خاوەنی زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدە کە لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر سەرکردە هەن و بە درێژایی ماوەی ۴۸ ساڵ خەبات، حزب هەمیشە سەری ڕم بووە بۆ بەگژداچوونەوەی داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمان".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "دەربارەی ئامادەسازی بۆ کۆنگرەی هەشتەم: لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و خوێندنەوەی ورد بۆ قۆناغەکە، بەتایبەت ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە تێکڕای دەنگ بڕیاریدا بۆ ئامادەکردن و زەمینەسازی بۆ گرێدانی کۆنگرەی هەشتەمی حزب لە زووترین کاتدا ئەوەش لە پێناو داڕشتنی ستراتیجێکی تۆکمە و دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

‎ڕۆژی ۱ـی ئازاری ۲٠۲٤ لە گوندی گوڵەخانەی بناری سورێن، بەسەرپەرشتی سەرۆک محەمەد حاجی مەحمود، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

‎کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، دواتر بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود تیشکی خستە سەر پرسە هەنوکەیی و کاریگەر و گرنگەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆ و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕبوو بوونەوە:

‎دەربارەی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بڕیارەکانی دادگاکەی بەغداد: بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود باسی لە خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و موچەخۆران بەتایبەتی کرد لە هەرێمی کوردستان وەک سەرئەنجامی پیلانی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ تێکشکانی ئیرادەی تاکی گەلەکەمان موچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ناکۆکییە سیاسییەکان دەکەن، لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی لە ئەجێنداکانی پشت بڕیارەکانی دادگاکەی بەغداد کرد دژی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستانی (وێڕای تێبینییەکان لەسەر ئەو کۆمسیۆنە) بە خەنجەر لێدان لەپشتی کورد و قەوارە سیاسییەکەی وێناکرد و جەختیانکردەوە هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان سەربڕینی دیموکراسیەت و مەرامەکەی  دروستکردنی دووبەرەکی و نەهێشتنی گیانی پێکەوەژیانە لە هەرێمەکەدا کە بەشێکە لە نەریتی چەندساڵەی میللەتەکەمان.

‎دەربارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان: کۆبوونەوە بە گەشبینی و بایەخەوە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە ناوەڕاستی ئەمساڵ هەڵسەنگاند ئەوەش لەسۆنگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕانەوەی هەیبەت بۆ دامەزراوە یاساییەکان و درێژەدان بە ئەزمونە دیموکراسییەکەمان، لەوچوارچێوەیەدا بڕیار بۆ دروستکردنی چەند لیژنەیەکی تایبەتمەند بە هەڵبژاردنەکان لە بازنەکان درا و سەرۆکی حزب هەڤاڵانی ڕاسپار هەر لەئێستاوە دەست بە ئامادەکارییەکان بکەن و هەموان وەک یەک تیم لە خزمەتی بەرنامە و سیاسەتی حزبدابن.

‎دەرباری دروستکردنی گێرەشێوێنی و دەستەگەری لەنێو ڕیزەکانی حزبدا: بەڕێز محەمەد حاجی مەحموود ڕاشکاوانە بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند کە چارەنووسی هەموان بەندە بە مانەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە و پێویستە هەموان بەیەک ئاڕاستە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سەرخستنی کارنامە و گەشەسەندنی حزب بۆیە لەنێو ڕیزەکانی حزبدا ڕێگە بە هیچ دەستە و تاقم و گێرەشێوێنێک نادرێت کە ببێتە لەمپەر لەبەردەم کاروبارەکان و هەوڵ بۆ دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی بدات، حزب ئەمانەتێکی مێژووییە و خاوەنی زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدە کە لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر سەرکردە هەن و بە درێژایی ماوەی ٤۸ ساڵ خەبات، حزب هەمیشە سەری ڕم بووە بۆ بەگژداچوونەوەی داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمان.

‎دەربارەی ئامادەسازی بۆ کۆنگرەی هەشتەم: لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و خوێندنەوەی ورد بۆ قۆناغەکە، بەتایبەت ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە تێکڕای دەنگ بڕیاریدا بۆ ئامادەکردن و زەمینەسازی بۆ گرێدانی کۆنگرەی هەشتەمی حزب لە زووترین کاتدا ئەوەش لە پێناو داڕشتنی ستراتیجێکی تۆکمە و دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست.

‎دەربارەی پرۆسەی چاکسازی و گۆڕانکارییەکان: سەرۆکی حزب بە بایەخەوە هەنگاوەکانی پرۆسەکەی هەڵسەنگاند و هەموانی دڵنیاکردەوە ئامانجی پرۆسەکە خزمەتی کردنی ڕیزەکانی حزبە لەو ڕێگەیەشەوە خزمەتکردن بە خەڵک و نەتەوەکەمان و جەختیانکردەوە پرۆسەکە بەردەوامدەبێت بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی شەخسی هیچ کەسێک.

‎ئەنجومەنی سەرکردایەتی

‎پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

News Code 223130

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha