بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ هاتنی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتەکان ڕایگەیاند: "هەموو ئاسانکارییەک کراوە بۆ دیوانی چاودێری دارایی عێراق، هەرچی پێویست بووە وەزارەتی دارایی هەرێم کردوویەتی لە هاوکاری و هەماهەنگی کردن".
دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بڕیاری دا بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکان، لە ڕێگەی کردنەوە هەژمار و دروستکردنی کارتی بانکی لەلایەن بانکی حکوومییەکانی عێراق.
لەبارەی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند: "هێشتا زووە قسە لەسەر پڕۆژە و چارەنووسی (هەژماری من) بکرێت، هێشتا خەڵک تێنەگەیشتووە لەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بە چ شێوازێک جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتنی وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدایە بۆئەوەی بگەنە ڕێکاریکی دروست کە لەگەڵ دەستوور و یاساکان بگونجێت، کە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان ڕەچاوبکرێت، چوونکە هەرێمی کوردستان دەستووری و یاساییە".
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دا بە گواستنهوهی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێم بۆ سەر بانكە فیدڕاڵییەكان، هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقی پابەند كرد بە ڕادەستكردنی لیستی مووچەخۆران و پێدانی مووچەی مانگانە بە مووچەخۆرانی هەرێم.
Your Comment