دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەژێر کاریگەریی هەست ‌و سۆزدا نابێت و دەبێت بەغدا ئەو بڕیارە بدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەڕلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەڕلەمانی کوردستان ده‌ڵێت: "دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەڕێگه‌ی حکوومەتی ناوەندییەوە دەبێت‌ و حکوومەت خۆی نایانەوێت ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بکێشێتەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولسەلام بەرواری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتووه‌: "هەندێک لایەنی سیاسیی هەن دەیانەوێت تۆمەتی ناپاکی بدەنە پاڵ کورد و لە ڕێگه‌ی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕەوایەتیی بەمانەوەی ئەو هێزانە بدەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، دەرکردنی بڕیارێکی چارەنووسسازی وەک دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەژێر کاریگەریی هەست ‌و سۆزدا نابێت، بێئەوەی ئاکامەکانی ئەو بڕیارە لەبەرچاو بگیرێت.

عەبدولسەلام بەرواری دەشڵێت: "داعش هێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و لەچوار پارێزگادا بوونیان هەیە، ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بە گەڕانەوەی بەهێزی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە دەکەن".

ئەو پەڕلەمانتارەی پێشووی پارتی ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگیی جدیی‌ و لێبڕاوە لەدەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوە سەرۆک وەزیران لە خۆیانە و دەتوانن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گوشاری لێبکەن، بەڵام چەندین لایەن لەناو پێکهاتەی شیعە نایانەوێت لەمکاتەدا هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات بڕۆنە دەرەوە".

شایانی باسە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک پەڕلەمانتار و دەزگای ڕاگەیاندنی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی، هەڵمەتێکی بەرفراوانی ڕەخنە و گومانیان لەدژی پەڕلەمانتارانی کورد و سوننە دەستپێکرد، به‌هۆى ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بۆ تاووتوێکردنی پرسی کۆتاییهێنان بەبوونی هێزەکانی ئەمریکا.

News Code 223053

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha