داواکارین چیتر بە پاساوی مەترسی، پێشێلی ئازادییەکان نەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی حزبی شیوعی کوردستان بۆ پاڵپشتی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە هەولێر گردبوونە؛ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەیان خستەڕوو کە "بەداخەوە و دووبارە بە پاساوی پاراستنی ئەمنییەت داوایانکرد خۆپیشاندان نەکرێت، بەڵام هاورێیانمان سوور بوون لەسەر چالاکییەکەیان".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوەکەی حزبی شیوعی کوردستاندا هاتووە "لەبەیانی ڕۆژی ٥ی شوباتەوە، هێزێکی زۆری چەکدار لەدەوروبەری بارەگای مەڵبەند و لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران مۆڵدرابوو بەمەبەستی ڕێگری‌کردن و ئەنجامنەدانی چالاکییەکە و رێگریانکرد لە بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەکە بۆ شوێنی مەبەست".

هەروەها ڕایانگەیاندووە "داواکارین چیتر بەپاساوی مەترسی پێشێلی ئازادییەکان نەکرێت، و هەرچی زووترە کار بۆ چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتیان لە ژیان و مووچە و خزمەتگوزاری یەکان بکرێت و دوانەخرێت".

دەقی ڕاگەیەندنەکەی حزبی شیوعی کوردستان:

فراوانکردنی ئازادی سیاسی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێمە

-------------------------------

 جەماوەری خۆراگری کوردستان

بۆ داکۆکی‌کردن لە نانی هەژاران و کۆی مووچەی مامۆستایان وکارمەندان وخانەنشینان و بەتایبەت موچەی دواکەوتووی سێ مانگی ساڵی ڕابردوو ، و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، مەڵبەندی هەولێری حزبمان بۆئەنجامدانی ڕێپێوانێکی مەدەنیانە بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران،و پێشکەشکردنی یاداشتنامەیەک، لەسەرەتای شوباتدا داخوازی مۆڵەتیان خستە بەردەم دەزگا بەرپرسەکانی هەولێر، ئەوان داوایان کرد لەبەر یادکردنەوەی شەهیدانی ١ی شوبات دوابخرێت، مەڵبەندی هەولێریش بۆ رێزگرتنی یادی ئەو شەهیدانە داواکەیان پەسەندکردو دواتر،بانگەواز کرا بۆ رۆژی ٥ی شوباتی٢٠٢٤.

بەداخەوە و دوبارە بە پاساوی پاراستنی ئەمنییەت داوایانکرد خۆپیشاندان نەکرێت، بەڵام هاورێیانمان سوور بوون لەسەر چالاکییەکەیان.

بەڵام لەبەیانی ئەمرۆ ٥ی شوباتەوە، هێزێکی زۆری چەکدار لەدەوروبەری بارەگای مەڵبەندو لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران  مۆڵدرابوو بەمەبەستی ڕێگریکردن وئەنجامنەدانی چالاکییەکە ،و رێگریانکرد لە بەرێوەچوونی خۆپیشاندانەکە بۆ شوێنی مەبەست.

لەبەر ئەوە رێکخەرانی ئەرکەکە بڕیاریاندا لەبەردەم بارەگای مەڵبەند گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن و بەخوێندنەوەی پەیامی خۆپیشاندەران و ووتنەوەی دروشمەکانی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان، ئەو ڕاستیانەیان بەگوێی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا، کە بە رێگری لە ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکان و بڕینی نانی هاووڵاتیان، ناتوانن درێژە بەدەسەڵات بدەن و دواجاریش قەوارەی هەرێم کەلەبەردەم هێرش و پەلاماری درۆن و موشەک وبەزاندنی سنوورەکانیدایە، دەکەوێتە بەر مەترسی زیاتر و بوار بۆ نەیاران فراوانتر دەبێت.

هاورێیان بەڵێنی بەردەوامی چالاکییەکانیان بە هاوڵاتیان دەدەن تابەدیهێنانی تەواوی ماف و ئازادییەکان.

ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان، سەرەڕای سەرکۆنەکردنی ئەمکارەی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر، داواکارین چیتر بەپاساوی مەترسی پێشێلی ئازادییەکان نەکرێت، وهەرچی زووترە کار بۆ چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتیان لە ژیان ومووچەو خزمەتگوزاری یەکان بکرێت و دوانەخرێت.

ئارامی نێوخۆیی، ئازادی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێم و کەمکردنەوەی درزە نێوخۆییەکانە بۆ رێگریکردن لەبەردەم پیلانی نەیارانی هەرێمدا.

 مەکتەبی سیاسی

حزبی شیوعی کوردستان.

   ٥ی شوباتی ٢٠٢٤

News Code 223007

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha