بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ۲۴ی ئهم مانگه، میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویانکردەوە، کە هێزەکانی پارتی لە چیای ئامێدی هێرشیان کردوهتە سەر گەریلاکانی پەکەکە و بەو هۆیەشەوە چەند گەریلایەک برینداربون، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیکردەوە هێرشیان کردبێتە سەر پەکەکە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، "بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان روندەکەینەوە، کە گەریلاکانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ۲۴ی ۱ی ۲۰۲۴ بە دەیان کیلومەتر دور لە سنوری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردوە و دواتر بە موشەک هێرشیان کردوهتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردوە".
بەڵام وتەبێژی کەجەکە ئەوە هەواڵە ڕەتدەکاتەوە دەڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان بۆسەیان بۆ سەر ڕێگەی گەریلاکانیان داناوە و بەو هۆیەشەوە دو گەریلایان برینداربوون".
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) زیاتر بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند، "پارتی لە سەر رێگای هاتوچۆی هەڤاڵانی ئێمە بۆسەی دانابو و تەقەی لێیان کردن، لە ئەنجامدا دو هەڤاڵی ئێمە برینداربون و دو سەیارەمان لە ئەنجامی گولەبارانەکاندا لە کارکەوتن، پاشان پارتی ئەحداسیاتی هەردو سەیارەکەیدا بە فڕۆکەی جەنگی تورکیا و هەردو سەیارەکە بۆردمان کران".
ڕووداوهكه لهكاتێكدایه ۲۰ی ئهم مانگه، نوسراوێک بڵاوکرایەوە کە واژۆی عەزیز وەیسی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی زێرەڤانی لەسەربو و گوایە فەرمانکرابو بە هێرشکردنە سەر هەر ئۆتۆبێلێک کە هی پارتی کرێکارانی کوردستان بێت، بەڵام دەستبەجێ زێرەڤانی ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و بە "هەڵبەستراو" لە قەڵەمیدا.
لە ڕوونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆدا، پەکەکە تۆمەتبار کراوە بە "تێکدانی ئاسایشی هەرێم" و بەشداری لە "پلانیکی هەرێمی" بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام پەکەکە پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی پارتی دەکات.
زاگرۆس هیوا وتیشی، "پارتی هەر تاوانێک کە بۆ خۆی دەیکات، دەیخاتە پاڵ لایەنی دی، ئەو پیلانانەی کە تا ئێستا بونەتە هۆی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم، پارتی لە هەمویاندا بەشدار بوە، هاوپەیمانی لەگەڵ داعش و پێناسەکردنی وەک دراوسێ تازە، ریفراندۆم، شەڕ و ئاژاوەکانی ناو کەرکوک و هەوڵدان بۆ دەرخستنی کەرکوک لە دەستی کورد، هێنانی سوپای تورکیا بە قۆڵایی چل کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێم".
وتهبێژی كهجهكه هۆشداری دهدات و دهڵێت، "ئێمە تا ئێستاش بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتمان کردوە و دانمان بە خۆماندا گرتووە".
بە هۆی هەبونی شەڕ لە نێوان تورکیاو پەکەکە، ژمارەیەکی زۆر لە گوندە سنوریەکان ڕوبەڕوی هێرش دەبنەوە و هێزەکانی تورکیاش بە درێژایی نزیکەی ۳۰ کیلۆمەتر هاتونەتە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیدا بە چۆڵکردنی چوار گوندی سنوری و گواستنەوەی دانیشتوانەکەیان.
زاگرۆس هیوا دەڵێت، "هۆکارەکەی رێگەخۆشکردنە بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ ئەنجام بدات و زیاتر بێتە ناو قوڵایی خاکی هەرێمەوە".
Your Comment