بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مهسروور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕایگهیاند، "پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەوپێشچووە و گەشەی کردووە، ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندایە، هەروەها لە بەرنامەماندایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسوڵگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابوری و کولتوری و زانستی و ئەکادیمی".
ئاماژهی بهوهش كرد، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "هەنگاوی زۆر باشی ناوە"، چ لە ڕووی سەردانی شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان یان بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا.
مهسروور بارزانی باسی لهوهش كرد، هەرێمی كوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستوریی و یاسایی لە عێراق، هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامیی بوە لە عێراق و ناوچەکە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی، ئامانجمان پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێز لەیەکترگرتن.
وتیشی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەلماندویەتی کە هاوبەشێکی گرنگ و کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا، جێی بایەخی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی کە هەرێمەکەمان ناوچەیەکی سەقامگیر و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە".
مهسروور بارزانی ئهوهشی وت، "هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبوە بۆ هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەمو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی درێژ کردوە، بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێت و بپارێزرێت و پێویستە سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت".
سهرۆكی حكوومهتی ههرێم وتی، "سوپاسی هەمو ئەو وڵاتانە دهکەین کە هەر لە دوای دەرچونی بڕیاری ۶۸۸ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و هاتنەکایەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بون لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، بە تایبەتی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، پشتیوانیان لێ کردوین و بەردەوامیشن لە پشتیوانیکردنمان".
ئهوهشی خستهڕوو، "حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی رابردودا روبەڕوی چەندین قەیرانی سیاسیی و ئەمنی و ئابوری و دارایی بوەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەمو شێوەیەک، کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی و ئاوەدانیی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەمو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین، چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەمو پیلانێک بەهێزترە، بۆیە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین".
Your Comment