بەپێی ئەو دەنگانەی بە دەستیهێناوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی یەکێتییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت: پێویستە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک یەک‌هەڵوێست بن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پۆستی پارێزگاری که‌رکووک، ڕایدەگەیەنێت: "یه‌کێتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە مافی خۆی دەزانێت و دەبێت سەرجەم لایەنەکان کۆ ببنەوە و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن".

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیش، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "هیوادارین ئەمساڵ شتێک نەمێنێت بە ناوی کێشەی مووچە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمەش پەیوەندی نێوان هەردوولا باشە و گفتوگۆکان بەردەوامن".

لەبارەی مامۆستایانی ناڕازی، قوباد تاڵەبانی وتی: "لە ناڕەزایەتییەکانیان تێدەگەین، ئەمڕۆش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ جێبەجێ کردنی بەشێک لە داواکارییەکانیان، ئێمە ئەو بڕیارە بە درووست دەزانین".

تاڵەبانی وتیشی: "هەوڵ دەدەین ئەو سێ مووچەیەی ساڵی ڕابردوو نەدراوە، نەفەوتێت چوونکە ئەوە مافی مووچەخۆرانە و دەبێت وەریبگرن".

News Code 222823

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha