یەکێتی لەسەر جوولەپێکردنی هێزی سوپای عێراق بۆ ناو گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک هاتەدەنگ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یه‌کێتى له‌به‌رامبه‌ر جووڵه‌پێکردنى هێزه‌کانى سوپاى عێراق بۆ ناو گه‌ڕه‌که‌ کوردنشینه‌کان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، نامانه‌وێت زیاتر دۆخه‌که‌ تێکبده‌ین، ئه‌گه‌رنا جووڵه‌ پێکردنى هێز قبووڵ ناکه‌ین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبوار ته‌ها سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى کەرکووک هێز و ئیراده‌مانه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ین ئێستا ده‌بینین سوپا هێزى هێناوه‌ته‌ ناو گه‌ڕه‌کى نه‌ورۆزى شارى کەرکووک ‌و داواى چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى دانیشتوانى ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ ده‌که‌ن به‌بیانووى ئه‌وه‌ى گوایه‌ زه‌ویه‌کانى ئه‌م گه‌ڕه‌که‌ موڵکى وه‌زاره‌تى به‌رگریی عێراقن".

ڕێبوار ته‌ها وتیشی: "زه‌ویه‌کانى گه‌ڕه‌کى نه‌ورۆز ئیفراز نه‌کراوه‌، کاتى خۆى چۆن خانووى له‌سه‌ر دروستکراوه‌، ئه‌وه‌ ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عس ده‌زانێت، به‌ڵام زه‌ویه‌کان له‌بنه‌ڕه‌تدا موڵکى وه‌زاره‌تى دارایی ‌و شاره‌وانى‌ و چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کى دیکه‌یه‌، واته‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌وه‌زاره‌تى به‌رگرىی عێراقه‌وه‌ نییه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى لێره‌ ده‌گوزه‌رێت میزاجه‌، سوپا چاوى له‌سه‌ر زه‌ویه‌کانى ئه‌م گه‌ڕه‌که‌یه‌".

هه‌روه‌ک به‌ناوى یه‌کێتیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى کرد و ڕایگه‌یاند، "پێمان باشه‌ ته‌داخوڵ نه‌که‌ن له‌کێشه‌ى زه‌وی ‌و زاردا و سوپا بکشێنه‌وه‌، ده‌توانین ڕێوشوێنى دیکه‌ش بگرینه‌به‌ر، به‌ڵام لامان گرنگه‌ ئه‌منیه‌تى کەرکووک بپارێزین، لامان گرنگه‌ سه‌قامگیریى کەرکووک بپارێزین، ئه‌وه‌شى ڕوویداوه‌ چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین به‌خۆیان بڕیاره‌که‌یاندا بچنه‌وه‌".

News Code 222812

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha