بێ هەڵوێستیی حکوومەتی عێراق میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی کردن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەسەر هێرشە درۆنیەکانى سەر هەولێر سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتن و سزادانی ئەو گرووپانە بگرێتەبەر کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێم لەبارەى هێرشە درۆنییەکانى سەر هەولێرەوە پەیامێکى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".

سەرۆکى حکوومەتى هەرێم دەشڵێت: "ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین".

مەسروور بارزانى بە پێویستى دەزانێت، حکوومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە و دەڵێت: "چوونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕو ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکى حکوومەتى هەرێم داوا لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانى عێراق دەکات، بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵ کردنی ئەو ناوچانەی  بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن.

News Code 222774

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha