بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمش بۆ هەڵبژاردن کە تۆڕەکەی چاودێری پڕۆسەکەی دەکرد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ۲۱-۱۲-۲۰۲۳ دەست بە جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای دیالە کرا و هەمان رۆژ دەنگەکانی ۶۷ وێستگە لە ۱۰۷ هەژمارکران و ئەم ئێوارەیەش کاژێر ۶:۳۰ کۆتایی بە پڕۆسەکە هات.
دوای ئەو جیاکردنەوەیەش دابەشبوونی کورسییەکان لە دیالە بەم جۆرە: لیستی دیالەتونا ۴ کورسی؛ تەقەدووم ۳ کورسی؛ سیادە ۳ کورسی؛ ئیستیحقاقی عەسائیب ۲ کورسی؛ عەزم ۱ کورسی؛ ئەساس ۱ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ۱ کورسی.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی دیالەدا بەشداربوون، بەڵام بە سێ لیستی جیاواز.
بەربژێرەکەی پارتی لەو پارێزگایەدا زیاتر لە ۶۸۰۰ دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام دەنگەکانی بەشی هێندە نەبوون ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە؛ پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان زیاتر ۱۳۰ دەنگی بردەوە، بەڵام ئەوانیش سووتان؛ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە ۲۳ هەزار دەنگی بردەوە، بەڵام بە گوێرەی سیستمی سانتلیگۆ کە کورسییەکان لەسەر بنچینەی دابەش دەکرێن، زیاتر لە ۸ هەزار دەنگیان زیادبوون و ئەوانیش سووتان.
Your Comment