هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک جدین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە، شارەزایانی یاسای دەڵێن هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووری نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەوڵی جدی هەیە بە ئاراستەی دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک، لایەنی تورکمانی و پێکهاتەی سونە فشار بۆ دواخستن دەکەن، کۆمسیۆن بە دەنگدان خۆی یەکلا کردەوە، حکوومەت هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی خۆی دەخاتە بەردەم کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی، تورکیاش لەرێگەی نزیکەکانیەوە فشار دەکات بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ ۱۲/۱۲/۲۰۲۳ دادگای فیدراڵی  عێراق سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە، سکاڵاکە لەلایەن کاندیدێکی هاوپەیمانی (القیادە)ی سونی لە کەرکووک تۆمار کراوە.

نەجاح حەسەن ئیبراهیم، کاندیدی هاوپەیمانی (القیادە)ی سونی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای لە دژی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کردووە، داوا دەکات کۆمسیۆن پابەند بکرێت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای کەرکووک تا ئەو کاتەی وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا دەکرێت.

یووسف محەمەد پەرلەمانتاری پێشوی عێراق و شارەزای یاسای دەستوری لە نوسینێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: داواکاریی دواخستنی ئەنجام دانی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی پارێزگای کەرکووک نەک هەر هیچ پاساوێکی قانونی و دەستوریی نییە، بەڵکو پەسەند کردنی ئەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆز کردنی دۆخی کەرکووک و رێگری کردن لە هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی سەقامگیری هەڵبژێردراو کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە لەخۆ بگرێت.

یوسف محەمەد ئەوە روون دەکاتەوە" لە ماوەی رابردودا دو داوا بە ژمارەکانی ٢٥٦، ٢٦٤/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣ لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کراون و لە لایەن دادگاکەوە یەکخران. ناوەڕۆکی هەر دو داواکە بریتییە لە پابەند کردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تا کۆتایی هاتنی پڕۆسەی وردبینییی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکووک بەپێی مادەی ١٣ لە قانونی هەمواری سێیەمی قانونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٢. واتە ناوەڕۆکی داواکان بریتین لە دواخستنی هەڵبژاردنی کەرکووک تا جێبەجێ کردنی تەواوی بەندی یەکەم لە مادەی ١٣ لە قانونی ناوبراو.

هەوڵەکان بۆ دواخستن

هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک تەنیا لە رێگای دادگای فیدراڵیەوە نیە، بەڵکوو لە هەموو روویەکەوە هەوڵەکان بۆ ئەنجام‌نەدانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک دەستیپێکردووە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغداد بە درەوی ڕاگەیاندووە: هەوڵەکان جدین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک فشارەکان گەیشتوونەتە کۆمسیۆن و حکوومەت و تەنانەت چوارچێوەی هەمانگیش.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پەیوەندی بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆبوونەتەوە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوان لەکۆی ئەندامانی ئامادەبوو چوار بە چوار بوون، واتا چوار کەسیان دەنگیانداوە بۆ دواخستن و چوار کەسیان دەنگیان داوە بۆ ئەندامانی هەڵبژاردن بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆکی کۆمسیۆن لەگەڵ ئەوە بووە هەڵبژاردن بکرێت بۆیە دەنگی ئەو یەکلا کەرەوە بووە بۆ ئەوەی کۆمسیۆن لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.

سەبارەت بە فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستە ڕوو کە هەریەک لەلایەنی سونی و پێکهاتەی تورکمان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن دوابخرێت و ترسیان هەیە کە لایەنە کوردییەکان کورسی زۆری ئەنجومەنی پارێ.گای کەرکووک ببەن، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا فشاری زۆر دەکات و هاتووەتە سەر هێل بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک، بەڵام تا ئێستا چوار چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاکان بەرێوە بچێت بەڵام نازانرێت، دواتر هەڵوێستیان دەگۆڕن یان نا.

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەکاتی خۆیدا دەکرێت ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی دەکەن، ئەو داوایەی پێشکەشی دادگای فیدراڵی کراوە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوری نیە بۆ ئەوەی لە کەرکووک هەڵبژاردن نەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر بیانەوێت هەڵبژاردن لە کەرکووک دوابخرێت دەیان رێگاو بیانوو هەیە بۆ دواخستن، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق راپۆرتی خۆی پێشکەشی کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک، بەڵام تا ئێستا نازانرێت   دەیەوێت چی بڵێت لە راپۆرتەکەیدا بە ئاراستەی ئەنجامدان یان دواخستن.

بڕیارە رۆژی ۱۸ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە بچێت بە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیشەوە کە ماوەی ۱۹ساڵە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە.

News Code 222656

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha