ناوی کورتکراوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان لە 'HEDEP'ـەوە بۆ 'DEM' پارتی گۆڕدرا

بەشی تورکیا- بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، ناوی کورتکراوەی پارتەکە لە 'هەدەپ'ـەوە بۆ  پارتی DEM گۆڕدرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ڕایگەیاند: دوای ئەوەی دادگەی باڵای تورکیا بە نووسراوێکی فەرمی داوای لێکردن ناوی کورتکراوەی پارتەکەیان کە هەدەپە بگۆڕن، رۆژی ۳ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە کۆبووەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی کورتکراوەی نوێ درا.

ئایشەگول دۆغان گوتیشی، لەمەودوا ناوی کورتکراوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەبێتە 'دەم' پارتی.

دادگەی باڵای تورکیا رۆژی ۲۳ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳ لە نووسراوێکدا کە بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپی نارد، ڕایگەیاند ناوی HEDEP بە هۆی لێکچوونی لەگەڵ 'HADEP' ناتوانرێت بەکاربهێنرێت و داوای کرد بگۆڕدرێت.

دادگەی باڵا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کێشەیەک لە ناوی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلاندا نییە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کورتکراوەی HEDEP هاوشێوەی هادەپە کە پێشتر داخراوە. لەو نامەیەدا کە بۆ حیزبەکەی نارد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لێکچوونە دژی یاسای حیزبە سیاسییەکانە، بۆیە پێویستە کورتکراوەی HEDEP بگۆڕدرێت.

هەرچەندە، سەرەتا هەدەپ دژی بڕیارەکەی دادگەی باڵای تورکیا وەستایەوە، بەڵام دواتر رەزامەندی دەربڕی.

News Code 222654

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha