بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێشتا هەرێمی کوردستان و عێراق پێویستیان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان هەیە، چوونکە کێشەی سەرۆکی پەرلەمان و کێشەی بوودجە و شانە نووستوەکانی داعش هەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە نیگەرانییەکانی مووچە تێدەگەن و هیوادارن بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردووە راستە داواکردنی مافەکانیان ڕەوایە، بەڵام دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان دروست نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبونەوەی سەرۆکی یەکێتی و سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لە بارەی مووچە و بوودجە و ئاستی خزمەتگوزاری هاوڵاتیانی عێراق و هەرێم کراوە، دواکەوتنی مووچە لەوە زیاتر خراپە.
باسی لەوەش کرد، یەکێک لە داواکارییەکانی سەرۆکی یەکێتی زیاد کردنی هەوڵەکانە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری هاوڵاتیان زیاتر بکرێت و چارەسەر مووچەکانیان بکرێت.
لە بارەی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی سەعدی پیرە ئەوەی ئاشکرا کرد، لەگەڵ پارتی لەسەر سێ پرس رێککەوتوون، یەکەمیان پاراستنی قەوارەی هەرێم و رێگریکردن لە هەوڵەکانی کەم کردنەوەی قەوارەی هەرێم.
Your Comment