کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم لە ۵۳ مانگدا تەنها ۳۳ مووچەی خەرج کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆی ۵۳ مانگی ڕابردوو، تەنها ۳۳ مانگیان مووچەی تەواوەتی مووچە خۆرانی هەرێمی خەرج کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە لەو سی و سێ مانگە ۱۰ مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، ۱۰ مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە، کۆی ئەو پارانەی خەرج نەکراوە، دەخەمڵێندرێت بە؛

۶  ترلیۆن ۳۰۰ ملیار دینار خەرج‌نەکردنی ۷ مووچەی تەواو

۱  ترلیۆن ۷۰۱ ملیار دینار ۹ مووچە بە لێبڕینی ۲۱%

۱۶۲  ملیار دینار ۱ مووچە بە لێبڕینی ۱۸%

۲  ترلیۆن ۸۲۳ ملیار دینار مووچەی ۳ مانگی ۲۰۲۳ دواکەوتووە.

کەواتە سەرجەم ئەو مووچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە ۱۰ ترلیۆن ۹۸۶ ملیار دینارە.

پاشەکەوت و لێبڕین و خەرج نەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم

لە بانگەشەی هەڵبژانی ۳۰/۹/۲۰۱۸ لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی مووچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ مووچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە ۱۰/۷/۲۰۱۹ەوە، مووچەخۆران لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ۲۰۲۰دا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە خەرج نەکردنی مووچەی مووچە خۆران.

سەبارەت بەو شایستە داراییانەی مووچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمەوە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا نزیک لە ۱۱ ترلیۆن دینارە، جگە لە ڕاگرتنی بەرزە مووچەی فەرمانبەران.

قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی ۲۰۱۵ - ۲۰۱۸ مووچەخۆران ۵ مووچەی تەواویان پێنەدراوە ۲۳ مانگیش چارەکە مووچەو ۱۱ مانگیش بەشێک لە مووچەکانیان پاشەکەوت کرا.

بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی مووچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا مووچەی مانگەکانی ۴، ۵، ۶، ۷، ۸، ۱۱،۱۲ی ساڵی ۲۰۲۰ خەرج نەکرا ۹ مووچەش بە لێبڕینی ۲۱% و مووچەیەکیش بە لێبڕینی ۱۸%ەوە لە ساڵانی ۲۰۲۱ - ۲۰۲۲ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە.

کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی مووچە بە ۹۰۰ ملیار دیناری مانگانە بخەمڵێنین _لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە قەبارەی خەرجی مووچە ۸۹۵ ملیاربووە، بەڵام بەردەوام خەرجی مووچە رووی لە زیادبوون کردووەو بەپێی دواین ئاماری فەرمی وەزارەتی دارایی کە خەرجییەکانی خۆی بۆ شەش مانگی یەکەمی ۲۰۲۳ بڵاوکردەوە بە تێکڕا کۆی خەرجی مانگێکی مووچەی مووچەخۆران سەرو ۹۴۱ ملیار دینابووە_، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی مووچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛

    ۷ مانگ مووچەی بڕاو X ۹۰۰ ملیار دینار = ۶ ترلیۆن ۳۰۰ ملیار دینار

    ۹ مانگ بە لێبڕینی ۲۱%  X ۱۸۹ ملیار دینار = ۱ ترلیۆن ۷۰۱ ملیار دینار

    ۱ مانگ بە لێبڕینی ۱۸%  X ۱۶۲ ملیار دینار = ۱۶۲ ملیار دینار

   لە ئێستاشدا کە پێدەنێینە مانگی ۱۲ی ۲۰۲۳ەوە بەڵام مووچەی مانگەکانی ۹و ۱۰و ۱۱ مووچەخۆران دابەشنەکراوە کە بەرامبەرە بە؛

۳ مانگ مووچەی دواکەتوو X ۹۴۱ ملیار دینار = ۲ ترلیۆن ۸۲۳ ملیار دینار.

کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ ۶ ترلیۆن ۳۰۰ ملیار دینار ۷ مووچەی تەواو+ ۱ ترلیۆن ۷۰۱ ملیار دینار ۹ مووچە بە لێبڕینی ۲۱% + ۱۶۲ ملیار دینار ۱ مووچە بە لێبڕینی ۱۸% + ۲ ترلیۆن ۸۲۳ ملیار دینار مووچەی ۳ مانگی ۲۰۲۳ = ۱۰ ترلیۆن ۹۸۶ ملیار دینار.

بە مانایەکی دیکە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ۵۳ مانگی رابردوودا، تەنها ۳۳ مانگیان مووچەی تەواوەتی مووچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، ۱۰ مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، ۱۰ مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە. وەک لەم خشتەیەی خوارەوەدا ڕوون‌کراوەتەوە.

News Code 222612

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha