بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەفدێکی باڵای یەکێتیی لە شاری سلێمانی بهسهرۆکایهتی بافڵ تاڵەبانی لەچەند دیدارێکی جیاوازدا سەردانی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلام ی کوردستانی کرد.
لهبارهی ناوهڕۆکی کۆبوونهوهکانهوه، بافڵ تاڵەبانی له پهڕهی خۆی له تۆڕی کۆمهڵایهتی فهیسبووک نووسیویهتی: "لەبەرامبەر پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش، داواکرا کورد نەچێتە سەنگەری نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئارامیی هەرێمی کوردستان لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزرێت".
لهبارهی پرسی ههڵبژاردنی پهرلهمانی کوردستان که بڕیاره مانگی شوباتی داهاتوو ئهنجام بدرێت، سهرۆکی یەکێتیی دهڵێت: "داواکرا ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن لاببرێت و هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەوادەی دیارکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت کە ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە و وەڵامدەرەوەی خواستی هەمولایەک بێت. هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لەهاندانی هاوڵاتییانی کورد کرایەوە بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەهێزترکردنی دەنگی کورد لەو ناوچانە".
تاڵهبانی ئهوهشی نووسیوه، "لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و پاراستنی یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنەسیاسییەکان کرایەوە تاوەکوو کورد بەگوتارێکی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات و کار بۆ بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستورییەکان بکات، بۆ ئەمەش کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەگرنگ وەسف کرا".
Your Comment