بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسێکی کۆمپانیای دانا گاز بە ماڵپەڕی ئیراک ئۆیل ریپۆرتی راگەیاندووە: نەدانی شایستەکانمان ھۆکاری دانوستانمانە لەگەڵ بەغداد، ئێمە غاز بە لایەنێک دەفرۆشین پارەمان بداتێ، هەروەها حکوومەتی ھەرێم پێشێلی ئەو ڕێککەوتنەی کردووە کە ھەمانە، ئێمەش ئازادین لە ھەنگاوی خۆمان.
ئاماژەی بەوەش کردووە: هۆکارێکی سەرەکیی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، دواخستنی زۆری پێدانی شایستە داراییەکانیانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشتر رایگەیاندووە "تیمە هونەرییەکانی کۆمپانیای بۆرییەکانی نەوت، بۆرییەکی بۆ گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بە دوو قۆناخ و بەدرێژایی یەک کیلۆمەتر و ۵۰ مەتر راکێشاوە، ئەو هێڵە توانای هەیە رۆژانە ۱۰۰ ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیادبکات".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاکانەوە هەبووە و کۆمپانیای دانەگاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کۆندێنسەیت بەکاریهێناوە و بە دانەگازمان ڕاگەیاندووە، نابێت بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە، گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هیچ شوێنێکی ناوخۆ و دەرەوە هەناردە بکەن.
Your Comment