بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتوویەتی، کارمەندانی تەکنیکی کۆمپانیای پڕۆژەی هێڵی بۆری گواستنەوەی غازیان لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای کەرکووک تەواو کرد کە درێژییەکەی هەزار و ۵۰ مەترە و بە دوو قۆناغ ئەنجام دراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق وتووشیەتی، بۆرییەکە رۆژانە بڕی ۱۰۰ ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ وێستگەی کارەبای کەرکووک و زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، دابین دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، عەلی عەبدولکەریم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێلی بۆری نەوت رایگەیاندووە، هێلی بۆرییەکە، لە هێڵی بۆری سەرەکی وێستگەی جبور-کۆمپانیای غازی باکوور جیا دەبێتەوە بۆ گەیاندنی غاز بە وێستگەی کارەبای کەرکووک و تەواوی کارەکانی پەیوەست بە بەستنی بۆرییەکە تەواو کراون.
جەختیشی کردۆتەوە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای کەرکووک، کۆمپانیای غازی باکوور، کۆمپانیای نەوتی باکوور و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و رێگاوبان و پردەکان بووە.
Your Comment