واجبە لەسەر دەوڵەتانی ئیسلامی بەپێی توانای خۆیان هەوڵ بدەن بۆ پشتگیری لە قەزیەی فەلەستین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت واجبە لەسەر دەوڵەتانی ئیسلامی بەپێی توانای خۆیان هەوڵێک بدەن بۆ پشتگیری لە فەلەستین تەنانەت وڵاتانی وەکوو سووریا و لوبنان کە لە دۆخێکی سەختدان.

کوردپرێس:

خەلیل ئیبراهیم وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەڵویستەکانی حزبەکەی لەبارەی فەلەستینەوە بۆ کوردپرێس ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: قەزیەی فەلەستین قەزیەیەکی ئیسلامی و ئینسانییە هەروەها قەزیەی میللەتێکی موسوڵمانە کە زۆڵمی لێکراوە و عەرزی داگیر کراوە، واجبە لەسەر هەر موسوڵمانێک کە لە هەرشوێنێک بێت هاوسۆز و هاوخەم بێت و پشتیوانی و پشتگیریی قەزیەی فەلەستین بکات. قەزیەی قودس قەزیەی هەموو ئۆمەتی ئیسلامییە نەک هەر قەزیەی گەلی فەلەستین یان قەزیەیەکی عەرەبی و حەماس و تەحریر بە تەنیا. ئەم جوولەکە لەوێ شێرپەنجەیە بۆ هەموو ئۆمەتی ئیسلامی، ئەمە خەنجەرێکی ژەحراوییە کە لە فەلەستین دراوە و وەکوو جسمێکی غەریبە لەناو لاشەی ئۆمەتی ئیسلام کە ناهێڵێت هیچ یەکبوون و یەکڕیزیەک لە ناوچەکە دروست بێت، هەروەها ڕێگری لە دروست بوونی دیموکراسی و گەشە و پێشکەوتن لە ناوچەکە دەکات.

ناوبراو وتیشی: بزووتنەوەی زایۆنی دوژمن و نەیاری هەموو ناوچەکەیە واتا هەموو فیتنە و مەشاکیلی ناوچەکە ئێستا لە ئیسرائیلەوە سەرهەڵئەدات؛ ئێمەش وەکوو کورد دەبێت لە هەموو کەس زیاتر هەست بە ئازار بکەین و بە ئەرکی خۆمان بزانین ئەو قەزیە، ئێمە لەگەڵ قەزیەی فەلەستینی مێژوویەکی درێژمان هەیە کورد هەیە لەوێ شەهید بووە و ئێستاش ژمارەیەکی زۆر کورد لەوێن کە هەر لە سەردەمی باپیرمان سەلاحەددین چوونە ئەوێ و لەوێ ماون و خوێنی خۆیان داوە و لەسەر ئەو خاکە ژیاون و پاراستنی ئەو خاکەیان کردووە.

وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی جەختی کردەوە: کە وایە هەڵویستی ئێمە زۆر زۆر ڕوونە، هەڵویستەکەی ئێمە دینەکەمان لەسەرمانی واجب کردووە کە پشتیوان و پشتگیری فەلەستین بین. لە ڕووی عەقیدە و دین کە قەزیەی ئۆمەتی ئیسلامییە. هەر چۆن جوولەکە لە هەموو دونیا لە کاتێکەوە ئیسرائیل دروست بوو چوونەتە ئەوێ و ئێستا چەند موئەسێساتی جوولەکە لە دونیا پشتگیریی ئیسرائیل دەکەن هەروەها دەبینن چۆن دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژئاوای هەوڵ بۆ پەیدا کردنی پشتیوانی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دەدەن، واجیبە لە سەر موسوڵمانانیش کە پشتیوان و هاوخەم و هاوسۆزی فەلەستین بن و ئەمەش منەتێک نییە بەڵکوو ئەرکە بۆ ئێمە. ئێمە دەبێت بزانین کە قەوارەی زایۆنی لەسەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە مەترسیەکی گەورەیە و ئەمەش دەبێت باش باش بزانین ئەمڕۆ چ ژینۆسایدێک بەرامبەر بە میللەتی فەلەستین دەکرێت و چەند مافی مرۆڤ لەوێ پێشێل دەکرێت و چەندە تاوانی جەنگی ئەنجام دەدرێت و بەهەموو پێوەرەکان پێوەری ئاینی پێوەری قانوون و یاسا و قەراراتی نێودەوڵەتی، پێوەری عورف و ئینسانیەت لەسەر ئێمە واجب دەکات کە پشتیوانی قەزیەی فەلەستین بین.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەکوو زۆربەی میللەتی کورد جگە لە هەندێک کاڵفام کە مەسخ بوونە و هیچ هەستێک بە ئازار ناکەن پشگیری فەلەستینە، بزووتنەوەی کوردی کاتی خۆی دروست بوو زۆر نزیکی لەگەڵ بزووتنەوەی فەلەستینی هەبوو و ئیستفادەی زۆریان لەیەکتر دەکرد و تەجروبەی یەکتریان ئاڵوگۆڕ دەکرد و دۆستایەتی لەناو قیاداتی حەرەکەی فەلەستینی و کوردیدا هەبوو، زۆر باس دەکرا لە دۆستایەتی مام جەلال لەگەڵ جورج حەبەش یان قیاداتی فەلەستینی.

خەلیل ئیبراهیم دەشڵێت: ئێمەش چ وەکوو ئینسان چ وەکوو بزووتنەوەیەکی ئیسلامی چ وەکوو حیزبێکی کوردی ئێمە پشتگیرین بۆ قەزیەی فەلەستین و دۆعایان بۆ دەکەین. ئێمە بەیاننامەی زۆر زۆرمان دەرکردووە و گربوونەوەی ناڕەزایەتیمان هەبوو لە مەڵبەندەکانی خۆمان لە زۆربەی پارێزگاکان و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ژینۆسایدە کە لەسەر غەزە دەکرێت ئیدانەمان کردووە و هاورمان کردووە و لە هەموو خەڵک داوامان کردووە کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و ئەم بابەتە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان بزانن. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت بە زووترین کات ئەم توندڕەوی و تاوانەی ئیسرائیلە بوەستێنێت و ئیدانەشی بکات.

وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر هەڵویستەکانی ئێران لەبارەی پرسی غەززە و فەلیستەنەوە دەڵێت: لەبارەی ئێرانیشەوە دەبێت بڵێم، هەڵوێستی ئێران جێگا سوپاس و پێزانینە و ئەوە هیچ عەیب نییە. ئێران پشتگیری زۆر قەزایای ئیسلامیی کردووە بۆ نموونە لە بۆسنی و لە چیچن و هتد کردووە. ئەوەی کە ئێران پشتگیری حەماس و جیهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵا بکات ئەمانە جێگای ڕێز و تەقدیرە و جوزئێکە لە ئەرکی کۆماری ئیسلامی و هیچ عەیب نییە. ئەو قسانەش کە ئەڵێن حەماس نابێت پشتگیری بکرێت چوونکە ئێران پشتگیری دەکات، ئێران باسی موقاومەی دەکات و حەماس حەرەکەیەکی ڕزگاریخوازە و هەرکەسێک کە یاری بدات هەم حەماس هەم میللەتی فەلەستینی سوپاسی دەکەن. واجبە لەسەر دەوڵەتانی دیکەش وەکوو میسر و ئۆردن و هەموو دەوڵەتانی ئیسلامی تەنانەت سووریا و لوبنانیش سەرەڕای ئەو کێشانەی کە هەیان واجیبە لەسەریان بەپێی توانای خۆیان هەوڵێک بدەن چوونکە بەتایبەت ئەو دوو دەوڵەتە دەوڵەتی دراوسێی فەلەستینن و سنووریان هەیە لەگەڵیان.

ئەو هاوکارییەی ئێران بۆ حەماس شتێکی زۆر زۆر گرینگە بۆ ئێمە وەکوو یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جێگای تەقدیر و و پێزانینە و ئەمەش بابەتێکی زۆر سروشتیە. قەتعەن نابێت ئەمە ببێتە بیانوو کە ئێمە پشت لە حەماس دەکەین چوونکە ئێران پشتیوانی دەکات، چ بزووتنەوەیەکی کوردی هەیە کە ئێران پشتیوانیی نەکردبێت و بەهانای نەهاتبێت و نەبووبێتە جێگای پەنابەری بۆیان.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: ئێمە وەکوو یەکگرتوو هەڵویستمان ڕوونە و پشتیوان و پشتگیری قەزیەی فەلەستین دەکەین، قەزیەی فەلەستین لای ئێمە قەزیەی ئۆمەتی ئیسلامییە. ئەوەی ئێستا یەهوود دەیکات داگیرکارییە و تاوانی جەنگی و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و ژینۆسایدە. هەر سێی ئەم تاوانانە دەکەونە سەرشانی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەبێت ئیسرائیل مەحکووم و موحاکیمە بکرێت لەسەر ئەو جەرائیمانە.

News Code 222359

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha