تورکمانەکان داوا دەکەن دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی یەکێتی ڕەت بکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای فیدرالی عێراق لەبارەی ئەو سکاڵایەی یەکێتی کۆ دەبێتەوە کە دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم  بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە پشکی تورکمانەکان بە نوێنەرایەتی سێ پارتی تورکمانی داوا دەکات دادگای فیدرالی سکاڵاکەی یەکێتی ڕەت بکاتەوە و دەڵێت، ئەگەر سکاڵاکە پەسەند بکرێت پێکهاتەی تورکمان هیچ کورسییەکی لە پەرلەمانی کوردستان نابێت و ئەوەش "کاریگەری لەسەر ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییە دروست دەکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە."

سکاڵاکان دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، یەکێکیان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان‌ ئەوی تریان لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.

دادگای فیدراڵی هەردوو سکاڵاکەی یەک‌خستووە، سکاڵاکان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێم ‌و سەرۆک وەزیرانی هەرێم تۆمار کراون.

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی سێ پارتی تورکمانی (پارتی ئیرادەی میللی تورکمانی، پارتی تورکمان ئیلی، بەرەی تورکمانی عێراقی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی سکاڵاکانەوە رایگەیاند: "داواکراوە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ۱۹۹۲ بکرێت؛ ئەگەر هەڵبژاردن بەم یاسایە بکرێت، پێکهاتەی تورکمان هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نابێت و لە هەڵبژاردنەکە بێبەش دەبێت، چوونکە لە یاساکەدا، هەر پێنج کورسییەکەی کۆتاکان بەسەر پێکهاتەکانی کلدانی، سریانی و ئاشوری دابەش کراون."

ئایدن مەعروف وتیشی: "هەندێک لایەنی دیکە داوایان لە دادگای فیدراڵی کردوە، هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان بە هەمان یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۱۸ـی پەرلەمانی عێراق بکرێت؛ ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ئەو یاسایەش بکرێت، بە هەمان شێوە پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنەکە بێبەش دەکرێت. کەواتە بە هەردو یاساکە تورکمانەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان بێبەش دەبن".

بەوتەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، "هەندێک لایەن دەیانەوێت بابەتەکە تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکەن و بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکاربهێنن." وتیشی: "داوا دەکەین دادگای فیدراڵی ڕەچاوی بارودۆخی پێکهاتەکان بکات و ئەم سکاڵایەنە رەتبکاتەوە. ئەم بابەتە تایبەتە بە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمان دەتوانێت گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردندا بکات. پێمانوایە هەر بڕیارێک لە دژی پێکهاتەکان بدرێت، کاریگەری لەسەر ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییە دروست دەکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و شانازی پێوە دەکەین".

ئایدن مەعرووف جەختی کردەوە: "پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە هیچ لایەنێک ناکەن".

 وتیشی: "بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان زۆر گرنگەو پێویستە پشتیوانی لە بەشداری کردنیان بکرێت".

News Code 222313

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha